پزیشكێكی شارەزا زەنگی مەترسی بۆ ئەو كەسانە لێدەدات كة دەرمانی دژەهەوكردن بەكار دەهێنن

بەشێكی زۆری هاووڵاتیان لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوەكان هەریەك بۆخۆی دەبێتە پڕۆفیسۆر و پزیشكی شارەزا، كاتێك كەسێك لە كۆبوونەوەیەكی خێزانی یاخوود دانیشتێكی هاوو ڕێیانیدا باس لە ئازارێكی بەشێكی جەستەی بكات ڕاستەوخۆ ئامۆژگاری دەكەن بە خواردنی حەبێكی هەوكردنیان ئازارشكێن.

كامەران عەلی، گەنجێكی دانیشتوی شاری هەولێرە، ئەو بە گوتەی خۆی بۆ زۆرینەی نەخۆشییەكانی سەردانی پزیشكی نەكردوە یان بۆخۆی ڕاستەوخۆ لە دەرمانخانە دەرمان دەكرێت یانیش لای یاریدەدەرێكی پزیشكی چارەسەرێك دەهێنێت.
كامەران دەڵێت: ساڵانە چەند جارێك تووشی هەڵامەت و كۆكە و سنگ ئێشە دەبم، دەزانم كە بەهۆی سەرماوەیە یانیش لە هاووینان بەهۆی خواردنی ساردەمەنی یانیش هەوای موبەڕیدە توشی تەشەنوج دەبم، هەر بۆیە چەند جۆرە حەبێك هەیە دەیخۆم و باش دەبم.
د. ئیبراهیم محەمەد پزیشكی دەرمانساز لە بارەی پێدانی دەرمان بە هاووڵاتیان ڕوونیدەكاتەوە، ئەگەر چی پێویستە هەموو نەخۆشێك یانیش هاووڵاتییەك كە سەردانی دەرمانخانەیەك دەكات پێویستە رەچەتەی پزیشكی پێبێت، بەڵام ئەم یاسایە لەهەرێم زۆر كاری پێناكرێت و زۆرێك لە نەخۆشەكان هەروەك پزیشك ناوی دەرمانەكانیان لەبەرە و ڕاستەوخۆ داوای دەكەن.
د. ئیبراهیم بە پێویستی دەزانێت بۆ ڕێگری لە ئەو دیاردەیەی كە خەڵك بە ئارەزووی خۆی دەرمان داوا نەكات لە دەرمانخانەكان كاركردن بە رەچەتەی پزیشك بكرێتە فەرز.
د. شاھۆ جەمال حەوێزی پزیشکی شارەزای گشتی، جەختدەكاتەوە كە دەرمانی دژە هەوکردن نوقڵ نییە، هەرکات نەخۆش ویستی قوتی بدات.
د. شاھۆ حەوێزی دەڵێت: بێگومان زۆری بەکارھێنانی دەرمانەکانی دژە هەوکردن” ئینتهاب ” زیاد لە پێویستیان کاتێک کە نەخۆشیەک پێویستی بە چارەسەری دژە هەوکردن نییە نەك هەر لە كوردستان بەڵكو لە سەرانسەری دونیا مەترسییەکی گەورەیە لەسەر مرۆڤایەتی، بە شێوەیەک کە پاش ماوەیەک لە بەکارھێنانی جەستەی مرۆڤ و سیستەمی بەرگری ناو لەش بەرگری پەیدا دەکات بۆ ئەو دەرمانە و بەرهەڵستی سوودەکانی دەکاتەوە بەمەش بەکتریایەکە لەجیاتی لەناو بچێت زیاتر لەناو لەش دا دەمێنێتەوە و زەرەر و زیانەکانی بەسەر جەستە زیاتر و سەختتر دەبێت،
ئامارەکانی رێکخراوی CDC جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی ٣٥ هەزار کەس بەھۆی پەیداکردنی بەرگری بەرامبەر دەرمانەکانی دژەهەوکردن گیان لەدەست دەدەن.
د. شاھۆ حەوێزی ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكات كە باشترین خۆپاراستن بۆ دووربوون لەم حاڵەتانە ئەوەیە کە دووربیت لە بەکارھێنانی دەرمانی دژە هەورکردن تەنها بۆ کاتی پێویست و دیاریکراو نەبێت.
ئامۆژگاری هاووڵاتیانیش دەكات كە: هەموو هەڵامەتێک، کۆکە، هەموو ئازارێکی قوڕگ، سک یان گەدەیان سەر، پێویستی بە دەرمانی دژە هەوکردن نییە.
هەروەها هەموو سکچوونێک یان ڕشانەوەیەکیش پێویستی بە دەرمانی دژە هەوکردن نییە
ئەو پزیشكەیە ڕوونیدەكاتەوە كە هەندێک حاڵەتی دیاریکراو هەیە کەوا پێویست دەکات دەرمانی دژە هەوکردن بەکار بهێنی ئەویش بێگومان لەلایەن پزیشکی تایبەتمەند و لەکاتی بوونی چەند نیشانەیەکەی جەستەیی و تاقیگەیی کە پزیشکەکەت بۆت دیاری دەکات.

ھەواڵی زیاتر