د. عوسمان حسەین: لە مەلەکردندا باشترە ناوگوێ تەڕ نەبێ

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

مەلە، وەرزشێکی زۆر بەسوودە بۆ جەستە؛ پزیشكان چەند ئامۆژگاری و راسپاردەیەکیان هەیە تا خەڵک پارێزراو بن. بەر لە مەلەكردن پێویستە وریا بیت لەوەی نابێت بە گەدەی زۆر پڕ یان بەگەدەی بەتاڵ بیکەیت؛ مەلەكردن لە هەر تەمەنێکدا بێت زیانی نابێت بەڵکو بە پێچەوانەوە چەندین سوودی دەبێت.

لە وەرزی هاوین ئارەزوو بۆ مەلەکردن زیاد دەبێت، مەلەكردنیش لە مەلەوانگە بێت یان چەم و ڕووبارەکان، بە هۆی گەرمای ئەم چەند رۆژەشەوە خواستێكی زۆر بۆ مەلەكردن زیادی كردوە، بەڵام د. عوسمان حسەین پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ چەند ئامۆژگارییەكی هەیە بۆ ئەوانەی كە مەلەوانی ئەنجامدەدەن و دەڵێت: پاش مەلەکردن گوێ ی هەندێ کەس بە دوور نابێت لەکێشە بۆیە دەبێت وریابن و یەکێک لە کێشەکانیش هەوکردنی گوێی دەرەوەیە: کاتێک ئاو دەڕواتە ناو گوێی کەسی مەلەکەرەوە ئیتر خوران دروست دەبێت، ئەمەش وای لێ دەکات پەنا ببات بۆ هەرشتێک کە بەردەست بێت بۆ خوراندنی گوێی وەک سویچی ئۆتۆمبیل لە پیاواندا و تەوقەی قژ لە خانماندا یان گوێ پاککەرەوە، خوراندنی ناو گوێ بەو ئامرازانە ڕوشان دروست ئەکات هۆکارە بۆ هەوکردنی گوێی دەرەوە. هەر بۆیە کەسی توش بوو دەناڵێنێ بە دەست خوران و کپ بوون، وە ئازارێکی زۆر توند تاوەکو تووش نەبی نازانی ئەو ئازارە چەند قورس و بێزارکەرە تەنانەت وا لە کەسی توش بوو دەکات سڵ بکاتەوە لەنان خواردن و قسە کردنیش، هاوکات ئاوسان لە کەناڵی گوێ و دەورووبەری ڕوو دەدات.
د. عوسمان حسەین ڕێنمایی ئەو كەسانە دەكات كە مەلە دەكەن باشترە خۆیان بپارێزن لە تەڕبوونی گوێ بە هەر ڕێگایەک بێت بۆ نموونە بەکارهێنانی لاستیکی پاراستن لە تەڕبوون (قاڵب). هەربۆیە دەشڵێت: ئەگەر ئاو ڕۆشتە ناو گوێ ئەوا باشترە سەر لار بکرێتەوە و بەدەست ڕاوەشاندنی گوێ تاوەکو ئاوەکە دێتە دەرەوە و بە پارچە قوماشێکی پاک ونەرم بەشی دەرەوەی گوێ وشک بکرێتەوە.
جەختیشدەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەک گوێ پاککەرەوە بەکار نەهێنێنرێت، و ئەکرێت لەو کاتەدا وشککەرەوە (مجەفیفە) بەکار بهێنرێت. مەلە نەکردن لە ئاوی پیسدا لەبەر ئەوەی ئەگەری هەوکردن زیاتر ئەکات. هاوكات دەکرێت دەرمانی ئازار شکێن بەکار بهێنرێت تاوەکو سەردانی پزیشکی پسپۆر دەکرێت، ئەویش چارەسەری پێویستی بۆ بکات کە( فتیلە) دانان لە کەناڵی گوێ کاریگەرترینە بۆ زوو چاک بوونەوە.

ھەواڵی زیاتر