پیسداگەڕانی ژینگە هەڕەشە لە تەندروستی دەکا

ژینگە، هەموو ئەو بابەتە جیاوازنە دەگرێتەوە کە لە دەوروبەری مرۆڤدا هەن و مرۆڤ هەستیان پێ دەکات، وەکو ئاو و هەوا و خاک و گیاندار و بێگیان و هەموو ئەو پێکهاتانەی کە سروشتیان پێک هێناوە. کاتێک هاوسەنگی هەر یەکێک لەم بابەتانە تێک دەچێت، بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، کاریگەری جیاواز لەسەر ژینگە دروست دەکەن و ئەم گاریگەریەش بە تێکدان و پیسداگەڕانی ژینگەی دەوروبەر ناو دەبرێت و زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.

پیسداگەڕانی ژینگە بریتیە لە هەر چالاکییەک، گۆڕانکاری یان دەستکارییەک لە لایەن مرۆڤەوە لە ژینگەدا کە ببێتە هۆی زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بوونەوەران.

کە ئەمەش گرفتێکی گەورەی جیهانی و ژینگەییە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستیی تاک؛ کار لە هەموو کەسێك دەکات، با لە وڵاتانی پێشکەوتوویشدا بژین یان دواکەوتە، فەرق ناکات؛ وا دەخەمڵێندرێت ساڵانە پیسداگەڕانی ژینگە کار لە تەندروستی نزیکەی ٢٠٠ملیۆن کەس بکات.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە پیسداگەڕانی ژینگە بە هەموو جۆرەکانیەوە ساڵانە نزیکەی ٩ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئێستا پیسداگەڕانی ژینگە لە ساڵێکدا نزیکەی هەمان ژمارەی ئەو کەسانە سەرانسەری جیهان دەکوژێت کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانیان دەردەچێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتوە پیسداگەڕانی هەوا بەهۆی پرۆسە پیشەسازییەکان و فراوانبوونی شارەکان نزیکەی ٧٥%ی گیان لەدەستدانەکانی پێک هێناوە، هەروەها پیسداگەڕانی هەوا بووتە هۆی هەڵکشانی ٪٧ی هەموو مردنەکانی پەیوەست بە پیسداگەڕان لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩.
جۆرەکانی پیسداگەڕانی ژینگە زۆرن:
-پیسداگەڕانی خاک
-پیسداگەڕانی ئاو
-پیسداگەڕانی هەوا

  • ژاوەژاوە و دەنگەدەنگی نەساز
  • ڕووناکی و تیشک و شەوقی لەڕادەبەدەر
  • کرێتداگەڕانی ژینگە
    هەرێمی کورستانیش بەم دواییە پێشکەوتنێکی باشی تاڕادەیەک لە بواری پیشەسازی و دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت بەدەست هێناوە، هەرچەند ئەمانە سوودیان بۆ هاونیشتمانیان هەبووە، بەڵام لەو لایشەوە بە هاونیشتمانیان گەیاندووە و ئەویش بە پیسکردنی ژینگە.
    هاوکات جگە لە پاڵاوگە نەوتییەکان لە کوردستاندا هۆکارەکانی تری پیسداگەڕانی ژینگە گەلێ زۆرن؛ لەوانە: کارگە جیاوازەکانی وەبەرهێنان کە زۆرینەی کارگەکان هۆکارن بۆ پیسداگەڕانی ژینگە و هەوای دەوروبەر؛ هەروەها زیادبوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی ئۆتۆمبێل و بە شێوەیەکی دیاریش، پیسکردنی ڕاستەوخۆی ژینگە سروشتییەکەی کوردستان لەلایەن گەشتیارانەوە کە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و هیچ هۆشیارییەکی ژینگەیییان نیە بۆ پاراستنی خاوێنی ژینگەی ناوچەکان و لەم چەند ساڵەی دواییدا پیسداگەڕانی سەیرانگاکان بووەتە دیاردە؛ فڕێدانی دەبەئاوی پلاستیک و فڕێدانی پاشخوان و پاشماوەی خۆراک و شتی تر، دیمەنی جوانی ناوچە گەشتیارییەکانی شێواندووە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ژینگە و، ئاو و خاکی ئەو ناوچانەی لێ پیس کردووینە.
    لە ساڵنامەی هەرێمی کوردستاندا ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێک، بە رۆژی ژینگە دەستنیشان کراوە؛ ساڵانە دەستەی ژینگە هەفتەی چالاکی ژینگەیی رێک دەخات بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.
ھەواڵی زیاتر