حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە قەزای ئاکرێ تۆمارکرا

لە گوندێکی قەزای ئاکرێ، کچێک تووشی تای خوێنبەربوون بووە و قایمقامی شارەکە دەڵێ، “تەندروستی جێگیرە.” 

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-6-2022، مازن محەممەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ رایگەیاند، دوای پشکنین بۆ کچێک، ئەمڕۆ دەرکەوتووە کە تووشی تای خوێنبەربوون بووە، بۆیە لە نەخۆشخانە کەرەنتین کراوە و لەژێر چاودێریدایە.

باسی لەوەش کرد، “تووشبووەکە دانیشتووی گوندی کوڕکا-یە لە سنووری قەزای ئاکرێ و دوای ئەوەی تووشبوونی پشتڕاستکرایەوە، گوندەکەیان رشێندراوە و پشکنین بە کەسوکاریشی دەکرێت.” 

قایمقامی قەزای ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، تووشبووەکە تەندروستی جێگیرە و ئێستا لە نەخۆشخانەی گوڵانە لە ئاکرێ.

نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.

سەباح زوهێر، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ رایگەیاند، تووشبووەکە کچە و تەمەنی 22 ساڵە، چوار رۆژ لەمەوبەر سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، نیشانەی تای خوێنبەربوونی هەبوو، ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکەی لە بەغدا گەڕایەوە و ئەرێنی بووە.

گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنین بۆ ئەندامانی خێزانەکەی دەکرێت کە کاریان بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتە.

لە عێراق نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تاوەکو ئێستا لە چەندین شار و شارۆچکەی عێراق تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون.

تای خوێنبەربوون ئەمساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەى تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن.

ھەواڵی زیاتر