چیکوێ ئیهێکوازۆ، بەڕێوەبەری سیستەمی گشتی لە WHO: لە هەرێمی کوردستان حکوومەت و میدیا ڕۆڵی باشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەبووە

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

(چیکوێ ئیهێکوازۆ ـ Chikwe Ihekweazu)، بەڕێوەبەری سیستەمی گشتی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) و بەرپرسی هەواڵگری نەخۆشییە درمیەکان لە هەرێمی کوردستانە. لەبارەی دۆخی کۆڕۆنا و هەنگاو و پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە گفتوگۆیەکم لەگەڵی ساز داوە:

چیکوێ، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە لە هەرێمی کوردستانە بە مەبەستی کاراترکردنی هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق و لەبارەی ئۆمیکڕۆن گۆڕاوەکەی کۆرۆنا گوتی: “ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە توانایەکی بەرزی گوازراوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر هەیە، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە ڕێژەیەکی کەمی کەوتنە نەخۆشخانە هەیە و تووشبووەکان کەمتر دەکەونە نەخۆشخانە. بە گشتی، ئێمە ئاگادارین کە جۆری ڤایرۆسی نوێ ئەتوانێ چ بکات، بەڵام ئێمە ئامرازی نوێمان هەیە و ئەزانین چ بکەین. هەروەها ڕاسپاردەی نوێمان هەیە لە ناو ڕێکخراوەکەمان ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی، بە خۆشییەوە ئێستا خەڵک پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتە هەروەک ساڵانی ڕابردوو”.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە هەنگاوی ناوە و لەم بارەوە چیکوێ گوتی: “ئەوەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەیبینێت ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ وڵاتەکان کار بکەین و پشتگیرییان بکەین و بزانین چ بەرێوە دەڕوات و زانیارییەکان بڵاو بکەینەوە. وەک ئۆفیسی سەرەكی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەستخۆشی لە هاوڕێکانمان لە کوردستان دەکەین کە لە کاتی خۆیدا زانیاری بڵاو دەکەنەوه و هاوکاری ڕێکخراوەکەمانن و یارمەتیمان دەدەن تا بە پێی توانا بتوانین هاریکاری کوردستان بکەین. لە ڕێگەی ئەو زانیاریانەی بە شێوەیەکی زۆر جوان و دادوەرانە پێمان دەگەیەنن ئێمەش یارمەتی دەنێرین. هەروەها پێمان وانییە دۆخی کوردستان زۆر خراپ بێت بە بەراورد لەگەڵ هەرێمەکانی تر کە بینیومانە. بە داخەوە لێرەش کۆمەڵێک خەڵکمان لەدەست داوە هەروەک ناوچەکانی تری جیھان، بەڵام پێم وایە بارودۆخەکە زۆر خراپتر دەبوو ئەگەر ئەم پێکەوەکارکردنانە نەبایە”.
بەڕێوەبەری سیستەمی گشتی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) و بەرپرسی هەواڵگری نەخۆشییە درمیەکان سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا لە هۆشیاربوونەوەی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گوتی: “ئێمە پێویستیمان بە میدیا و بوارەکانی تری گفتوگۆ و پەیوەندی هەیە. بۆیە ئەبێ پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان هەبێت لەگەڵ میدیاییەکان بۆ ئەوەی زانیاری بەو کەسانە بدەن کە بەرپرسن و ئەوانیش بتوانن بڕیاری دروست بدەن و ژیانی خەڵک بپارێزن. بە بێ پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ میدیاکان ئێمە ناتوانین بە خەڵک بگەین و من تەنها بە باشە گوێم لە میدیای کوردستان بووە و پێم وایە نموونەیەکی جیهانییە و دەبێ ئێمە لێیانەوە بارودۆخی ئەم نەخۆشییە بەربڵاوە بزانین و تەنانەت لە ئایندەو ئەو نەخوشیانەی کە بەڕێوەن ئاگادار بین. ئەگەر ئێمە لەگەڵ خەڵک نەبین لە بارودۆخە ئاڵۆزەکان و جۆرە جیاوازی ڤایرۆسەکان و شتە نادیارەکانی تر، ناتوانین لە بارودۆخیان تێبگەین و یارمەتییان بدەین. گوێبیستی زۆر شت بووم و زۆر کاریگەرم بە میدیای کوردستان بەڵام زۆر شتی تر هەیە کە پێویستە بزانین. نابێت ئێمە پشوو بدەین، بە پشودان لە کارەکانمان دوادەکەوین. پێویستە بەردەوام بین لە بەرەوپێشچوونەکانمان، چونکە لەگەڵ خەڵکبوون کومەڵێک مانای تری هەیە وەک بەدەستهێنانی زانیاریی دروست و لە کاتی دروست هەروەها بەم شێوەیە دانیشتوانیش دەتوانن کار بکەن بۆ پاراستنیان لە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە”.
