تێکەڵکردنی دەرزیی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن زیانی هەیە”

دوای ئەوەی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی عێراقەوە بە فەرمی نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم، گشتاندنێک بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، راپەڕین، کۆیە، گەرمیان) کراوە تێدا ڕوون كراوەتەوە كە تێکەڵکردنی دوو ئەمپول”دەرزی”ی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن لەیەک سرنجدا قەدەخەیە و نابێت رێگە بە بەکارهێنانی بدرێت.

لەو بارەیەوە د.کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایكەیاند: نووسراوەکە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بۆهاتووە و لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە: تێکەڵکردنی ئەو دوو دەرزییە قەدەخە بکرێت، چونکە زیانی تەندروستی هەیە”.
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە: لەرووی زانستییەوە تێکەڵکردنی دوو دەرمان نەڕێگەپێدراوە و ئەم كارەیەش لە هەرێمی كوردستان زۆر باوە بەتایبەت كە لەلایەن بەشێكی یاریدەدەری پزیشکەکان لە نۆرینگەکانی لاکۆڵان و هەندێک لە دەرمانخانەکان دەکرێت و کراوە.
تێکەڵکردنی ئەو دوو دەرزییە (ڤۆڵتارین و دیکادرۆن) یانیش هەر دەرزی یان دەرمانێکی دیکە لە هەموو جیهاندا قەدەخە کراوە، هەموو جۆرە دەرزییەك هەریەکەیان لە بڕێک ماددە پێک هاتووە و کارێک دەکات کە جیاوازن، لە ئەگەری تێكەڵكردنیشیان، ئەگەری کارلێککردنیان هەیە.
پێویستە هاووڵاتیان خۆیان چاوكراوە بن و ڕێگە نەدەن ئەو دوو دەرزییەیان بۆ تێكەڵ بكرێت.

ھەواڵی زیاتر