د. یاد نەقشبەندی: زوو دەستنیشانكردن و وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە چاكبوونەوەیەكی سەداسەد بۆ تووشیار دەستەبەر دەكات

د.یاد نەقشبەندی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، جەخت دەكاتەوە كە پێویستە كار بكرێت بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان دەربارەی زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشینی شێرپەنجە، چونكە لە ئەگەری دواكەوتنی دەستینشانكردنی جۆرەكانی شێرپەنجە وادەكات نەخۆشییەكە سەختتر بێت و چاكبوونەوەشی ئەستەمتر بێت.

د.یاد نەقشبەندی ڕوونیدەكاتەوە كە: شێرپەنجە بریتیە لە زیادبوونی ناڕێكی خانەكانی لەش، زۆرجار كە باس لە شێرپەنجە دەكرێت دەتوانین بە دوو جۆر پێناسەی بكەین: شێرپەنجەی گرێ ڕەقەكان هەروەها شێرپەنجەی لینفەگرێ و خوێن، باشترین ڕێكاری ڕوو بەڕوو بوونەوەی شێرپەنجە، بریتییە لە دەستنیشانكردنی پێشوەختە و پشكنینی پێشوەختە، چوونكە ئەمە وادەكات شێرپەنجەكان لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا دەستنشان بكرێت؛ هەروەها چاكبوونەوەیەكی سەد لە سەد بۆ تووشبووان دەستەبەربكات، وە لە ئەگەری دواكەوتن لە دەستنیشانكردن لە جۆرەكانی شێرپەنجە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەكە سەختتر بێت وە چاكبوونەوەشی ئەستەمتر بێت.
د.یاد نەقشبەندی دەشڵێت: ئەركی پزیشكان و كارمەندانیش جگە لە پێدانی چارەسەر، پێویستە كار بكەن بۆ بڵاوكردنەوە و پێدانی ڕێنمایی دەربارەی شێرپەنجە؛ چونكە هەروەك باسمان كرد زۆرینەی شێرپەنجەكان لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا ڕەنگە نیشانەكانی دیار نەبێت یاخود تووشبووەكە هەستی پێ نەكات، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەك كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بكەین و كار لەسەر دروستكردنی چەندین سەنتەری دەستنیشانكردنی پێشوەختە بكەین بۆ نەخۆشییەكانی شێرپەنجە.

ھەواڵی زیاتر