نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش تەواو بووە و سەرەتای مانگی داھاتوو ڕادەست دەکرێت 

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش تەواو بووە و بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو ڕادەست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمیی داوامان لە حکوومەت کردووە کارمەند و پێداویستی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین بکات و وەزیری تەندروستی ڕازیە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە.

دکتۆر سەباح زێباری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئێمە وەکو لیژنەی تەندروستی و نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە ئاکرێ و بەردەڕەش سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەشمان کردووە، کە تەواو بووە و ٩ی١ ڕادەست دەکرێت، بەڵام پێویستی بە پێداویستی ھەیە وەکو ژووری نەشتەرگەری و ئامێری پزیشکی، ئەوانە ھەموو پێویست و جگە لەوەش پێویستە کادیرێک کاری لەسەر بکات، کە لە ٢٠١٤ تا ئێستا تەنھا پزیشکی گشتی دادەمەزرێن و کادیری پزیشکی دانەمەزراون و لە ھەموو شوێنێک پێویستی پێ ھەیە، بۆیە داوای لە حکوومەت کردووە بە فەرمیی لە رێگەی پەرلەمان ھەندێک پلەی وەزیفی بۆ بەردەڕەش دامەزرێن و پێداویستی بۆ دابین بکرێت”.

دکتۆر سەباح زێباری گوتیشی: “وەزیری تەندروستی ڕەزامەندە بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە، بۆیە چاوەرێی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین ڕەزامەندی بدات، زێباری باسی لەوەشکرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت پێداویستی دابین بکات و حکوومەت ھەرچی لە توانای ھەبێت دەیکات، چونکە ئەم کابینەیە ئەو نەخۆشخانەی دروست کردووە بۆیە حکوومەت ئەوەی لە توانای ھەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی لەو نەخۆشخانەیە دەیکات “.

ھەواڵی زیاتر