چیکوێ ئیهێکوازۆ، لەسەر ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم بەرامبەر ئەم پەتا جیهانییە قسەی کرد و پێی وایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئەوەی بەدی کردووە کە هوکارێکی سەرەکی سەرکەوتنەکان بە هوی سەرکردایەتیکردنەوەیە و ڕابەرایەتی زۆر گرنگە و ئەبێ هەندێ جار ڕابەرەکان بڕیاری سەخت بدەن، چیکوێ گوتی: “ئەم بڕیارانە هەندێ جار پەیوەستن بە بەڕێوەبردن، هەندێ جار پەیوەستە بە ئامۆژگاریکردنی خەڵک لە خۆبێبەشکردن و خۆدوورگرتن لە هەندێ شتی دیاریکراوی وەک گەشتکردن و چوونە خواردنگەکان. ئەم شتانە هەمووی پەیوەستە بە ڕابەرایەتی. بەڵێ گوێبیستی هەندێ بڕیاری سەرکردەکانی ئەم هەرێمە بووم کە هاندەرن بۆ بەشەکانی تری جیھان و نمونەی ئەم بڕیارانە لە بەشەکانی تری جیهان دەبینین. کاتێک سەرکردەکان لە زانست تێبگەن، ئەتوانن دەرئەنجامەکان بۆ خەڵک باس بکات و خەڵک قایل بکات لە هۆکارەکانی بڕیارەکانیان و یارمەتی ئێمەیان داوە لە رێگەگرتن لەم نەخوشییە. هەروەها ئەگەر باسی داهاتوو بکەین دەبینین سەرکردە سیاسییەکان زیاتر ئاگادارن لە تەندروستی یاخود تەندروستیی گشتی و نەخوشییە درمیەکان لە کاتێکدا جاران تەنها وەزیری تەندروستی ئاگاداری ئەم بارودۆخانە بوو چونکە کاریگەریی تەندروستی سنووردار بوو لە سێکتەری تەندروستی. ئێستا دەبینین وڵاتەکان داخراون و چەندین جۆری و سیاسەت هەیە. پلانی ئاسایش، پلانی گەشتکردن، پلانی هۆشیاری ژیان. بۆیە سەرکردەکان ئەبێ ئەمە زۆر بە گرنگی وەربگرن نەک تەنها بۆ نەخوشییە درمیەکان تەنانەت بۆ ئایندە. ئێمەش وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی پشتگیری سەرکردایەتی وڵاتان دەکەین و دەمانەوێ ببینە پشتگیری بڕیارە گونجاوەکانیان نەک بەجێیان بهێڵین. ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین کە سەرکردەکانی جیهان و تەنانەت کوردستان ئاگاداری مەترسییەکان و زانست و زانیارییەکان کە گرنگن لە دەرکردنی بڕیاڕە گرنگەکان بۆ خەڵکەکەیان.”
چیکوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە پێی وایە کە ڤایرۆسە بە بەردەوامی نوێ دەبێتەوە و سێ مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی بەم شێوەیە ژماردن:
یەکەم: ئایا توانای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر زیاد دەکات؟
دووەم: ئایا ژمارەی مردن بەم ڤایرۆسە زیاد دەکات؟
سێیەم: ئایا ئەم ڤایرۆسە نوێیە بە دەرمانەکان و ڤاکسین نامێنێت؟
لەبەرامبەریشدا پێی گوتی کە “بە شێوەیەکی گشتی ئەم سێ خاڵە زۆر گرنگە و پێویستە ئامۆژگاری خەڵک بکەین بە پێی ئەم سێ خاڵە بۆ ئەوەی چ بکەن و چۆن وەڵامی بدەنەوە. لە هەمان کاتدا دەزانین کومەڵێک پەستانی ترمان لەسەرە، پەستانی ئابووری، پەستانی ئاسایش و چەندین پەستانی تر لەسەر کومەڵگا بویە ئێمە وەک ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی هەوڵ دەدەین هاوسەنگییەکی دروست پەیدا بکەین لە کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بە ڕاستی هانی حکوومەت بدەین بۆ بەکارھێنانی زانیارییەکان و تێگەیشتن لە بارودۆخ”.
لەسەر گرنگی وەرگرتنی ڤاکسین، چیکوێ گوتی: “ڤاکسین دەرفەتێکی بێوێنەی پێداوین. ئێمە بە شێوەیەکی جیهانی و زۆر خێرا ڤاکسینمان بەرەو پێش بردووە. دەمانەوێ دڵنیا بکەینەوە کە ڤاکسین بە هەموو کەسێک دەگات هەر بۆیە دەمانەوێ لانیکەم ئەو پارێزگارییەی ڤاکسین پێمان دەبەخشێت بەدەستی بھێنین. بەڵێ ئەوان تێبینی کردووە کە ڤاکسین کاریگەرییەکی کەمی هەیە لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بەڵام ڤاکسین کاریگەریی هەبووە لە تووشبوون بە سەختی. ڤاکسین تەنیا ڕێگا نییە بۆ رێگریکردنی ڤایرۆس، پێویستە ئێمە ئاگاداربین لە چونیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵی بەتایبەت لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان. کردنەوەی پەنجەرەکان بە پێی توانا لەو کاتەی لە شوێنە گشتی و داخراوەکانداین. دوورکەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکان و هەمیشە بەستنی ماسک لەو کاتەی لە شوێنە داخراوەکانین. زۆر شتی تر هەیە کە پێویستە فێر ببین و ڕۆژانە شتی نوێ فێر دەبین. لە چارەسەرییە نوێیەکان دەرمانی نوێ و دژەبەکتریای نوێ بە کار دەھێنرێن”.

ھەواڵی زیاتر