جگەرە و زیانەکانی

جگەرەکێشان یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگا کە دەبێتە خویەکی بەردەوام و بەجۆرێک تاک ئالودەی خۆی دەکات کە وازھێنانی دەبێتە کارێکی ئەستەم و چەندین زیانی جەستەیی و دەرونی ھەیە کە جگە لە خودی کەسەکە زیانی زۆر بە کەسانی دەوروبەریشی دەگەیەنێت.

جگەرە دژمنێکی شاراوە و بکوژێکی لەسەرخۆی مرۆڤە، ساڵانە ھەزاران کەس لە جیھاندا بەھۆیەوە گیان لەدەست دەدەن، ھەربۆیە ڕێکخراوە تەندروستییەکانی جیھان بەردەوام لە ڕێگەی سازدانی کۆڕ و سیمیناری زانستیەوە لە ھەوڵی ھۆشیارکردنەوەی تاکدان بۆ وازھێنان لە جگەرە بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە ڕۆژێک بۆ وازھێنان لە جگەرە تەرخانکراوە کە ڕۆژی ٢١ی مانگی ئایارە.
ھاوکات جگەرە، جگە زیانە تەندروستیەکانی زیانێکی ماددی گەورەشی ھەیە و ساڵانە لە جیھاندا ملیۆنان دۆلار لە دروستکردن و کرینی جگەرەدا بەھەدەر دەدرێت.
جگەرە کێشەکان پێویستە ئاگاداری ئەوە بن کە لە دوکەڵی جگەرەدا چەندین ماددەی کوشندە و گازی زیانبەخش ھەیە کە ھەندێکیان ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە توشبوون بە
شێرپەنجەوە.

پێکهاتە سەرەکییەکانی جگەرە:
ئەو ماددە کیمیاییانەی لە جگەرە و دوکەڵی تووتندا ھەن وا دەکەن جگەرە کوشندە بێت. دووکەڵی جگه‌ره‌ نزیکەی چوار ھەزار پێکھاتەی کیمیایی لەخۆ دەگرێت کە پەنجا دانەیان ناسراون بەوەی توانای دروستکردنی خانە شێرپەنجەییەکانیان ھەیە لە مرۆڤدا:
١- بەنزەن: کە یەکێکە لە پێکھاتەکانی نەوتی خاو؛ لە پێکھاتەی زۆربەی سووتەمەنیەکانیشدا هەیە؛ دەبێتە هۆی شێرپەنجەی خوێن.
٢- ئەمۆنیا: یەکێکە لە پێکھاتەکانی ئەو پاکژکەرەوانەی بۆ خاوێنکردنەوەی گەرماوەکان و (WC) بەکار دێت، لە کاتی سووتانی جگەرەدا دروست دەبێت و دەبێتەھۆی گۆڕینی ماددەی نیکۆتین بۆ شێوەی گاز.
٣-ئەسیتۆن: مادەیەکی کیتۆنیی توێنەرە توانای ھەڵچوونی ھەیە، بەکاردێت بۆ لابردنی بۆیەی نینۆک.
٤- قەتران (تار): بە شێوەی دەنکۆڵە لەگەڵ ھەڵمژینی دووکەڵی جگەرەدا لە سیەکاندا کۆدەبێتەوە پاش چڕبوونەوەی دووکەڵ لە سیەکاندا لە سەدا حەفتای دەنکۆڵەکان لە سیەکاندا دەنیشن و دەمێننەوە.
٥- نیکۆتین: کە بە ژەھر ھەژمار دەکرێت، دەبێتە ھۆی ئالوودەبوون، لە دەرمانە ئالوودەکەرەکان و دەرمانە مێرووکوژەکاندا بەکاردێت. ئەگەر ئەو بڕە نیکۆتینەی لە جگەرەیەکدایە ڕاستەوخۆ بکرێتە ناو خوێنی ھەر تاکێکەوە پاش چەند خولەکێک دەیکوژێت.
٦- گازی تاک ئۆکسیدی کاربۆن: گازێکی ژەھراوی بێبۆنی بێتامە، بە بڕی زۆر دەبێتە گازێکی کوشندەی زۆر خێرا، لە سەرەتای داگیرسانی جگەرەدا دروستدەبێت. ھەمان ئەو گازەیە کە لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبیلەوە دەردەچێت.
٧- ماددەی ئارسینیک: بۆ لەناوبردنی جرج و مشک بەکار دێت.
٨- سیانید: گازێکی کوشندەیە.

زیانە جەستەییەکانی جگەرەکێشان:
١- بەهۆی جۆر و پێکهاتەکەیەوە بەیەکێک لەگرنگترین هۆکاری توشبوون بە نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی قوڕگ و سی دادەنرێت، دەبێتە هۆی گرتنی بۆری هەناسەدان و بەرز بوونەوەی پەستای خوێن، هەندێکجاریش کوشتنی کەسەکان.
٢- جگەرەکێشان دەبێتە هۆی کەم خۆری و لاوازی جەستە، یاخود قەڵەو بوونی نائاسایی کەسی جگەرەکێش، بەهۆی دروست بوونی چەندین نەخۆشی لەجەستەدا.
٣- هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و لاواز بوون، ڕەنگە تەواو ئەو ئارەزووە لەناوبەرێت.
٤- دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەوری و خەستی خوێن زیاد دەکات، لەئاکامدا جەڵتەی لێدەکەوێتەوە، وەک جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ، کە زۆرجار کەسەکان بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ دەمرن یاخود بەشێکی جەستەیان لەکاردەکەوێت.
٥- کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بینین و هەندێک جار نەمانی توانای بینین هەیە.
٦- کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئافرەتی دووگیان، هەندێکجار دەبێتە هۆی ناتەواوی کۆرپەلە.
٧- کاریگەری لەسەر چالاکی گورچیلە هەیە و ناهێڵێی وەک پێویست کاری خۆی بکات .
٨- هۆکارە بۆ تووشبوونی چەندین نەخۆشی درێژخایەن، بەمەش مرۆڤەکان لە مردن نزیک دەکاتەوە و تەمەنی مرۆڤ کورت دەکات.
ھاوکات جگەرە کێشان چەندین زیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەرونیشی ھەیە لەوانە
-بوونی بۆنی ناخۆشی بەردەوان لە خودی کەسەکە و ئەو جێگایەی جگەرەی لێ دەکێشێت.

  • بەفیرۆدانی پارەیەکی زۆر ئەمەش زیان بە باری ئابووری کەسەکان دەگەیەنێت.
  • زۆر جار کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات بە داوا کردبی جگەرە لە کاسانی دەوروبەر.
    سەرەڕای ئەم زیانانەو چەندانی تر جگەرە ھیچ سودێکی نیە.
ھەواڵی زیاتر