دکتۆر کارزان کازم:وا باشترە منداڵ زوو خەتەنە بکرێت

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

خەتەنە پرۆسەیەکی ئایینی و کەلتوری باوە کە لە نێوان چەندین ڕەگەز و نەتەوەدا ئەنجام دەدرێت، خەتەنە بۆ كوڕان بریتییە لە بڕینی ئەو پێستەیە کەبەسەر زەکەرەوەیە ودایپۆشیوە، و بۆ كچانیش: بڕینی بەشێکە لە گۆشتی سەرەوەی داوێن کەدەکەوێتە سەرەوەی جێگای میز کردنەوە.بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەک یەکەم وڵات لە ناوچەکە لە رێکەوتی (٢١-٧-٢٠١١) لە یاسای ژمارە(٨)ی توندوتیژی خێزانیدا، پەرلەمانی كوردستان خەتەنەکردنی مێیینەی وەک توندوتیژی ناوبرد و قەدەغەی کرد، سزای یاسایی بۆ ئەنجامدەرانی دیاریکرد.

بەهۆی ئەوەی زۆرینەی هاووڵاتیان لە وەرزی هاویندا هەوڵدەدەن منداڵیان خەتەنە بكەن، پێویستە ئاگاداری ڕێنماییەكانی پزیشكانیش بن.ئەم پرۆسەیە بە نەشتەرگەری بچووک دادەنرێت و زۆربەی کات لە رێگەی بەنجی خۆجێیی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەتەمەنی گەورە و هەندێ حاڵەتی تایبەت لە ژێر بەنجی عامدا دەکرێت.
لە ڕووانگەی ئایینی ئیسلامەوە شارەزایانی ئایینی ڕوونیدەكەنەوە كە دروستە منداڵ جگە لەڕۆژی حەوتەمی لەدایکبووندا خەتەنە بکرێت بەمەرجێک نەگات حەدی کۆتایی کەبالغ بوونە، چونکە خەتەنەکردن لەڕۆژی حەوتەمدا سوننەتە و کەمترین تەمەنە بۆ خەتەنەکردن.
دکتۆر کارزان کازم پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان جەختدەكاتەوە كە وا باشترە منداڵ زوو خەتەنە بکرێت، لە هەفتەی یەکەم یان له مانگی یەکەم، چونکە لەو ماوەیە هەست کردن بە ئازار کەمترە و چاک بوونەوەی برینەکەشی خێراترە.
دکتۆر کارزان کازم پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان لە بارەی سوودەكانی خەتەنەوە دەڵێت:
• توێژینەوەکان دەریانخستووە رێژەی تووشبوون بە هەوکردنی رێڕەوی میز کەمترە لەو کەسانەی خەتەنەکراون.
• رێژە و ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشیانە کەمدەکاتەوە کە لە رێگەی سێکس دەگوازرێنەوە وەک ئایدز و گۆنۆریاو سفلس و هتد.
• ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی چووک کەمترە لەوانەی خەتەنەکراون.

لە چ حاڵەتێک خەتەنە نابێ بکرێت:
• ئەگەر منداڵەکە باری تەندروستی ناجێگیربوو یان زۆر ناکام بوو.
• ئەگەر چووکی بچووک بێت.
• ئەگەر حاڵەتی پەریبڕی هەبێت (hypospadias) واتە دەرچەی میزکردنی لە جێگەی خۆی نەبێت.
• ئەگەر قەڵەوبێت و چووکی داپۆشرابێت.
• ئەگەر ناتەواوی و شێواوی لە چووکدا هەبێت و پێویستی بە نەشتەرگەری راستکردنەوە و جوانکاری هەبێت.

ماک و ئاڵۆزیەکانی دوای خەتەنەکردن:
• خوێنبەربوون؛
• هەوکردن؛
• تەسکبوونەوەی رێڕەوی میز؛
• کەمبڕین یان زیادبڕینی پێستەکە دەبێتە هۆی ناتەواوی خەتەنە.
ئایا خەتەنەكردن ئارەزووی سێكس كەمدەكاتەوە؟
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشكانی زانکۆی کووین لە کەنەدا دەریدەخات هەستیاری ئەو پیاوانەی خەتەنەکراون هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە خەتەنە نەکراون، لە رووی هەستکردن بە دەستلێدان، پلەی گەرمی و ئازار لە کۆئەندامی زاوزێ بە گشتی و “چووک” بەتایبەتی.
د.جێنیفەر بۆسیۆ دەڵێت: “راستەوخۆ لە کاریگەری خەتەنەکردن لەسەر’هەستیاریی چووک’ـ کۆڵیوینەتەوە و بۆمان دەرکەوتووە کە خەتەنەکردن “سونەتکردن” لەکاتی منداڵی، دوایی نابێتەهۆی کەمکردنەوەی چێژوەرگرتن لە سێکس”.

ھەواڵی زیاتر