وەزارەتی تەندروستی كاری پشكنین چڕ دەكاتەوە

وەزیری تەندروستی: پێنج حاڵەتی ئۆمیكرۆن تۆمار كراوە و چەند حاڵەتی گۆماناوییش هەیە

بۆ بەدواداچوون و زوو دەستنیشانكردنی حاڵەتە گوماناوییەكانی ئۆمیكرۆن، وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت ڕووپێوی پشكنینەكان چڕ دەكەنەوە و چاویان كراوەتر دەبێت لە سەر گەشتیارەكان.

د. سامان حسێن بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ئەوەی خستە ڕوو، کە ئێستا سەرقاڵی زیادكردنی تیمەكانی پێدانی ڤاكسینن و هەروەها چاویان لەسەر گەشتیارانە بۆ ئەوەی زووبەزوو حاڵەتەكانی ئۆمیكرۆن دەستنیشان بكەن. جەختیش دەكاتەوە كە ڤایرۆسی گۆڕدراوی ئۆمیكرۆن مەترسی هەیە و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكاتەوە كە باس لە سستبوونی ڤایرۆسەكە دەكەن.
د. سامان بەرزنجی، ئاماژە بەوە دەدات كە لەو پێنج حاڵەتەی یەكەمی ئۆمیكرۆن كە لە هەرێم تۆمار كرا، خانەوادەیەكی نۆ كەسی بوون شەش لەوان هەڵگری ڤایرۆسن، پێنجیان ئۆمیكرۆنیان گرتووە و یەكێكیشیان دلتا، بەڵام بە گشتی دۆخی تەندروستیان جێگیرە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن دوور دەبن لە توشبوون بە كۆرۆنا، ئەگەریش تووش بن ئەوا بە ئاسانی تێیدەپەڕێنن؛ جەختیش دەكاتەوە كە ڤاكسین ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت لە سەلامەتیی كۆمەڵگە.
وەزیری تەندروستی خۆشحاڵی خۆی و وەزارەتەكەی نیشان دا كە سەرۆكی حكوومەت بەردەوام پاڵپشتیان بووە بە ماددی و مەعنەوی، گوتیشی: ئەوانیش وەك وەزارەتی تەندروستی ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان. دەشڵێت: ئێمە خاوەنی شارەزاییەکی تەواوین لەگەڵ تیمی پەتا زانی وەزارەت گرنگترین ڕێكارەكان كە دەیگرنە بەر زوو دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی حاڵەتە گوماناوییەكانی كۆرۆنا و ئۆمیكرۆنە .
لە بارەی مەترسی زۆربوونی نەخۆشی كۆرۆنای گۆڕدراو وەزیری تەندروستی گوتی: لە سەرەتای هەڵكشانێكی نوێی كرۆناین و هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە و پرۆژەی فریاگوزاری تایبەتمەندمان هەیە؛ كاریش دەكەین بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و بۆهەنگاو وڕێكارەكانی خۆپارێزی پێویستە هاووڵاتیان هاوكارمان بن و ئەوەی بۆ ئۆمیكرۆن هەیە هەروەك هەنگاوەكانی پێشووە؛ بەستنی ماسك، دوری كۆمەڵایەتی، و نەچوونە بۆ شوێنی قەرەباڵغ.

ڤاكسین و ڕێكارەكان
دەربارەی بەردەوامی پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتیان، وەزیری تەندروستی گوتی:
لە هەرێمی كوردستان سێ جۆر ڤاكسینی كاریگەر كە سەلامەتە بۆ بەكارهێنان بەردەستە، تا ئێستە زیاتر لە ٢ملیۆن‌و٨٢٠هەزار ژەمی ڤاكسین دابین كراوە؛ لەو ژمارەیەش نزیكەی ملیۆنێک‌و٥٠٠هەزار ژەم بەكار هاتووە بەمەش دەكاتە 70% ڤاكسینی بەردەست بەكار هاتووە، هەروەها 180 سەنتەر پێدانی ڤاكسین و 45 تیمی گەڕۆكیش هەن و زیادیشیان دەكەین.
لە كۆتاییدا لە بارەی ئۆمیكرۆنەوە وەزیری تەندروستی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە سستبوونی ڤایرۆسەكە دەكەن و گوتی: بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی هەیە، چونكە بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە كە گوایە ڤایرۆسەكە كاریگەری نییە بە پێچەوانەوە دەبێتەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان خەمسارد بن لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپارێزی و بەمەش ئۆمیكرۆن خێراتر بڵاو دەبێتەوە و لە دەرئەنجامدا ڕێژەی توشبوون زۆر دەبێت و نەخۆشخانەكانیش پڕ دەبن لە نەخۆش، هەربۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین كە ئەو خێراییە كەمتر و هێواشتر بكەینەوە؛ دووبارە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندبن بە ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە.

ھەواڵی زیاتر