کاریگەریەکانی کەمخەوی لەسەر دڵ

بێخەوی یان خەوزڕان، کێشەیەکی هەرە گەورەی سەردەمی ئێستاکەیە؛ زۆرینەی خەڵک گیرۆدەی بوونە و، ئەگەری ھەیە لە ھەموو قۆناغێکی تەمەندا تووش ببین بەڵام لە ئافرەتاندا لە سەرووی ٦٠ ساڵانەوە ڕێژەکەی زیاتر دەبێت.

بە شێوەیەکی گشتی کەسانی پێگەیشتوو کە تەمەنیان لە نێوان (١٨ – ٦٠) ساڵ بێت پێویستیان بە ٧ سەعات خەو، زیاتریش ھەیە لە شەو و ڕۆژێکدا.
شارەزایانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن، هەرکاتێک کەسەکان لەو ماوەیە کەمتر بخەون، یاخود نەتوانن تێر بخەون، هەست بە تووڕەیی و هەڵچوونی دەروونی و ماندوویەتی
دەکەن.
زانیارییە تەندروستییەکان دەریدەخەن کەمخەوی بەهۆی قەلەقی و دڵەڕاوکێ و بیرکردنەوەی زۆر و گرفتی دیکەی تەندروستییەوە ڕوو دەدات لەگەڵ زۆر خواردنەوەی قاوە و چا لە شەواندا.
لە گۆڤارێکدا کە لە لایەن ئەکادیمیای ئەمریکی تایبەت بە زانستی دەمارەکان بەرێوە دەچێت، توێژینەوەیەک بڵاوکرایەوە کە تیایدا داوا لە نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی چینی کراوە کە جەخت لەسەر سێ نیشانەی سەرەکی بێ خەوی بکەنەوە کە برتین لە:
ـ ئایا کێشەی خەولێکەوتن یان لەخەودانەهاتن هەیە؟
ـ ئایا لە بەیانیاندا زوو بەخەبەر دێن و خەوتان لێ ناکەوێتەوە؟
ـ ئایا بە ڕۆژ کێشەی تەرکیزکردنیان هەیە بەهۆی بێخەویەوە؟
دە ساڵ دواتر توێژەران لێکۆلینەوەیان لەسەر رادەی تەندروستیی دەمارەکانی بەشدارانی توێژینەوەکە کرد کە تیایدا دەرکەوت ئەو بەشدارانەی هەرسێ نیشانەکەی بێخەوییان تێدایە بە ڕێژەی ٢٢٪‏ ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیەکانی خوێنبەری تاجی و ١٠٪‏ توشبوونیان بە جەڵتەی دەماخ زیاترە لەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی خەوتوون، لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران ئاماژەیان بەوە دا کە هۆکارەکانی وەکو جگەرەکێشان و ئارەقخوارنەوە و چالاکیە جەستەییەکان کاریگەرییان لەسەر زیادوکەمکردنی رێژەکە هەیە.
دکتۆر لیمینگ لی لە زانکۆی پەکین وتی: نێوان نیشانەکانی بێخەوی و نەخۆشیەکانی دڵ بەهێزترە لە لاواندا و لەو کەسانەدا کە بەرزی پەستانی خوێنیان نیە. ھەربۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی پێشوەخت لەسەر ئەو کەسانە بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەری پێویست.
لەسەر ئەم بابەتە لە ساڵی 2017دا شیکاری و لێکۆلینەوە کراوە لەسەر ١٦٠ھەزار کەس کە تیایدا دەرکەوتووە ئەو کەسانە درەنگ خەویان لێ دەکەوێت بە ڕێژەی ٢٧٪‏ ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی دەماخ زیاترە لە کەسانی تر.

  • بۆ ئەوەی خەوێکی باش بکەی، رەچاوی ئەو شتانە بکە:
  • ئامێری تەکنەلۆجیک مەبەرە ژووری نوستنەوە.
  • دڵنیا ببەرەوە لەوەی ژووری نوستن پلەی گەرمیەکەی گونجاوە، واتە نە گەرم بێت نە سارد.
  • با ژووری نوستن ڕووناک نەبێت، پێویستە لەکاتی خەودا ژوورەکە تاریک بێت.
  • پێویستە هەندێک گۆڕانکاری لە ژیانتدا بکەیت بۆ ئەوەی خەوێکی باشت هەبێت.
  • قاوە و چا زۆر مەخۆرەوە.
  • خواردنی مۆز و خورما بۆ خەو باشە.
  • وەرزشکردنی ڕۆژانە بە شێوەیەکی رێکوپێک.

پزیشکان پێشنیار دەکەن تەندروستییەکی باش و مێشکێکی ئارام، پێویستە هه‌موو كه‌سێك له‌ شەو و رۆژێکدا بە لای کەمەوە ٧ سەعات بخەوێ. ئەمە لە کاتێکدایە توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌مریكا ده‌ری خستووه‌ 35%ى هه‌رزه‌كاران به‌پێى پێویست ناخه‌ون و خەویان کەمترە لە رادەی پێویست.

ھەواڵی زیاتر