چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سوودی شیری دایک بۆ ساوا و شیردان بە ساوا بۆ دایک

هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی ئابی هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە، وه‌ك هه‌فته‌ی شیردانی سروشتی دایك به‌ كۆرپه‌ دیاریكراوه، بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر به‌ شیردانی سروشتی و هاندانی دایكان بۆ ئەو مەبەستەش له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌ 170 وڵات یادی ده‌كرێته‌وه‌، تاكو دایكان شیری سروشتی بۆ كۆرپه‌كانیان بكه‌نه‌ خۆراكی یه‌كه‌م.

هه‌فته‌ی جیهانیی شیری دایك هه‌موو ساڵێك له‌ 1-8 بۆ 7-8 رێک دەخرێت وه‌ك په‌یامێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ له‌ باره‌ی سووده‌ سرووشتییه‌كانی شیری دایك هه‌م بۆ منداڵه‌كه‌ و هه‌م بۆ دایكه‌ شیردەرەکە‌.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختدەكاتەوە كە پێویستە کۆرپە لەماوەی سەعاتی یەکەمی لەدایکبوون شیری دایکی پێبدرێت؛ هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت ئەو شیردانە بەردەوامبێت تا شەش مانگی یەكەمی تەمەنی و، دوایی لەگەڵ خۆراكی تەواوكاریشدا تا تەمەنی دوو ساڵ پێویستە دایكەكە بەردەوامبێت لە شیردان بە کۆرپەکەی.
پزیشكانیش جەختدەكەنەوە كە شیری دایک، خۆراکی نموونەییە بۆ کۆرپە و منداڵ، چونکە هەموو رەگەزە خۆراکە گرنگەکانی تێدایە و خۆراکێکی سەلامەتە، هەروەها بڕێكی باش لە دژەتەنەکانی تێدایە و سیستمی بەرگری بەهێز دەکات و رێگری لە تووشبوون بە سکچوون و هەوکردنی توندی سیپەلاک دەکات، کە دوو هۆکاری سەرەکی مردنی منداڵە لە هەموو دنیادا.
دكتۆرە ناسكە عەبدولقادر دزەیی پسپۆڕی تەندروستیی كۆمەڵ و بەرپرسی بەشی خۆراك لە بەڕێوبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستی ڕوونی كردەوە ساڵانە لەسەرەتای مانگی ئابی هەموو ساڵێك وەكبەرنامەی كاریان بەردەوام هەڵمەتی هۆشیارییان هەیە بۆ ئەوەی هانی دایكان بدەن شیری خۆیان بدەنە ساواكانیان بۆئەوەی نەوەیەكی تەندروست و باش لەكۆمەڵگە پەروەرد بكرێت.
د. ناسكە دزەیی ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لەكاتی شەش مانگی سەرەتای ژیانی ساوا هیچ جۆرە خۆراكێك و دەرمانێك نەدرێت پێی، تەنها بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست دەتواندرێت شروبی پێبدرێت ئەوەش بەڕواێژی پزیشك، دواتر لە دوای شەش مانگ شیرپێدانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ زیادكردنی هەندێك خۆراكە تەواوكارەكان، بەمەش ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵی بەڕێژەی 19% كەم دەكاتەوە.
سوودی شیری دایک بۆ ساوا:
شیری دایك گونجاوترین پێكهاتەی خۆراكییە كەوا هەمیشە ئامادەیە و ئاسانە بۆ هەرسكردنی ساواكە، جگە لەوەش ئەم سوودانەی هەیە:
• شیری دایك هەموو ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی تێدایە كە بۆ گەشەی ساوا پێویستن و بە بڕی پێویست بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەست دەكەوتنیشی ئاسانە.
• شیردانی پوخت پاڵپشتی لە سیستەمی بەرگری ساوادەكات، هەروەها لە گەشەی نمونەیی جەستە و ئەقڵی ساوا.
• ئەو منداڵانەی كە شیرپێدانی پوختیان پێدراوە بەڕێژەی كەمتر تووشی سكچوون و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن، بە بەراورد بە منداڵانی تر.
• بەریەككەوتنی پێستی دایك و منداڵیارمەتی دەدات بە گەرمی بمێنێتەوە و ڕێگری دەكات لە دابەزینی پلەی گەرمی لەشی ساوا.
• یارمەتیی بەهێزكردنی پەیوەندی سۆزداری نێوان دایك و ساواكەی دەكات.

