دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

بەشێك لە قوتابیان بە چاوی خەوەوە دەنێردرێنە قوتابخانە

مامۆستایەك: قوتابیمان هەیە لەكاتی وانەوتنەوە خەوی لێ دەكەوێت و ئێمە لەخەو هەڵی دەستێنین

بەهۆی ناڕێكی لە سیتمەی خەوی قوتابیان، بەتایبەت قوتابیانی بنەڕەتی، لەنێو قوتابخانە خەویان لێ دەكەوێت و ئەگەریش نەخەون لە تاو خەواڵوویی ناتوانن بە باشی گوێبیستی وانەكانیان بن.

مامۆستا ئیدریس لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر وانە دەڵێتەوە و ئاماژە بەوە دەدات زۆرینەی ڕۆژەكان گرفتیان لەگەڵ بەشێك لە قوتابییەكان هەیە كە باش ناخەون و خەوەكەیان دەهێنن بۆ نێو قوتابخانە.
مامۆستا ئیدریس دەشڵێت: چەندین جار قوتابیمان لە خەو هەڵساندووە، هەروەها چەندین كۆبوونەوەی دایك و باوكانیشمان سازكردوە و جەختیشمان لێیان كردوەتەوە كە پێویستە قوتابیەكانیان ڕابهێنن لەسەر زوو خەوتن، بەڵام ئەو هەوڵانەیان بێسوود بووە.
بەهۆی گۆڕانی سیستەمی خەو و كاتەكانی خەو، بەشێكی زۆری خێزانەكان لە هەرێمی كوردستان بێ بەرنامە سەردانی شوێنە گشتییەكان و تەنانەت ماڵەخزمەكانیش دەكەن، پشوەكان و سیستەمی دوو دەوامی قوتابخانەكان بە هەمان شێوە گرفتی بۆقوتابیانیش دورست كردوە.
ڕێكخستنی سیستەمی خەو پێویستی بە ڕۆشنبیری دایك و باوكان هەیە و هەروەها پێویستە قوتابییەكانیان لەسەر ئەوسیتەمی خەوە ڕێك بخەن كە گونجاوە و پزیشكان پەسەندی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش د. شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی پسپۆڕی فسیۆلۆجی پزیشکی چەند ئامۆژگارییەكی هەیە بۆ دایك و باوكان و ڕوونیدەكاتەوە كە: بە چەند هەنگاوێکی سادە ئەگەر بە جددی وەرگیرێت ئەوە بۆی ھەیە کات و کاتژمێری بایۆلۆجی خۆمان و منداڵەکانمان رێک خرێت:

د. شێروان رەحمانەشەل لە چەند خاڵێكدا ئەم ئامۆژگارییانە دەخاتە ڕوو:
١. خۆت و خێزانت پێش منداڵەکان، کاتژمێر ٩-١٠ی شەو گشت چالاکییەکان ڕاگرن و بخەون.
٢. گشت لایت و گلۆپەکان بکوژێنەوە. تاریکی یارمەتیدەرە بۆ خەو.
٣. هێمنی و بێدەنگی زۆر پێویستە بۆ خەو. بۆیە رێگا مەدەن هیچ قسە و دەنگ هەبێت.
٤. پلەی گەرما ی گونجاو: ژوورەکان لە پلەی گەرمی ٢٥ سیلسی بن، واتە نە سارد و نە گەرم.
٥. گشت ئامێرەکان: تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر، تابلێت، مۆبایل وەرگیرێتەوە لە هەمووان و بکوژێنرێتەوە. تەنها یەک دوو مۆبایلی دایک و باوک بۆ کاری پێویست کراوە بێت. هێلی ئەنتەرنێت بە شەو ببڕێت.
٦. سەردان و میوانداری ڕاگیرێت؛ تەنها پێش یان دوای ڕۆژئاوا بۆ کاتژمێر ٨:٣٠ بێت.
٧. خوێندن: دەکرێت بەیانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتندا بێت، باشتر و تەندروسترە لە خوێندن بە درەنگانی شەو.
٨. خواردن و خواردنەوە: لە کاتی ڕۆژئاواوە ڕاگیرێت. خواردنەوەی چا و قاوە و چوکلێت و نیسکافە و پێپسی و کۆلا بە تەواوی ڕاگیرێت لە دوای کاتژمێر ٦ی ئێوارە.
٩. با منداڵ بە عەسران و پێش ڕۆژئاوابوون نەخەوێت بۆ ئەوەی شەو بە ئاسانی بخەوێ.
١٠. چالاکی جەستەیی بە رۆژدا و خۆشوشتن، گەرماو، خواردنەوەی شیر یان ماست یارمەتیدەرن بۆ خەو.
هەروەها هیوادارم مامۆستا و قوتابخانەکان ڕۆژانە ئاگاداری ئەو خێزانانە بکەنەوە کەوا منداڵیان لە پۆل چاوبەخەون یان خەوتوون یان لە وانەی یەکەم درەنگ دێنە پۆل.