وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی نوێی گەشتکردنی بڵاوکردەوە 

وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی نوێی‌ بۆ گه‌شتیاران له‌باره‌ی ڤاكسینی كۆڕۆنا ده‌ركرد.

د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: هه‌ر كه‌سێك كارتی ڤاكسینی ڤیزا بێت، بۆ له‌مه‌ودوا له‌ گه‌شتكردن نه‌ له‌ كاتی ده‌رچوون نه‌ له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، پێویستی به‌ پشكنینی PCR نابێت.

ڕاشیگه‌یاند: به‌ڵام ئه‌گه‌ر کارتی ڤاکسین ڤیزای نەبێت، ئه‌وا پێویستە پشکنینی PCR بکات.

وه‌زیری ته‌ندروستی ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان ده‌ركردووه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 1ی نیسانی داهاتووه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان‌:-

لە رێکەوتی 1 نیسان 2022

بڕیاری نوێی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا

بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان.

هەر گەشتیارێک هەڵگری کارتی ڤاکسین ڤیزا بێت، پێویستی بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا PCR نابێت نە لەکاتی دەرچوون نە لەکاتی هاتنەوەی لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوریەکان. ئەگەر کارتی ڤاکسین ڤیزای نەبێت پێویستە پشکنینی PCR بکات.

د. سامان بەرزنجی

وەزیری تەندروستی

28 ئازار 2022