وەزیری تەندروستی: شەپۆڵی پێنجەمی کۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە 

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ بڵابوونەوەی شەپۆڵی پێنجەم لەجیھاندا دەگەڕێتەوە و پێویستە ھاووڵاتییان ھۆشیاربن و خۆیان بپارێزن و ئەگەر نیشانەیان ھەبوو زوو تێست بکەن و ئەگەر تووشبوون لە ماڵەوە بمێننەوە و گرنگیشە سێ ژەمی ڤاکسین بەکاربێنن.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: ھۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەپۆلی پێنجەمی کۆڕۆنا لە ھەموو جیھان بڵاو بووەتەوە، دوو ڕێکار زۆر گرنگە ھاووڵاتییان بیانگرنەبەر؛ یەکەم، ئەگەر نیشانەکانیان ھەبوو زوو تێست بکەن و دووەم، ئەوانەی ڤاکسینیان لێ نەداوە، لێی بدەن.

ڕاشیگەیاند: لە وەزارەتیش لیژنەی باڵا چاودێریی دۆخەکە دەکات و ھۆشیارییش زۆر گرنگە بۆ ھاووڵاتییان کە ھەستیان بە نیشانەکان کرد تێست بکەن و خۆیان لە خەڵک جیا بکەنەوە و لێک دوورکەوتنەوە ھەبێت و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوانەی تووش دەبن لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەگەر دەوامیان ھەبێت مۆڵەتیان پێ دەدرێت و گرنگیشە ھەرکەسێک سێ ژەم ڤاکسین لە خۆی بدات.

ھەواڵی زیاتر