چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شارەزایەكی كەشناسی : ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر پاڵەپەستۆی گەرمای ساڵانەی هیندی

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

گەرمداگەڕانی زەوی، واتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تەواوی بەرگەهەوای گۆی زەوی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە ڕاددەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەهۆی چوونە ناوەوەی ئەو هەموو گازانەی کە لە ڕێگەی سووتانی سووتەمەنییەکانەوە دەچێتە ناو بەرگەهەوای زەوی و دەبێتە هۆی قەتیسکەوتنی گەرما و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی توانەوەی ناوچە بەستەڵەکەکانی گۆی زەوی.

سەلمێنراوە کە هەموو سەد ساڵ جارێک جیهان ٢ پلەی سەدی گەرمتر دەبێت.بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، دیاردەی هەڵمکردن زیادی کردووە و بڕێکی زۆر لە ئاوی دەریا و زەریا و رووبار، دەبێتە هەڵم و دەچێتە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە. بەمەش ئەگەری بارینی بارانی زۆر و بەخوڕ زیاد دەکات و دەبێتە هۆی هەڵسانی لافاو.
هەڵسانی ئەو جۆرە لافاوانەش دەبێتە هۆی ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاک کە چینە بەپیتەکەی خاکە و زەوییەکە دەشواتەوە و بەمەش دەبێتە زەوییەکی بێکەڵک و بێپیت.
نموونەی ئەم جۆرە لافاوانەش ساڵی پار لە کوردستان زۆری کردبوو بە تایبەتی لە پارێزگای ھەولێر بارانی بەخوڕ باری، بارانی زۆر و لێزمەی تەرزە، بووە هۆی هەڵسانی لافاو لە چەند گەڕەک و ناوچەیەک. لە شاری سلێمانییش هەر بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، لافاو لە چەند ناوچەیەک هەڵسا.
توێژینەوەیەکی نوێ دەری‌خستووە، گەرمداگەڕانی زەوی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، حاڵەتەکانی مردنی بە رێژەیی ٧٤٪ زیادی کردووە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری لانسێت بڵاو کراوەتەوە و تێیدا پزیشکان پەیوەندییان لەنێوان بەرزبوونی پلەکانی گەرما و مردن ئاشکرا کردووە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تاوەکو ٢٠١٦ مردن بەهۆی گەرمداگەڕانی کەشوهەواوە بە رێژەی ٧٤٪ زیادی کردووە؛ چونکە پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە گەرمداگەڕانی زەوی ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكان زیاتر دەكات؛ هاوكات لەگەڵ زیادبوونی مێرووەكان، هەروەها گەرمداگەڕانی ئاوی دەریا و ڕووی ئاوەكانی تر ئەگەری پەتای كۆلێرا زیاد دەكەن لەگەڵ زیادبوونی بەكتریای زیانبەخش كە زیان بە خۆراكی دەریایی دەگەیێنن.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگرتن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، تەنیا لەو وڵاتە ساڵانە بەهۆی گەرمداگەڕانی کەشوهەواوە ٦٠٠ کەس دەمرن.
توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی سەر زەوی گاریگەریی خراپی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەبەر ئەوەی بەرزی پلەی گەرمی کەشوهەوا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی خۆراك، تێكچوونی كەش کە ئەمانەش هۆكارن بۆگەلێك نەخۆشی وەكو: لە خۆچوون و وشكداگەڕانی لەش یان كەمداگەڕانی شلەی لەش، توندبوونی نیشانەكانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان.
ئاكامێكی تری گەرمداگەڕانی زەوی بریتییە لە خراپداگەڕانی كوالیتی هەوا لەبەر ٣ هۆكاری سەرەكی كە بریتین لە تیشكی خۆر، هەوای گەرم، لەگەڵ پیسداگەڕانی هەوا كە لە دەستكردی خودی مرۆڤە و ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات و نیشانەكانی نەخۆشی دڵ و كۆئەندامی هەناسە بەتایبەتی ڕەبۆ توندتر دەكات.
لە هەرێمی كوردستانیش بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پێوەندە بە هۆكارە ناوەخۆیی و جیهانییەكان، ئەژی چەتۆ شارەزای كەشناسی دەڵێت «ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر پاڵەپەستۆی گەرمای ساڵانەی هیندی كە هەموو ساڵێك هەڵدەكات و لە مانگی حوزەیران دەگاتە هەرێمی كوردستانیش ئەگەر ئاستی پاڵەپەستۆكە زۆر بەرز بێت» هەروەها گوتیشی « لە هەرێمی كوردستان هیچ ئامارێكی دروست نییە لەسەر رێژەی سەوزایی كە هۆكارێكی سەرەكییە لە دابەزینی پلەی گەرما، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان رێژەی سەوزایی لە نێوان ٨٪ بۆ ١٠٪یە.»