ساڵانە بەهۆی جگەرەوە هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، کاریگەریی تووتن لەسەر هەسارەی زەوی و تەندروستیی مرۆڤ زۆر لەوە زیاترە تاوەکو ئێستا باسکراوە. 

رۆدیگێر کرێچ، سەرۆکی پەرەپێدانی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، “5٪ـی کۆی بەبیابانبوونی جیهان بەهۆی چاندنی تووتنەوەیە؛ ساڵانە چوار ترلیۆن و 500 ملیار فیلتەری جگەرە دەکەونە نێو رووبار، دەریا و زەریاکانەوە؛ هەر یەکێکیان 100 لیتر ئاو پیس دەکات”.

جووتیاران لە دەیان وڵاتی جیهان دار دەبڕنەوە و لە شوێنیان تووتن دەچێنن. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ساڵانە لەو رێگەیەوە 600 ملیۆن دار دەبڕدرێنەوە و دەسوتێندرێن. لە هەمان کاتدا، ساڵانە بۆ ئاودانی 200 هەزار هێکتار زەوی توتن، 22 ملیار تۆن ئاو پێویستە. ساڵانە تووتن نزیکەی 84 ملیۆن تۆن دووانە ئۆکسیدی کاربۆنیش دەردەدات و بەرهەمەکانیشی حەوت هەزار ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە.

رۆدیگێر کرێچ، سەرۆکی پەرەپێدانی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، “هێشتا 500 ملیار دۆلار بۆ چاندنی تووتن تەرخاندەکرێت و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێت، چونکە ئەگەر سەیری کاریگەرییە ئابوورییە رووخێنەرەکانی تووتن بکەیت کە بەهۆیەوە نەخۆش و بێکار بووین، زیانەکانی دەگاتە پێنج ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار”.

چین، ساڵانە 20 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، هیندستان، 766 ملیۆن دۆلار، هەریەکە لە بەرازیل و ئەڵمانیاش 200 ملیۆن دۆلار بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی بەرهەمەکانی تووتن خەرجدەکەن.

وەکو تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەو جووتیارانەی رۆژانە دەست لە گەڵای تووتن دەدەن، وەکو ئەوە وایە 50 جگەرەیان کێشابێت. ساڵانە بەهۆی ئەو جگەرەیەی لە تووتن بەرهەمدێت، هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن.

ھەواڵی زیاتر