شوبات مانگی بەرەنگار بوونەوەی شێرپەنجە

پزیشكان: شێرپەنجە ئەگەر زوو پێی بزانی، ڕێ لە تەشەنەكردنی دەگیرێت

بە دروشمی (كەلێنی خزمەتگوزارییەكانی شێرپەنجە پڕ بكەرەوە) ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە، لە مەراسمێكدا ئامار وكاروچالاكییەكانی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێر پەنجە دەخاتە ڕوو.

٤ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دەستنیشانکراوە کە تیایدا سالانە لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی تەندروستی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەوە ئەنجام دەدرێت،بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم یادەیە كەوتە ڕۆژی پشوو، وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ چالاكییەكی تایبەت بەو یادە ساز دەكات و تێیدا ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.
لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبوون و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە،هەروەها بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتی لە نێو جیهانی مرۆڤایەتی، لە بارەی مەترسیەکانی نەخۆشی شێرپەنجە، ووڵاتان بە شێوەی جۆراو جۆر ئەم یادەیە دەكەنەوە و هەڵمەتی هۆشیاری بۆ سازدەكەن، چونكە ڕێگاکانی خۆپاراستن و زانین و چارەسەری پێشوەختە کراوەتە بنەمای کارکردن، پزیشكانیش لەو بڕوایەدام كە بەهۆی هۆشیارییەوە دەتواندرێت نزیکەی (٤٠٪) ی ئەم نەخۆشییە ترسناکە بەری پێبگرین.
شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەی وەک بکوژی سەرەکی مڕۆڤ دەناسرێت و ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە٨ ملیۆن کەس دەکوژێت و زیاتر لە 1٤ ملیۆنیش دووچاری نەخۆشییەکە دەکات.
بە بڕوای هاووڵاتیانیش لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی گرنگی بە چارەسەری شێرپەنجە دەدرێت ئەوەندە گرنگی بە خۆپاراستن لە شێرپەنجە نادرێت، بۆیە پێشبینی ئەوان وەهایە ئەگەر بەم میكانیزمەی ئێستە كار بكرێت ئەوا ساڵ بەساڵ رێژەی شێرپەنجە زیاد دەکات و فریاش ناکەون چارەسەری توشبوان بکەن.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە پەیامێكیدا بۆنەخۆشانی شێرپەنجە دەڵێت: ئێوە بەتەنیانین، خێزانەكانتان، پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی، حكومەت و وەزارەتی تەندروستی، هەموومان بەیەكەوە پاڵپشتی ئێوەین، هەموومان لە خزمەتتدادەبین و ورەت بەرزبێت، ئەم نەخۆشییە دەكرێت ڕوو بەڕووی ببینەوە و تەمەن درێژی بۆ ئێوە. ورەت بەرزبێت و بەسەر نەخۆشییەكەتدا زاڵ دەبیت.
د. چنار عەلی سنجاوی پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، جەختدەكاتەوە كە ژیانكردن بێ شێرپەنجە لە دەست تۆیە، چونكە دەتوانیت بایەخ بدەیت بە وەرزشكردن و خواردنی تەندروست و دروكەوتنەوە لە خواردنەوە كحولییەكان و جگەرە كێشان و نێرگەلە كێشان. تاوەك لە شێرپەنجە بەدوور بیت.

پاشخان
بە گوێرەی نیشانە سەرەتاییەكان بێ هێزبوون و، كەمبوونەوەی كێشی لەش، نەمانی حەز بۆ خواردن لە نیشانەكانی شێربەنجەن. هاوكات وەرزش كردن، خواردنی تەندروست و، كەمكردنەوەی پیسداگەڕانی ژینگە و، دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كحولییەكان وجگەرە كیشان هۆكارگەلێكن بۆ خۆپاراستن لە شێربەنجە.

شێرپەنجە چییە؟
شێرپەنجە بریتیە لە زیادبوون و دابەشبونێكی نائاسایی لە ئۆرگانەكانی لەش، پاشان هێرش دەكاتە سەر خانەكانی تری نزیك لەخۆی و وادەكات ئەوخانانە فەرمانەكانی خۆی جێبەجێنەكات، هەر بۆیە بەوەشەوە ناوەستن و بەردەوام لە بڵاو بونەوەدان، هاوكات لە ڕێگەی خوێنەوە بڵاو دەبێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی تری لەش و ئەمەش وادەكات كەسی توشبوو گیانی خۆی لەدەست بدات.
هۆكاری ڕاستەوخۆی نەخۆشییەكەش پەیوەندی بە بۆماوەیی و خواردنەوە كحولییەكان و جگەرە كیشان هەیە. هەروەها هۆكاری ناراستەوخوشی وەك پیسداگەڕانی ژینگە و خواردنی نا تەندروستە.
هەربۆیە پزیشكان جەخت دەكەنەوە لەوەی كە وەرزش ئەبێتە هۆی زیابوونی گەڕانی خوێن بەناو لەشدا، واتە كەمكردنەوەی ئەگەری خۆشاردنەوەی خانە شێرپەنجەییەكان لە ئەنجامدا خانە بەرگرییەكانی لەش توانستی لەناوبردنی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان ئەبێت. هەربۆیە وەرزش لەش ئەپاریزێت لە چەند نەخوشییەك وەك نەخۆشی شەكرە و هەوكردن كە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەرزش نەكردن ئەبێتە هۆی شێرپەنجە.

ھەواڵی زیاتر