رۆژی 4ی شوبات، وەك رۆژی جیهانی شێرپەنجە ناسراوە؛ لەم رۆژەدا لە سەرتانسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.
نەخۆشینی شێرپەنجە بریتییە لەوەی خانەی ئاسایی بە چەند قۆناغێک دەگۆڕێت و دەبێتە خانەیەكی نائاسایی؛ چەند هۆكارێکی هەیە؛ لەوانە:
١. تیشكی خۆر
٢. پێكهاتەی كیمیایی و بایۆلۆژی
٣. كۆمەڵێك هۆكاری دیكەش هەن بۆ نموونە تەمەنی زۆر.
نەخۆشی شێرپەنجە بە گەورەترین كێشەی تەندروستی جیهان دادەنرێت و گرنگترین هۆكاری مردنە لەسەر ئاستی جیهاندا.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوە جیهانییەکە تەندروستی، شێرپەنجە دووەم هۆكاری مردنە لە جیهاندا، لە 2015دا 8ملیۆن كەس بە شێرپەنجە مردوون، كە دەكاتە مردنی كەسێك بە شێرپەنجە لە كۆی مردنی هەر 6 كەسێك.
وڵاتانی هەژار و داهات نزم بە رێژەی 70% مردنیان بە شێرپەنجە هەیە
بە گوتەی دامەزراوەی حوسێن بۆ شێرپەنجە لە ئەردەن، دەكرێت زۆرینەی تووشبووانی شێرپەنجە چاك ببنەوە كاتێك زوو ئاشكرا دەكرێت لە قۆناغەكانی سەرەتادا، بەڵام زۆرینەی كەس ئەم زانیاری و راستییە نازانن، بەجۆرێك تێگەیشتوون كە تووشبوون بە شێرپەنجە واتە سزای لەسێدارەدان.
وهزارهتی تهندروستی حكوومهتی ههرێم رایگەیاند، ساڵی (2020) لە هەرێمی كوردستان (6293) شێرپەنجەگرتە تۆمار كراوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی (2019) ژمارهكهی كهم بوهتهوه كە (7831) نهخۆش تۆمار كراوه.
ئەوەشی روون کردووەتەوە، شێرپەنجەی مەمك زۆرترینە بە رێژەی (18.58%) و رێژەی تووشبوونیش بە جۆرەکانی شێرپەنجە لە رەگەزی مێ زیاترە بەراورد بە رەگەزی نێر بە جۆرێك ژن (51.86%) پیاو (48.59%).
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە:
1- جگەرە
جگەرەکێشان گەورەترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەیە، بەوەی حهوتههزار ماددهی كیمیایی له جگهرهدا ههن، كه 70 یان رێگە بۆ تووشبوون به شێرپهنجه خۆش دەکەن.
2- نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان
ڤایرۆسی وەک HPV کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها ڤایرۆسی جگەر HBV و HCV کە جگەر تووش دەکەن، دەبنە هۆی شێرپەنجەی جگەر.
3- قەڵەوی و شێوازی ژیان
كۆمهڵهی شێرپهنجهی ئهمریكی دهڵێت 33%ی حاڵهتهكانی شێرپهنجه بههۆی خۆراكی نەساغ، نەجووڵان و قهڵهوی.
4- پیسداگەڕانی ژینگە
زۆربوونی کارگەکان، دووکەڵ و دووکەڵان و هەندێک ماددەی دیکەی وەکو بەنزین هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە و سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سیپەلاک و میزەڵدان زیاد دەکەن.
5- بەرکەوتنی تیشک
تیشکە زیانبەخشەکانی وەک تیشكی سەروبنەوشەیی، تیشكی گاما و رادۆن دەبنە هۆی شێرپهنجه.
زۆربەی خەڵکی نیگەرانن سهبارهت به شهپۆلی مۆبایل و تاوهرهكانی، بهڵام هێشتا بهڵگهی روون لە بەردەست نین بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مۆبایل و تاوهرەکانی ئینتەرنێت دهبنه هۆی شێرپهنجه.
6- کنێت یاخود بۆماوەیی
تەنها لە 5-10%ی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بۆماوەیین و لە هەندێک خێزاندا بڵاوترن.
7- هۆكاری دیكه
کەرەستەی ئارایشت و قوڕقوشم دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
نیشانەی تووشبوون بە شێرپەنجە
زۆرجار تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە هیچ نیشانەیەکیان نابێت و تەنانەت نەخۆش هەست بە ئازار ناکات، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ درەنگ دەستنیشانکردنی زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە و زۆرجار پزیشك لەکاتی پشکنینێکی رۆتینی یان گەڕان بەدوای نەخۆشییەکی دیکەدا شێرپەنجە دەستنیشان دەکات.
ئەو نیشانانەی کە لە زۆربەی تووشبوواندا دەردەکەوێ، بریتین لە:
سەرئێشە، رشانەوە، بێهێزی، دابەزینی کێش، خوێن بینین لە پیسایی یان لە میزدا، لە هەندێ حاڵەتدا نەخۆش هەست بە دروستبوونی گرێ دەکات و هەندێکجاریش گرێ لیمفاوییەکانی جەستە گەورە دەبن.
چارەسەری شێرپەنجە
چارەسەری شێرپەنجە بە گوێرەی قۆناخی شێرپەنجەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ئەم جۆرە چارەسەرانە باوە:
١. چارەسەر بە دەرمان؛
٢. چارەسەری کیمیایی؛
٣. چارەسەر بە تیشک؛
٤. چارەسەری بایۆلۆجی و ھۆرمۆنی؛
٥. نەشتەرگەری؛
٦. چارەسەر بە چاندنی مۆخ.
چارەسەری شێرپەنجە لەلایەن کۆمەڵێک پزیشكی تایبەتمەندەوە دەکرێت و هەندێکجار دوو یان سێ لەم چارەسەرانە بەکار دەهێنرێن.
خۆپاراستن لە شێرپەنجە
١. خواردنی سەوزە و میوە، بەردەوام.
٢. خوارنی خۆراکی تازە و دوورکەوتنەوە لە خواردنی پارازتە یاخود لەقوتونراو و کەمکردنەوەی گۆشتی سوور.
٣. گرنگیدان بە وەرزشکردن؛ بە لای کەمەوە هەفتەیەک دوو سەعات و نیو.
٤. وازهێنان لە جگەرەکێشان و مەیخواردنەوە.