وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ له پەیوەندییه‌كی تەلەفۆنیدا له‌گه‌ڵ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، سوپاس و دەستخۆشی چارەسەرکردنی بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی گوندی په‌رخ له سنووری زاخۆ كرد.
ئه‌مرۆ چوارشه‌م د. هانی ئه‌لعیقابی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بەوەکالەت پەیوەندی تەلەفۆنی له‌گه‌ڵ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد.
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق وێڕای دڵگرانی بۆ قوربانییانی ڕووداوه‌ی ئەمڕۆ چوارشه‌می هاوینەهەواری پەرخ لە دەڤەری زاخۆ، لە ڕەوشی تەندروستی بریندارەکانی پرسییەوە، هه‌روه‌ها گفتوگۆی چارەسەری و ڕێکارە پێویستییەکانیانی کرد.
هانی ئه‌لعیقابی سوپاس و دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی و سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی زاخۆ و دهۆک کرد بۆ ئەو فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە چارەسەرییانەی پێشکەش بە برینداران کراوە.
د. سامان به‌رزنجی وەزیری تەندروستی بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له كاتی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا لە ناو نەخۆشخانە ئامادەی بەدواداچوونی برینداره‌كان بوو، لای خۆیه‌وه سوپاسی پەیوەندی وه‌زیری ته‌ندروستی عێراقی کرد و پرسە و سەرەخۆشی لە قوربانییانی ئەم ڕووداوە کرد.
وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌روه‌ها ئامادەیی دابینکردنی هەر پێداویستییەکی کرد و جەختی لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری مرۆڤدۆستانەی هەردوولا کرد و هیوای سەلامەتی و تەندروستی باشی بۆ برینداره‌كان خواست.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به‌هۆی تۆپبارانكردنی شوێنێكی گه‌شتیاری له گوندی په‌رخ له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ 9 گه‌شتیار كوژران و 23ی تریش بریندار بوون و به‌شێك له قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌ت بوون، سه‌رجه‌م قوربانییه‌كان گه‌شتیاری عه‌ره‌ب بوون كه بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری ڕوویان له‌و شوێنه كردبوو.
هه‌ر دوای ڕووداوه‌كه له نه‌خۆشخانه‌كانی زاخۆ و دهۆك سه‌رجه‌م برینداره‌كان تیمار كران و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ ئه‌نجامدرا