د. داهات حەوێزی: خواردنی دەرمانی زیادە، دەبێتە هۆی زەردوویی و لەکارخستنی جەرگ

زەردداگەڕانی پێڵووی چاو و پێستی لەش، كە لە نێو خەڵك باوە بە نێوی زەردوویی، بەشێك لە خەڵك تووشی دەبن ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە، د. داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە لە بارەی هۆكارەكانییەوە لە چەند خاڵێكدا دەیانخاتە ڕوو كە گرنگترینیان بریتییە لە:

١ـ ئەو هۆکارانەی لە دەرەوەی جەرگ دەبنە هۆی زەردوویی، وەکو شیبوونەوەی خوێن و نەخۆشی پاقلە و کەمخوێنی داسیی و مەلاریا و لە کارکەوتنی دڵ و سستداگەڕانی گورچیلە و غودەی تەمەڵ و وەرگرتنی خوێنی خراپ و وەیدار و هەوکردنی سەختی خوێن، بەڵام زەردوویی کۆرپەلە لە دوەم ڕۆژی دوای لەدایکبوون دروست دەبێت.
٢ـ هۆکارەکانی جەرگ بۆ زەردوویی: هەوکردنی ڤایرۆسی جەرگ جۆرەکانی ئەی تا ئی، ڤایرۆسی CMV و EBV و ڤایرۆسی تامیسک، بەمۆمبوونی جەرگ و چەوری سەر جەرگ و نەخۆشیەکانی Wilson (نیشتنی کانزای مس لەناو جەرگ و چاو و مێشکدا) و نەخۆشی Hemochromatosis نیشتنی ئاسن لە جەرگ و پەنکریاس و دڵ و جومگەکان.
• زۆر لە دەرمانەکان لە جەرگەوە پاڵاوتنیان بۆ دەکرێت، ئەگەر بە بڕێکی زۆر بخورێت دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جەرگ و زەردوویی وەکو دەرمانی پاراستوڵ و ئەسپرین و ئەمۆکسیکلاڤ و دەرمانەکانی سیل.
• نەخۆشی گیلبەرت كە نەخۆشیەکی بێگرفتە کە نەخۆشەکە لەکاتی سترێس و دڵەڕاوکێ تووشی زەردوویەکی کەم دەبێت و پشکنینەکانی تری هەمووی ئاساییە و دوایی خۆی چاک ئەبێتەوە.
٣ـ نەخۆشیەکانی دوایی جەرگ (هۆکارە جەراحیەکان بۆ زەردوویی):
گیرانی شاخوێنبەری سک و گیرانی خوێنبەری جەرگ بە خوێن مەیین و تەسکبوونی ڕێڕەوی زراو هەوکردنی توورەکەی زراو و بەردی زراو و شێرپەنجەی زراو و شێرپەنجەی جەرگ و شێرپەنجەی پەنکریاس و شێرپەنجەی دوانزەگرێ .

ھەواڵی زیاتر