بڵاوبوونه‌وه‌ی (BA5) لە كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكیتر له‌ covid-19ی بنه‌چه‌ خێراتره‌

دیسانه‌وه‌ په‌تاكه‌ سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌! جارێكی دیكه‌ كۆڤید-19ـی هه‌میشه‌یی به‌ شه‌پۆلێكی نوێی جۆری BA5 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ لقێكی سه‌ر به‌ ئۆمیكرۆنه‌ و ئه‌م زستانه‌ ئه‌مه‌ریكای وێران كرد و به‌ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ی كوشت.

هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌م شه‌پۆله‌ نوێیه‌، به‌ڵام وه‌ك كۆڤید-19ی بنه‌ڕه‌تی كوشنده‌ نییه‌، له‌ راپۆرتێكی گۆڤاری ئه‌تله‌نتادا، هاتووه‌: جۆره‌ نوێیه‌كه‌ BA5 به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌، پێده‌چێت ئه‌وانه‌ی تووشبوون پێشتر یان ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ كه‌متر كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستیان و هیلاكیان نه‌كات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ ته‌واو په‌كیانده‌خات.

ئه‌و كه‌سانه‌ی نزیكه‌ی 3 ساڵه‌ خۆیان به‌دوور گرتووه‌ له‌ ڤایرۆسه‌كه‌، كه‌مێك ئه‌سته‌مه‌ خۆیان به‌دووربگرن له‌سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌، هه‌ندێك پێشتر تووشبوون و ئێستا تووشبوونه‌ته‌وه‌.

ستیڤن گۆڵدشتاین، ڤایرۆلۆجست له‌ زانكۆی یوتا به‌ گۆڤاری ئه‌تله‌نتا-ی گوت: “خه‌ڵك نابێت تووشی سه‌رسوڕمان بن ئه‌گه‌ر تووشی جۆره‌ نوێیه‌كه‌ ببن، هه‌روه‌ها نابێت تووشی سه‌رسوڕمان بن ئه‌گه‌ر به‌هۆیه‌ زۆر نه‌خۆش بن”.

ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ رێژه‌ی تووشبوون به‌رزبێته‌وه‌ وه‌ك زستانی رابردوو، كه‌ له‌سایه‌ی ئۆمیكرۆن (BA1) بینیمان، یان بمانخاته‌وه‌ چوارچێوه‌ی به‌رگریكردن، گۆڵدیشتاین به‌ گۆڤاری ئه‌تله‌نتا ده‌ڵێت: “تا راده‌یه‌ك ئاسووده‌یی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ری”.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا رۆژانه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ پشت به‌ دۆخی وڵاتانی دیكه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كانن و یه‌كه‌كه‌كانی چاودێری وردی نه‌خۆشخانه‌كان، ئه‌وه‌مان پێده‌به‌خشن كه‌ جۆره‌ نوێیه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاپۆكالیپتیك (ترسناكی روخێنه‌ر) نییه‌، به‌ڵام ناتوانرێت پشتگوێش بخرێت.

ماریا ڤان چێرخۆڤ، پسپۆری ئێپدێمیالۆجست (په‌تاناسی) له‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، به‌ ئێن بی سی نیوز-ی گوت: “ئێمه‌ ناتوانین رێگری له‌هه‌موو گواستنه‌وه‌یه‌كی په‌تاكه‌ بكه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كه‌مكه‌ینه‌وه‌، یاری به‌ ئاگر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر رێگه‌بده‌ین ڤایرۆسه‌كه‌ به‌م ئاسته‌ چڕه‌ به‌ئاسانی هاتووچۆ بكات و رێنماییمان نه‌بێت”.

ئۆمیكرۆن (BA1) به‌ هه‌فته‌یه‌ك دوای جه‌ژنی سوپاسگوزاری سه‌ریهه‌ڵدا، كاتێك (BA2) هات به‌ هه‌مان ریتمی (BA1) به‌هاری تێپه‌ڕاند، به‌دوایدا (BA4)  هات، ته‌مه‌نی كورت بوو، سه‌ره‌تا له‌ مانگی كانوونی دووه‌م و شوبات له‌ ئه‌فه‌ریقا سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ هێشتا جۆره‌كه‌ی دیارینه‌كرابوو، به‌ڵام هه‌ر زوو پزیشكان ئه‌وه‌یان ده‌ستنیشانكرد كه‌ كوشنده‌ نییه‌.

له‌ ئه‌مه‌ریكا، ئێستا BA5 نزیكه‌ی 54%ـی سه‌رجه‌م تووشبوانی كۆڤید-19 پێكده‌هێنن، به‌ڵام (BA4) نزیكه‌ی 17%، كه‌واته‌ ئه‌م رێژه‌ به‌رزه‌ ئه‌گه‌ر جۆره‌كه‌شی كوشنده‌ نه‌بێت پێویستی به‌ هۆشداری توند هه‌یه‌.

