چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د.کاوە خەلیل: وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڕیاری داوە هەر شتێك پێویست نەبێ و بەپێی خواستی کوردستان نەبوو لە بەغدا وەری نەگرین

د. كاوە خەلیل بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستی هەرێم لە بارەی كەمی دەرمانەوە لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا كە: کێشەی كەمی دەرمان لە سلێمانی گرفتێكە و ئەوەی دەوترێت تەنھا بۆ موزایەدەی سیاسی و چەواشەکارییە، چونكە پرۆسەی دابینكردنی دەرمان لەلایەن ئێراقەوە پرۆسەیەكی زۆر گەورەی ئیداری و یاساییە و مەسەلەكە ئەوە نییە هەندێك بچن و بلێن ئەوەندە دەرمانمان بدەنێ و ئەوانیش بڵێن فەرموو بیبەن.

د. كاوە خەلیل ڕوونی دەكاتەوە كە پرۆسەی دەرمان و ئەو دەرمانانەی ئێستا دەگەنە پارێزگاكانی هەرێم لە 2020ـەوە هەڵسەنگاندنی بەپێی پێویستی بۆ كراوە و هەر پارێزگایەك لە ئێراق پشكی دەرمانی خۆی بۆ دانراوە و ناتوانن پشكی كەس بدەنە كەسی تر و پشكی سلێمانی بۆ سلێمانیە و پشكی هەولێر بۆ هەولێرە و هیچ كەس ناتوانێت دەستكاری ئەو پشكە بكات.
گوتیشی: بەڕاستی ئەو گوزارشتەی دەڵێن فڵان كەس و فیسار كەس چوو دەرمانی پەیدا كرد بەداخەوە وا نیشان دەدرێت كە هەروەكو بچیتە ناو سۆپەرماركێتێك و داوای شتەكە بكەیت و بتدەنێ، پرۆسەكە وا نییە و كارەكان زۆر لەوە گەورەترە، بەڵام من دەمەوێت بە ناوی وەزارەتی تەندروستیەوە ڕایبگەیەنم ئەو دەنگۆیەی لە سلێمانی بڵاو بۆتەوە سلێمانی پشكی دەرمانی هەیە و نایدات ئەوە كێشەیەكە لە هەموو پارێزگاكانی ئێراقدا هەیە و ئەو كێشەیە لە دهۆك و هەولێر هەیە. نمونە دەهێنمەوە بۆ ئەوەی بزانرێت كێشەكە چییە؛ بۆ نمونە لە هەولێر بیستهەزار دەرزی كۆرۆنایان بۆمان ناردووە و ماوەی بەسەرچوونەكەی حەوت مانگی ماوە و بەكاریشی ناهێنین چونكە لەم كاتەدا پێویستمان پێی نییە و دوو لۆری سۆندەی ئامێری هەناسەپێدانیان ناردووە و ئامێرەكەیان نەناردووە و ئەو شتانە كەڵەكە دەبێت لە سەرمان و دەبێتە كێشە و ئەوەی لە سلێمانی ڕووی دا و باسی دەكەم ئەوە پشكی سلێمانی نەبووە و ئەوە كۆمەڵێك ژیناو (موغەزی) بووە كە سلێمانی پێویستی پێی نەبووە و بە سلێمانییان گوتووە وەرن بیبەن.
هەربۆیە بۆئەوەی ڕوونی بكەمەوە بەڕێوەبەرە گشتیەكان هەڵسەنگاندنی پێداویستیان هەیە و بە بەغدا دەڵێن فڵان و فڵان دەرمانمان دەوێت و سلێمانی و هەولێر و دهۆك داوای دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانی نەخۆشی درێژخایەن و دەرمانی پێویست دەكەن، بەڵام بەداخەوە ئەو داواكارییەی ئەوان جێبەجێ ناكرێت و ئەوان چی لە بەردەستیاندا هەبێت دەینێرن.
هەروەك ووتم لەبەغداوە بیست هەزار دەرزی كۆرۆنا بۆ هەولێر هاتووە كە ئێمە پێویستمان پێی نییە و ماوەیەكی تر بەسەردەچێت و ئەوەش دەبێتە كێشە بۆئێمە، دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی نەیویستووە تووشی ئەو كێشە بێت و نایەوێت شتێك بێتە سلێمانی كەپێویستیان پێی نەبێت.
ئەو پشكەی باسی دەكەن پێكهاتووە لەموغەزی و بڕۆن تەماشای كۆگاكانی سلێمانی بكەن پڕیەتی لەموغەزی و نەخۆشخانەكانیش كێشەیان نییە و ئەوە دەبێتە بارگرانی لەسەر سلێمانی و بە پێچەوانەوە ئەوان داوای دەرمانی شێرپەنجەدەكەن و كێشەكە لێرەدایە.
د. كاوە خەلیل دەشڵێت: شێوازی كاركردنمان بۆ داواكردنی دەرمان لەبەغدا بەو جۆرەیە و پرۆسەكە بەردەوامە و رۆژانە یە و لەساڵی 2020 هەڵسەنگاندنی پێویستی كرا بۆ هەموو پارێزگاكان و ساڵی 2022 وەری دەگرین و ئێستا ئەو كارە بكرێت لە 2024 وەری دەگرین و ئەوە نییە دەرمانمان لێبڕاوە و دەچین وەری دەگرین، بەڵام كێشەكە لێرە هەولێر دەڵێت فڵان دەرمانم دەوێت بەو بڕە و ئەو جۆرە و سلێمانی دەڵێت ئەو دەرمانەم دەوێت بەو بڕە و جۆرەی و لەبەغدا ئەو جیاوازییە نییە و تەماشا دەكات ئەوەی زیادە هەیە دەینرێت و ئێمە ئەلێرە كێشەمان هەیە.
هەر بۆیە دكتۆر سەباح وەری نەگرتووە شتێكی زیادەیە و دەبێتە بارگرانی و شتی پێویسترمان دەوێت و ئەوە بە بودجە لەسەرمان حسابە و كەس سوودی لێوەرناگرێت و بەسەردەچێت (ئێكسپایەر دەبێت) و تووشی لێكۆڵینەوە دەبیت لەسەری. ئەو سیاسەتەی لە سلێمانی پەیڕەو كراوە سیاسەتێكی زۆر ڕاستە و ل ەوەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڕیارمان داوە هەرشتێك پێویست نەبوو و بەپێی خواست ویستی ئێمە نەبوو و وەكو ئەوەی دكتۆر سەباح هەورامی كردی وەری نەگرین و ئێمە شایستەی خۆمان هەیە و ئەو شایستەیەمان دەوێت و شتێكمان ناوێت زیادە بێت و سوودی نەبێت.