د. هاوكار ئەحمەد:درەنگ کەوتنی زانینی هەر گرفتێك لە كۆرپەلەی نێو سكی دایك حاڵەتی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە

پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان جەخت لەسەر هۆشیاری ئافرەتی دووگیان دەكاتەوە و بە پێویستی دەزانێت لە هیچ دۆخێكدا دووگیانییەكەی خۆی پشتگوێ نەخات.

ئاخۆ پێویستە هەموو ئافرەتێكی دووگیان بەردەوام و ناوبەناو سەردانی دکتۆری ئافرەتان بکات هەتا کۆتایی سکەكەی و لەدایكبوونی كۆرپەكەی؟
د. هاوكار عەبدوڵا ، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان جەخت دەكاتەوە كە پێویستە ئافرەتی دووگیان ئاگای لە خۆی و كۆرپەكەی نێو سكی بێت و زوو زوو سەردانی پزیشك بكات. ئەو پزیشكە پسپۆڕە نموونەی حاڵەتێكی نەخوازراوی گێرایەوە كە لە شاری هەولێر ڕووی داوە و گوتی: ئافرەتێکی دووگیان، کە تا کۆتایی سکپڕیەکەی، کۆرپەکەی زۆر نۆرماڵ بوو لە سۆنار.
لە دوایین ڕۆژەکانی سکپڕی، پسپۆری ئافرەتان کە بەردەوام چاودێریی کردووە دەینێرێت بۆ سۆنار و دەردەکەوێت کە کیسێکی زۆرگەورە لەناو سکی منداڵەکە پەیدابووە بە گوێرەی پشكنینەكە ١٢ ڕۆژ پێشتر نەبووە، کە کاری کردبووە سەر تەندروستی کۆرپەکە.
دوای ڕاوێژکردن و وەرگرتنی رای لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە ، بڕیاریاندا بەزووترین کات کۆرپەکە دەربێنین و تیشک و سی تی سکان بۆ منداڵەکە ئەنجامدراو، سکی مناڵەکە بەشێوەیەک ئەستوور بووبوو کە تووشی تەنگەنەفەسی کردبوو.
دوای ئامادەکردنی، نەشتەرگەری کتوپڕ ئەنجامدرا بۆ رزگارکردنی منداڵەکە لە خنکانێکی مسۆگەر.
دەرکەوت کە لە سکی دایکیەوە ریخۆڵەی تەقیبوو، ٢٠٠ سی سی پیساتی رژابوە ناو سکی.
دوای کاتژمێرێک و نیو نەشتەرگەری، ناوسکی پاککرایەوەو بەشە ڕزیوەکەی ڕیخۆڵەی بڕا و فڕێ درا، بەشە ساغەکەشی لێک دوورایەوە.
دوای پێنج ڕۆژ، منداڵەکە دوای شیرخواردن و پیساییکردنێکی ئاسایی نێردرایەوە ماڵەوە.
سوپاس بۆ خودا
د. هاوكار عەبدوڵا ڕوونیشی دەكاتەوە كە درەنگکەوتنی زانینی ئەو حاڵەتەو بەدرەنگداخستنی نەشتەرگەری، دەبووە هۆی پیسبوونی خوێن و هەناسەتەنگی منداڵەکە و کەمبوونەوەی ئەگەری ژیانی.

ھەواڵی زیاتر