پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دەغەزداران و ڕۆژوەوانی و چەند ئامۆژگارییەک

د. جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی تایبەت بە دەغەزداران (دەغەزداران)، دە ڕێنمایی سەرەکی بۆ نەخۆش و كەسە نزیكەكانی دەغەزدار دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بەڕۆژوودەبن بتواندرێت هاوكاریان بن لە ڕۆژوویەكی تەندروست؛ د. جەعفەر عومەر خاڵەكان بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:

1) بڕیارردان بۆ رۆژووگرتن کاری کەسانی پسپۆڕە؛ بۆ بڕیاردان لەسەر ڕۆژوونەگرتن، دەبێت پشت بە ڕای پزیشکێکی پسپۆڕی متمانەدار ببەسترێت. هەرچەندە پزیشکی کردەیەکی تەواو ڕەوشتییە و پزیشکان خیانەت لە پیشەکەیان ناکەن و ڕێنمایی هەڵە نادەن ئەگەر هەر دین و باوەڕێکیان هەبێت، بەڵام سەرچاوە ئاینییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە جگە لەوەی پزیشکەکە دەبێت پسپۆڕبێت لە بواررەکەدا، باشترە کە بسڵمان (مسوڵمان) و پابەندبێت بە ئایینەوە.
2) بڕیارێکی هاوبەشە؛ بڕیاری بەڕۆژووبوون یان پێنەبوون بە هاوبەشی نەخۆش و پزیشکی پسپۆڕی دەروونی نەخۆشەکە دەدرێت. چەندین هۆکار بەشداری دەکەن لەو بڕیارەدا، وەکو جۆری نەخۆشی، ئاستی ئێستای، جۆری چارەسەر و دەرمان، ڕێژە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی، سوود و زیانەکانی ڕۆژوو بۆ نەخۆشییەکەی،. . . لەبەرئەوە ئەو دوو لایەنە ئاشنان بە دۆخەکە.
3) ئاوتێوەردان لە دەموەردان ڕۆژوو ناشکێنێت؛ هەندێك لە دەرمانەكان دەبنە هۆی دەموشکبوون، زۆر ئاسایییە نەخۆشەکە ئاو لە دەمی وەربدات و پاشان فڕێیبدات.
4) ڕاوێژکردن لە کاتی پێویستدا؛ هەرکات هەستتکرد کە خەریکە نەخۆشییەکەت سەرهەڵدەداتەوە، وەکو بێخەوی یان تێکچوونی خواردن و، تووڕەیی زۆر، پیویستە نەخۆش ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکەکەی بکاتەوە. یاخود کاتێک کە هەستی بە باشی کرد لە ڕەمەزاندا بەبێ ڕاوێژی پزیشک دەرمان نەوەستێنێت، بەڵکو بەردەوام بێت هەتا ڕاوێژ بە پزیشکەکەی دەکاتەوە.
5) خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی زۆر؛ باشترە نەخۆشەکان گرنگی بدەن بەو خواردنانەی کە ناهێڵن وشک ببنەوە، لەبەرئەوەی هەم دەرمانەکان وهەم وەرزەکەش هۆکارن بۆ وشکبوونەوە، بۆنمونە دەموشکداگەڕان.
6) ژیانێکی ڕۆژانەی تەندروست؛ گرنگیدان بە شێوازی ژیانێکی تەندروستی لەڕووی جۆری خۆراک، خەوتن، وەرزش، زۆر گرنگە بۆ دەغەزداران. بەتایبەت خەوتنی بڕی پێویست و لەکاتی پێویستدا، بوونی جوڵە و دوورکەوتنەوە لە سستی، خواردنە تەندروستەکان، ئەمانە هەمووو یارمەتیدەرن بۆ دەرووندروستی و بەپێچەوانەشەوە ئەگەری خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.
7) گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی؛ دەغەزداران وەکو کەسانی تری ئاسایی دەتوانن بەشداری سەرجەم پەرستش و سروتە ئاینییەکان ببن، لەبەرئەوە بەشداریکردن لە پەرستشەکان وەکو نوێژی بەکۆمەڵ، تەراویح، قورئانخوێندن، . . . بە مەبەستی تێکەڵی و هەستکردن بە ئاسوودەیی زیاتر یەکێکێکە لە ڕیگەکان بۆ پاراستنی دەرووندروستییان.
8) گرنگیدان بە پەیوەندییە خێزانییەکان؛ بۆنمونە بەیەکەوە نانخواردن، گفتوگۆکردن لە شەوانی ڕەمەزان، بەیەکەوە نوێژکردن، قورئانخوێندن بەکۆمەڵ، کتێبخوێندنەوەی گشتی، . . . ئەم ڕێگایانە هەم ئاسوودەییی خێزانی زیاتر دەکات هەم زۆر سوودبەخشە بۆ دەرووندروستیی تاک.
9) ئاشکرای مەکە؛ ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە ناتوانن بەڕۆژووببن یان ڕۆژووەکەیان دەشکێنن، باشترە کەس نەزانێت، چونکە لەوانەیە ئامۆژگاری هەڵەت بکەن! بۆنمونە کاتێک دەزانن بەرۆژوونیت، لەوانەیە کەسێکی ناشارەزا پێتبڵێت: “بەڕۆژووبە لەوانەیە خوای گەورە بەهۆیەوە شیفات بدات”، ئەمە یەکێکە لە هەڵە دووبارەکان! خوای گەورە بەزەیی بە هەموواندا دێتەوە و بۆ هەمووان وەکو یەکە.
10) ئەو کەسانەی کە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون؛ بۆنمونە ئەوکەسانی هۆگری مەیخواردنەوەن، باشترە کە لەسەرخۆ دەرمانەکان لەژێر چاودێری پزیشکی دەروونیدا کەمبکەنەوە، نەوەکو بەهۆی لەناکاو وازهێنان توشی نیشانەکانی لێگیرانەوە ببن و زیان بە تەندروستی و دەرووندروستییان بگات.