سوودی شیردانی کۆرپە بۆ دایك:
• شیردانی سروشتی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون و، پاراستنی دایكلە كەمخوێنی.
• یارمەتی دوواكەوتنی دووگیان بوون دەدات.
• دایك دەپارێزێت لە قەڵەوی، هەوەها گەڕانەوەی لەشی دایك بۆ باری سروشتی بەر لە دووگیانکەوتن.
• دایك دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ خانەوادە:
• لەڕووی دارایی یارمەتی داهاتی خانەوادە دەدات چونكە پێویست بەكڕینی ناكات.
• یارمەتی كەمبوونەوەی توشبوون بە نەخۆشی دەدات، واتە كەمتر بە كڕینی دەرمان و چارەسەری.
• پەیوەندیی خێزانی پتەودەكات.

سوودی شیردان بۆ كۆمەڵگە:
• شیردانی سروشتی یارمەتیی گەشەكردنی نەوەیەكی تەندروست دەدات، لە سەرچاوەی مرۆیی بۆ كۆمەڵگە، هەروەها یارمەتیی گەشەی ئابووری كۆمەڵگەش دەدات.
• هاوڕێی ژینگەیە و هۆكار نییە بۆ پیسبوونی ژینگە.

زیانەكانی دواخستنی شیری دایك بە ساوا:
• ئەگەر منداڵ لە ماوەی كاتژمێری یەكەمی لەدایكبوونیدا شیری دایكی وەرنەگرێت، ئەوا بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی ژەك كە زۆربەسوودە بۆ ساوا. ژەك جۆرێكی تایبەتی شیری سروشتییە كە لە چەند رۆژی یەكەمی دوای لەدایك بوونی ساوا دروست دەبێت و شیرێكی خەستە و ڕەنگی زەردە پاش چەند ڕۆژێك ئەو ژەكە دەبێتە شیری سروشتی.
• دواكەوتنی دەستكردن بە شیردانی سروشتی هەلی تووشبوون بە هەوكردنەكان و مردنی تازە لەدایكبووان زیاتر دەكات.
• دایك لە كاتژمێری یەكەمی منداڵبووندا بەئاگایە، بۆیە لە توانایدا هەیە شیری خۆی بدات بە ساواكەی، پاشان تۆزێك بحەسێتەوە و دەربازی بێت لە ئازاری منداڵبوون.
• منداڵ لە سەعاتی یەكەمی لەدایكبوونیدا چالاكە و ئارەزووی شیرخواردن دەكات، بۆیە دواخستنی كرداری شیردان بە ساوا ئەم حەزەی لاكەمدەكاتەوە و ساوا بە مەمكی دایكیەوە نالكێت.
• دواكەوتن لە پێدانی شیری دایك ئەگەری دواكەوتنی وێڵاشی هەیە و، خوێنبەربوونیش زیادبكات.

ئەو خۆراكانەی شیری دایك زیاد دەكەن:
شیری دایك تەنیا بە خواردنی باش زۆر دەكات و ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەش دۆخی دەروونیی دایك لە سەر زۆر و كەمبوونی شیرەكەی گرینگی زۆری هەیە. ئەو خۆراكانەش دەتوانن شیری دایك زیاد بكەن:
• میوە و سەوزە كاریگەری باشی هەیە بۆ ئەوەی شیری دایك زیاد بكات، هەربۆیە واباشە لە دوای نانخواردنی ئێواران زۆر میوە و سەوەزە بخورێت بۆ ئەوەی بۆشەو شیرێكی زۆر ئامادەبێت بۆ ساواكەت.
• ئاو و دۆ، لەو خواردنەوانەن كە زۆر خێرا شیری دایك زۆر دەكەن و ئەوەش بە تایبەتی شەوان پێش خەوتن، دەبێ دایك چەند پەرداخ ئاو یان دۆ بخواتەوە.
• لەگەڵ قازانجی زۆری ئەو خواردنە ساكارانە بۆ سەر شیری دایك خورادنی بەردەوامی گۆشتی ماسی، هێلكە و دانەوێڵەكان وەك نیسك و نۆك، برنج و پەتاتەش دەتوانێ شیری دایك زۆر بكات.