د. کامەران ژاژڵه‌یی:ئەوانەی لە ڕەمەزاناندا قەبزن، پێویستە ڕەچاوی ئامۆژگاریی پزیشكان بكەن

قه‌بزی یەكێكە لە کێشه‌ ته‌ندروستییه‌ باوه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه و،‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ڕۆژگەوانان تووشی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌بن ولە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر بەدی دەكرێت؛ دکتۆر کامه‌ران ڕەسوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژە بەوەدەدات كە قه‌بزی نه‌خۆشی نییه‌ به‌ڵکو بریتییه‌ له‌ حاڵه‌تێکی کاتی یان هه‌میشه‌یی.

د. کامەران ژاژڵه‌یی ڕوونیدەكاتەوە كە هۆکاری قەبزی زۆره‌ و یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌کانی جۆرێك لە نه‌خۆشی و پێویسته‌ هۆکاره‌کانی ده‌ستنیشان بکریت و به‌ ڕێگه‌ی دروست چاره‌سه‌ر بکرێت، هەربۆیە شێوازی چاره‌سه‌رکردن و خۆپاراستن لێی بەم ڕێگایانە دەبێت :

  1. خواردنی ژەمی به‌ربانگ به‌ هێواشی و جاوینی به‌ باشی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی بڕێکی زۆر له‌ خۆراک به‌ په‌له‌ و به‌سه‌ریه‌که‌وە.
  2. خواردنه‌وه‌ی هه‌شت په‌رداخ ئاو یان زیاتر له‌نێوان به‌ربانگ و پارشێودا؛ هه‌موو نیو سه‌عات جارێک یه‌ک په‌رداخ ئاو بخۆره‌وه‌؛ ئاوه‌که‌ فێنک بێت یان ئاسایی‌ باشتره‌ له‌ ئاوی زۆر سارد.
  3. خواردنی بڕێکی زۆر له‌و خۆراکانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ ڕیشاڵه‌کان؛ وه‌ک سه‌وزه‌ و میوه‌ و دانه‌وێڵه‌ ته‌واوه‌کان وه‌ک ئاردی بۆر، برنجی بۆر یان قاوه‌یی.
  4. ڤیتامین بی خواردنی بڕێکی زۆر له‌و خۆراکانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ ڤیتامین بی وه‌ک سپێناخ، که‌له‌رم، ماست، چواله‌ی سه‌وز، ڕێواس، مزره‌ سێو، ترێ، هه‌نجیر، بادام، فستق، دانه‌وێڵه‌ ته‌واوه‌کان، نۆک، ماسی، مریشک.
  5. دوور بکه‌ره‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی بڕی زیاتر له‌ دوو کووپ له‌ چا و قاوه‌ به‌ تایبه‌ت کاتی پارشێو و نه‌خواردنه‌وه‌ی ئه‌و خواردنه‌وانه‌ی مادده‌ی کا‌فاینیان تێدایه‌ وه‌ک خواردنه‌وه‌ گازییه‌کان.
  6. زیادکردنی جووڵه‌ و وه‌رزش کردن و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دانیشتن و پاڵکه‌وتنی زۆر به‌ دیار تیڤی و موبایڵ و ئه‌نته‌رنێته‌وه‌؛ چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ پێ بۆ مزگه‌وت و کردنی نوێژی ته‌راویح سوودی زۆره‌.
  7. خواردنی سه‌وزه‌ و میوه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و جۆرانه‌ی بڕێکی زۆر ئاویان تێدایه‌ وه‌ک ترۆزی، خه‌یار، شووتی، قه‌یسی، هه‌وڵ بده‌ سێ بۆ چوار جار له‌ نێوان به‌ربانگ و پارشێو بیانخۆیت.
  8. ڕیکخستنی کاته‌کانی نووستن؛ دوور بکه‌ره‌وه‌ له‌ شه‌ونخوونی؛ به‌ ڕۆژ مه‌خه‌وه‌ و به‌ شه‌و به‌خه‌به‌ر بیت له‌ به‌ربانگه‌وه‌ تا پارشێو.
  9. پێویسته‌ ژەمی پارشێو بخورێت و چه‌ند بکرێ دوا بخرێت؛ خواردنی زه‌ڵاته‌ و میوە له‌ کاتی پارشێو زۆر به‌سووده‌.
ھەواڵی زیاتر