لە سۆران و دەوربەری، زیاتر لە حەوت هەزار كەس خەو بە دەست و قاچەوە دەبینن

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

ئەحمەد عەلی ڕەسووڵ، ئێستە تەمەنی ٣٠ ساڵانە و دانیشتووی قەزای سۆرانە، ئەو لە زکماكەوە دەست و قاچی ناتەواوە، هەربۆیە لە تەمەنی چوار ساڵاندا هەردوو قاچەكەی لێ دەکەنەوە، تا تەمەنی ئێستەی هەشت جار نەشەرگەری بۆكراوە، بە دوو قاچی دەستكردەوە ڕۆژانە كاروباری جێبەجێ دەكات، بەڵام ئێستە دوو قاچە دەستكردەكەی داڕزاوە و پێویستی بە گۆڕینە، ئومێدێك نییە بۆ ئەحمەد تا دوو قاچی دەستكردی پێ بدرێت، شەوان تا بەیان لەبەر قاچە داڕزاوەکەی ئەوگارە و لە تاو ئازار و خوێنلێچۆڕین خەو ناچێتە چاوی.

ئەحمەد عەلی تاكە كەس نییە كە بەدەست نەبوونی قاچی دەستكردەوە بناڵێنێت؛ زیاتر لە حەوتهەزار كەس كە فایلەكەیان تۆزی لێ نیشتووە و هیوای هەڵدانەوەی نییە لە نەخۆشخانەی ئۆرتۆپیدی سۆراندا کەڵەکە بووە. ئەو نەخۆشخانەیە كە پێشتر چارەسەری ئەو حەوتهەزار كەمئەندامەی دەكرد، بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەكەیەوە كە ڕێكخراوێكی ئەڵمانی سەرپەشتیی دەكرد، ڕادەستی حكوومەتی هەرێم كراوە و ئێستە دەستبەتاڵ دانیشتوونە و هیچان پێ ناكرێت بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە.
ئەحمەد دەڵێت: “من وەك کەمئەندامێک کە لە منداڵیەوە هەردوو قاچم لە سەر ئەژنۆوە بڕاون، ساڵانە پێویستم بە گۆڕین و قاچی نوێ هەیە بەهۆی گۆڕانکاری و گەورەبوونی جەستەم. ئەو بە هەناسەساردییەوە دەشڵێت: ساڵانێک بوو لە نەخۆشخانەی ئۆرتۆپیدی سۆران قاچم بۆ دروست دەکرا، بەڵام چەند ساڵێکە بەهۆی نەبوونی كەرەستەی تایبەت بە دەست و قاچی دەستکردەوە هیچمان بۆ ناکەن. تا ئەوکاتەی نەخۆشخانەی ئۆرتۆپیدی سۆران لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوە بیانیەکاندا بوو کەمئەندامان لە (بەغدا، گەرمیان، سلێمانی، پشتدەر، دهۆک، زاخۆ، مووسڵ) و تەواوی عێراقەوە ئەهاتن بۆ دەزگای دەستوپێی دەستکرد ئۆرتۆپیدی سۆران، بەڵام بەداخەوە لەوەتەی کەوتۆتە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی حکومەتی هەرێمەوە بەڕادەیەک ئەو نەخۆشخانەیە پەکی کەوتووە کە قاچێکی دەستکردی شکاویشیان پێ چاک ناکرێتەوە نەک دروستی بکات.”
دەڤەری سۆڕان بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە و هەبوونی شەڕی نێوان عێراق و ئێران و هەروەها جێگری پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەكانی ئەو دەڤەرە، حكوومەتی لەناوچووی بەعس زۆرینەی شوێنەكانی بە بۆمبی چێنراو فەرشڕێژ كردبوو، كە تا ئێستەش دەیان كێڵگەی لوغمڕێژی لێ ماوە و هێشتا پاك نەكراونەتەوە لەو لوغمە چێندراوانە.
هەر بۆیە دانیشتوانی ئەو سنوورە لە چاو شارەكانی تری هەرێمی كوردستان کەمئەندامیان زیاترە.
بە گوتەی ئەحمەد هەر قاچێكی دەستكردی سلیكۆن بەهاكەی دەگاتە چوار دەفتەر دۆلار كە ئەمەش بۆ كەمئەندامان پارەی خەونیانە و ناتوانن خۆیان و كەسوكاریان ئەو پارەیە دابین بكەن.
هەربۆیە ئومێدێكیان كە هەبێت تەنها حكوومەتە و داواكارن كە:سه رۆکی حكوومەتی هەرێم و وەزیری تەندروستی، وەزیری كاروكارباری كۆمەڵایەتی و رێکخراوەكانی كەمئەندامانی كوردستان هەوڵی جددی بدەن ئەحمەد لەو نەهامەتییەی ئێستەی ڕزگار بكەن و هەوڵی بۆ بدەن بۆ کڕینی كەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی قاچەکانی و هاوكاری بن، چونکە قاچە دەستکردەکانی شکاون و هەردوو ڕانی زامدارە؛ ئەو هیوادارە بەدەمیەوە بچن و لەو دۆخە ڕزگاری بكەن.

ھەواڵی زیاتر