ناوککەوتن و ریخۆڵەکوێرە

پیاوێکی چلوحەوت ساڵان، لەبەر ئازار کووڕ ببوویەوە، رەنگی پەڕیبوو، کوڕەکەی بە عەرەبانەیەک دەیجوڵاند و ژوورەكانی نێو نەخۆشخانەی پێدەكرد، ئەو پیاوە كە دوو ڕۆژ بوو بەدەم ئازاری سیكیەوە دەیناڵاند، لە تاو ئازاری سكی بەرچاوی ڕەش داگەڕابوو، كوڕەكەی زوو زوو دڵی دەدایەوەو دەیگوت: بابەگیان خۆڕاگربە.

وەستا جەلیل عەلی، لە تاو ئازاری سكیدا قسەیشی پێ نەدەکرا؛ زووزوو هاوارێكی دەكرد بە جۆرێك هەموو ئەوانەی لەنێو قاوشی نەخۆشخانەدا بوون بەزەیییان پێدا دەهاتەوە.
پزیشكان چواردەوری وەستا خەلیلیان داو هەوڵیان دەدا زوو نەخۆشییەكەی دەستنیشان بكەن.
پاش بینینی سەرەتایی و چەند پشكنینێك، د. محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی سەیری ئەنجامی پشكنینەكەی كرد، سڵاوی لەنەخۆشەكە كرد و لێی پرسی كە چی خێرتە؟
وەستا خەلیل هەر چۆنێك بێت و بەهەناسەبڕكێوە گوتی: وەڵلا دکتۆر گیان ناوکم کەوتووە و سکم دێشێت.
د. محەمەد بە هیواشی و لەسەرخۆ گوێی بۆ وەستا شل کردبوو؛ بە چاویش سەیری ئەنجامەكانی پشكنینەكەی دەكرد؛گوتی: لەکەیەوە سکت دێشێت و کوێی سکت دێشێ؟ هیچ نیشانەی ترت هەیەوەک دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە؟
وەستا جەلیلیش گوتی: دکتۆر گیان چەند ڕۆژێكە سكم دێشێ، بەڵام لە دوێنێوە ناوەڕاستی سکم دێشا، لە ئەمڕۆ بەیانییشەوە هەموو سکم دێشێت، سێ ڕۆژە بێدابڕان ئازارم هەیە؛ گوتیان ناوکت کەوتووە، چوومە لای دوو کەسی شارەزا ناوکیشیان بۆ هێنامەوە، بەڵام هەر خراپتر دەبم و باش نابم.
بە گوێرەی گوتەكانی وەستاجەلیل و ئەنجامی پشكنینەكانی هێواش‌هێواش بۆ پزیشكان ڕوون بوویەوە كە دۆخی وەستا جەلیل تاڕادەیەک ناجێگیرە و دەبێ نەشتەرگەریەکی خێرای بۆ بکرێ، بە كوڕەكەیان گوت كێی ترت لەگەڵە ئەویش وتی هەر خۆمم و ئەگەر پێویست دەكات براكانم و دایكیشم بانگ دەكەم، بە شڵەژاویشەوە كوڕەكە گوتی دكتۆرگیان خۆ شتێكی خراپ ڕووی نەداوە؟
د. محەمەد سەیدعەلی ڕووی كردە هەردووكیان و گوتی: گومان دەکەین ریخۆڵەکوێرەت هەوی کردبێت و بەهۆی ئەوەی زۆر دوا کەوتویت ریخۆڵەکوێرەکەت تەقیبێت، پێویستت بە نەشتەرگەریەکی خێرا هەیە، ئەگەرڕەزامەندن لەسەر نەشتەرگەری ئەوا ئێستا دەبێ ڕاستەوخۆ نەشتەرگەری دەستپێبكەین.
كوڕەكەی وەستا جەلیل بە تەلەفون دایك و براكانی ئاگادار كردەوە و ئامادەكارییان كرد بۆ نەشتەرگەریەكە.
پاش ڕەزامەندی نەخۆش و کەسوکاری، د. محەمەد سەیدعەلی بەهاوکاری پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، پزیشکی بێهۆشکاری و یاریدەدەرانی نەشتەرگەری، لەبەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی شار، بەسەرپەرشتی د. سەرمەد هیوا نەشتەرگەرییەکەیان بۆکرد.
د. محەمەد سەیدعەلی ڕوونیكردەوە لەكاتی نەشتەرگەرییەكە بۆیان ڕوونتر بوو بوویەوە كە ریخۆڵەکوێرەکەی تەقیوە و لەچەند شوێنێکەوە کون بووە، هەروەها بەشەکانی تری ریخۆڵە و ئەندامەکانی ناوسکیشی تووشی هەوکردن بوون بەهۆی ئەو پیسایی و کێمەی لەئەنجامی تەقینی ریخۆڵەکوێرەکەی دروست ببوو.
دوای پاککردنەوە و لابردنی ریخۆڵەکوێرەکەی و تەواوکردنی نەشتەرگەرییەکە، وەستا جەلیل بە بێهۆشی لە قاوشی نەشتەرگەری هێنرایە دەرەوە و پاشان هۆشی هاتەوە و بە تەندروستییەكی جێگیرەوە نەخۆشخانەی جێهێشت.
د. محەمەد سەیدعەلی ئاماژەی بەوەدا كە ئەمە نموونەیەکە لەدەیان نمونە کە ماوەماوە دەیانبینین بەهۆی دواکەوتن و ئەنجامدانی کاری هەڵەی وەک ناوکهێنانەوە و ناوککەوتن درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە و تووشی کێشە دەبن.
د. محەمەد سەیدعەلی گوتیشی نەشتەرگەری لابردنی ریخۆڵەکوێرە تا رادەیەک بۆ پزیشکان ئاسانە و بۆ نەخۆشیش ئاسان تێدەپەڕێ، بەڵام گەر دوای بخەیت و بگاتە حاڵەتی تەقین ئەوا کارەکە زۆر ئەستەم دەبێت؛ برینێکی گەورەتر، زەحمەتکەوتنی نەشتەرگەرییەکە، زیانگەیاندن بە بەشەکانی تری ریخۆڵە، زۆر مانەوە لەنەخۆشخانە، درەنگ چاکبوونەوە، هەوکردنی برینی نەشتەرگەرییەکە و دەیان شتیتری بەدوادا دێت.
پزیشكان خەڵك ئامۆژگاری دەكەن كە هۆشیار بن و بایەخ بە تەندروستییان بدەن و، تكایش دەكەن كە خۆیان بەدوور بگرن لەهەندێ هەڵەی باوی ناو کۆمەڵگا وەک ناوککەوتن و مەڵاشووکەوتن، کە زۆرجار کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

ھەواڵی زیاتر