پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌رمان له‌ سلێمانی پێك ده‌هێنێ

له‌سه‌ر فه‌رمانی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌مبوونی ده‌رمان له‌ پارێزگای سلێمانی پێكهێنرا و بڕیاره‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ بكات.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایگه‌یاند: بەمەبەستی بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی گیروگرفتەکان و ڕێگاچارەکانی نەبوونی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بانکەکانی سلێمانی پێكهێنرا.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند: بڕیاره‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی به‌شێوه‌ی مه‌یدانی سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ بكه‌ن.

لیژنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ 5 كه‌س پێكهاتووه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی د. سه‌عدون رۆسته‌م عه‌بدوڵا ڕاوێژكار له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ 4 ئه‌ندامی تر.

جێی باسه‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌‌ كێشه‌ی كه‌مبوونی ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانیش به‌هۆی كه‌می ده‌رمانه‌وه‌ به‌شێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان ڕاگرتووه‌، كۆمپانیاكانی دابینكردنی ده‌رمانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی نه‌دانی قه‌رزه‌كانیان له‌لایه‌ن بانكه‌كانی پارێزگاكه‌وه‌ چیتر ناتوانن ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دابین بكه‌ن.