د.ماکۆک محەمەد: شەوکوێری زگماکی بڵاوترین جۆری شەوکوێرییە

هەموو مرۆڤێک بە شێوەیەکی ئاسایی ڕادەی بینایی لە تاریکیدا کەمترە وەک لە ڕووناکی، وە کاتێک لە شوێنێکی ڕووناکەوە دەچێتە شوێنێکی تاریک بۆ ماوەی چەند چرکەیەک بینایی زۆر کزدەبێت هەتا ئەو کاتەی چاوەکانی لەگەڵ ئەو تاریکییەدا خۆی دەگونجێنێت.

د. ماکۆک محەمەد پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو باس لە شەوكوێری دەكات ئاماژە بەوەدەدات كە شەوکوێری بارێکە تیایدا کەسی توشبوو بینینی لە شوێنی تاریکدا لە مرۆڤی ئاسایی کزترە و توانای خۆگونجانی لەگەڵ تاریکیدا لاوازترە.
د.ماکۆک محەمەد ڕوونیدەكاتەوە كە تۆڕەی چاو دوو جۆر خانەی تێدایە بۆ وەرگرتنی ڕووناکی، ئەوانیش (ڕۆد) و (کۆن)ن:
٭ ڕۆد ژمارەیان زۆرە و نزیکەی 20ملیۆن دەبن، ئەرکیان بینینی شتەکانە لە تاریکی و لێڵیدا.
٭ کۆن ژمارەیان کەمترە و نزیکەی ٦ملیۆن دەبن، ئەرکیان بینینی شتەکانە لە ڕووناکیدا.
هەر بۆیە هەر گرفت و نەخۆشییەک لە خانەکانی (ڕۆد) ڕووبدات دەبێتە هۆی شەوکوێری.
چەندین نەخۆشی هەن هۆکارن بۆ شەوکوێری، وەکو:
١- شەوکوێری زگماکی: کەسی توشبوو لەگەڵ هاتنە دنیاوە خانەکانی ڕۆدی تۆڕەی‌ چاوی لاوازن و توانای کاردانەوەیان نیە بۆ ڕووناکی کەم و لێڵ.
ئەمە بڵاوترین جۆری شەوکوێرییە، کەسی‌ توشبوو ساڵ بە ساڵ و بە تێپەڕبوونی کات بینایی لە شەواندا یان لە شوێنی سێبەر و تاریکدا کزتر دەبێت.
٢- بەدخۆراکی: بە تایبەتی کەمی ڤیتامین ئەی، ئیشکردنی خانەکانی ڕۆد پێویستییان بە پڕۆتینی ڕۆدۆپسینە، کە لە (ڤیتامین ئەی)ەوە دروست دەبێت.
کەمبوونەوەی ڤیتامین ئەی واتە کەمبوونەوەی هێزی خانەکانی تۆڕەی چاو، واتە کەمبوونەوەی توانای بینین لە شەواندا.
سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین ئەی، ماسی و جگەر و بەرهەمەکانی شیرە.
٣- هەندێک نەخۆشی چاو هەن لە هەمان کاتدا دەبنە هۆی ڕێژەیەکی کەم لە شەوکوێریش، وەکو:
٭ ئاوی ڕەشی چاو.
٭ هەندێک جۆری ئاوی سپی.
٭ لەیزەری ڕێککردنەوەی کەموکورتی بینایی.
٭ جیابوونەوەی تۆڕەی چاو.
٭ چاوکزی ئەگەر زیاتر بێ لە شەش پلە(High myopia)
لە بارەی چارەسەری شەوكوێری د. ماکۆک محەمەد زانیاریمان پێ دەدات كە:

  • شەوکوێری زگماکی هەتا ئێستا هیچ چارەسەرێکی سوودبەخشی نییە.
  • شەوکوێری بەهۆی کەمی ڤیتامین ئەی، یان نەخۆشییەکانی دیکەی چاو، بە چارەسەرکرنی نەخۆشییەکان شەوکوێرییەکەش چارەسەر دەبێت.
ھەواڵی زیاتر