(BA4) و (BA5) زۆر به‌ خێرایی بڵاوده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ (BA5) ئه‌و جۆره‌ی كه‌ ئێستا له‌ ئارادایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان-یش وه‌ك سویرێژه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ (یه‌كێكه‌ له‌ خێراترین نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان له‌ مێژوودا)، هه‌رچه‌نده‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی(BA5) له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر له‌ كۆڤید-19ی بنه‌چه‌، خێراتره‌.

ترێڤه‌ر بێدفۆرد، پسپۆری پسپۆری ڤایرۆلۆجست له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ی فرێد هاچینسۆن له‌ ویلایه‌تی واشنتۆن (سیاتل) به‌ زه‌ نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: ” به‌ڵام له‌و بۆچوونه‌وه‌ی وه‌ك سویرێژه‌ خێرایه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌ن”.

هه‌موو جۆره‌كان ده‌توانن به‌خێرایی بڵاوببنه‌وه‌ ئه‌گه‌ری به‌رگری نه‌بێت به‌رامبه‌ریان و خانه‌خوێیه‌كی نوێ نه‌دۆزنه‌وه‌، بۆنموونه‌ زستانی رابردوو ئۆمیكرۆن (BA1) جۆری گۆڕاوی ده‌لتا-ی دوورخسته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی وه‌زرێكی خراپ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی و خراپی كه‌شوهه‌وا.

ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ یان تووشبوون و چاكبوونه‌ته‌وه‌، دژه‌ته‌ن دروستده‌كه‌ن كه‌ ده‌توانن رێگری بكه‌ن له‌ لكاندنی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ خانه‌كانی بۆری هه‌ناسه‌ی مرۆڤه‌وه‌ و لكاندنی (پرۆتینی سپایكی)، به‌ڵام (BA4) و (BA5) چه‌ند گۆڕانێكیان تێدایه‌ كه‌ شێوه‌ی سپایكه‌كان ده‌گۆڕن، بۆیه‌ زۆرێك له‌ دژه‌ ته‌نه‌كان ناناسنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریایخه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ ڤاكسینه‌كه‌شیان وه‌رگرتووه‌ كه‌متر ئه‌توانن به‌رگری بكه‌ن له‌(BA5) وه‌ك له‌و به‌رگرییه‌ی به‌رامبه‌ر (BA1) و (BA2) هه‌یانبوو، به‌ڵام 99% پارێزراوترن له‌وانه‌ی كه‌ ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

ئه‌وه‌تا میگان كال، پسپۆری ئێپدێمیالۆجست (په‌تاناسی)له‌ ده‌زگای ئاسایشی ته‌ندروستی به‌ریتانیا به‌ بی بی سی گوتووه‌: “ده‌بینین تووشبووانی نوێ به‌ (BA5) كه‌سانێكن كه‌ پێشتر تووشنه‌بوون یان ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌”.

بی بی سی ئاشكرای كردووه‌، 70% ی ئه‌وانه‌ی تووشی كۆڤید بوون یه‌كه‌مجاریانه‌، بۆیه‌ هێشتا هیوای ئه‌وانه‌ به‌رزه‌ كه‌ ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ بۆئه‌وه‌ی تووشنه‌بن به‌ (BA5).

پێده‌چێت ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سیستمی به‌رگری له‌شی مرۆڤ له‌ پێشبڕكێدا بێت، جۆرێك سه‌رهه‌ڵده‌دات له‌گه‌ڵ به‌رگری له‌ش كێبڕكێ ده‌كات و ڤاكسینه‌كه‌ په‌كیده‌خات، له‌ناكاو جۆرێكی دیكه‌ی گۆڕاو سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌مه‌ش رێك ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نفلۆنزا رووده‌دات، به‌ڵام كۆڤید-19 خێراتر و كوشنده‌تره‌ و به‌رگری له‌ش ده‌شێوێنێت.

به‌كورتی ژیان له‌گه‌ڵ كۆڤید-19 به‌هه‌موو جۆره‌ گۆڕاوه‌كانییه‌وه‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا وه‌ك یارییه‌كی به‌رده‌وامی فیلمی كارتۆنی مشك و پشیله‌ وایه‌، كه‌ هه‌ندێك جار یارییه‌كه‌ جدییه‌ و هه‌ندێك جاریش پشیله‌كه‌ هه‌ر به‌ راستی ده‌یه‌وێت مشكه‌كه‌ بخوات.