بەهۆی خواردنی فەلافلەوە لە چێشتخانەیەکی پارێزگای میسان، 107 کەس ژەهراوی بوون.
ئەمڕۆ شەممە 3-9-2022، محەممەد کینانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان رایگەیاند، لە چێشتخانەیەکی شاری مەجەر لە پارێزگای میسان و بەهۆی خواردنەوە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 107 کەس ژەهراوی بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان گوتی، ئەو چێشتخانەیە بێ مۆڵەتە، پشکنین کراوە و پشکنینەکەش رەوانەی تاقیگە کراوە بۆ زانینی هۆکاری ژەهراویبوونەکە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 2-9-2022، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای میسان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی خواردنی فەلافلەوە لە چێشتخانەیەکی شاری مەجەر 89 ژەهراویبوون تۆمارکراون.
پۆلیسی میسان گوتی، ئەو هاووڵاتییانە چارەسەریان وەرگرتووە و زۆربەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە؛ ئەوانەشی ماونەتەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و چێشتخانەکەش داخراوە.
ساڵی رابردوو رووداوێکی هاوشێوە لەو پارێزگایە روویدا، کاتێک سەرەتای مانگی 11 نزیکەی 300 کەس دوای ئەوەی لە چێشتخانەیەکی شاری عەمارەی سەنتەری پارێزگای میسان بە ناوی “فلافل العطشان” فەلافلیان خوارد، ژەهراویبوون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا.