سەركەوت كاڕەش: پێویستە لە كاتی لافاودا بچیتە شوێنی بەرز

كارمەندێكی تەندروستی پێشنیاری دروستكردنی ئەنجوومەنی گەڕەكەكان دەكات

حەسەن موحسین هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو لە ڕێگەی تەلەفزێۆنەوە سات‌بەسات سەیری زیانەكانی لافاوەكەی شاری هەولێری دەكرد، لە لەگەڵ هاوڕێكانی لە یەكێك لە چایخانەكانی شەقامی ئیسكان دانیشتبوو، بەدەم چاخواردنەوە، زوو زوو ئاخ و هەناسەیەكی ساردی هەڵدەكێشا، بە تایبەت كاتێك كە زوو زوو باس لە دیار نەمانی جگەرگۆشەیەکی ١٠مانگان دەكرا.

حەسەن موحسین، گوتی: خۆزگە پێش ئەم ڕووداوانە، چۆن ئێستە بەو شێوە گەرموگوڕە هەواڵەكان دەگوازنەوە و ڕووماڵی كارەسات و لافاوەكە دەكەن، بە هەمان شێوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەڵمەتێكی ڕاگەیاندن و هۆشیاری بەربڵاو بكرایە بۆ ئەوەی خەڵك هۆشیار بكەنەوە كە لە كاتی ڕوودانی كارەساتە سروشتییەكان چی بكەن؛ ئەم هۆشیارییە بۆ تاك زۆر گرنگە، ئەگەربێتو لایەنە پەیوەندی دارەكان بەهەماهەنگی ڕێكخراوەكان و مامۆستایانی ئایینی و ئەوانەی ڕۆڵیان هەیە لە كۆمەڵگە دەتوانن پێكەوە كار بكەن بۆ ئەوەی ئیتر تووشی ڕووداوی لەو شێوەیە نەبینەوە.
حەسەن گوتیشی: کارەساتی سروشتی لە هەموو سەردەمێک و لە هەموو جیهان هەیە تەنانەتلە ووڵاتە پێشكەوتووەكانیش ناتوانن بەری پێبگرن، بەڵام خۆ ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ئەركی ڕاگەیاندنە و پێویستە كاری جددی بۆ بكەن.
عەلی ئیبراهیم، كارمەندی تەندروستی لەبەشی فریاگوزاری سەرەتایی، پێشنیار دەكات كە لە هەموو گەرەكەكان ئەنجومەندروستبكرێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی كارەساتە نەخوازراوەكان ببنەوە.
عەلی ئیبراهیم گوتی: داواکارم بە پەلە لە ئاستی هەموو گەرەکێک ئەنجومەنێک دروست بکرێت بە هاوبەشی نوێنەرانی پۆلیس و شارەوانی و تەندروستی و مزگەوت وزانا و مامۆستا و رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بۆ ئامادە باشی هەر رووداوێکی کتوپڕ، هەروەها راهێنان بە گروپی خۆبەخش بکرێت لە ئەمریکا نزیکەی ١٠هەزار ئەنجومەنی گەرەک هەیە، جونکە بە هۆی گۆرانکاری کەش و هەوا ئەم رووداوە سروشتیە نامۆیانە زۆر تر دەبن و پێداچونەوەش بە پلانەکان بکرێت و کەسی پسپۆڕ و شارەزا دابنرێت بۆ پلاندانانی شار و جومگەکانی بەرێوەبردن کە بە هاوتەریبی کار لەسەر ژێرخان و سەرخان بکرێت.
لە بارەی هۆشیاری هاووڵاتیانیشەوە، سەركەوت كارەش، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: پێویستە لەكاتی ڕوودانی كارەساتە سرووشتییەكان شڵەژان ڕوو نەدات، هەروەك ئەوەی زانیمان یەكێك بەهۆی ترسەوە جەڵتە لێی دا و ئافرەتان و منداڵان لە ترس و دڵە ڕاوكێدابوون و لەسەربانەكانەوە هاوار یان دەكرد و دەیان قیژاند، ئەم جۆرە كارانە بۆ پێویستی بەهۆشیاری هەیە بۆیە لە كاتی ڕووداووی لافاو پێویستە هەوڵ بدرێت بەرەوە بەرزترین خاڵ بڕوات نابێت پەنا ببرێت بۆ ئەوەی هەڵبێیت لە خۆوە چونكە كاتێك كەسەكە دەیەوێت بڕوات بەرەو شوێنێك ئەو نازانێت شەقامەكە چی تێدا گوزەراوە، ئەگەر هەیە بیست مەتر ئەولاتر پرد رووخابێت یان زەوی داڕمابێت یانیش تەلی كارەبا پچڕابێت و ئەو ناوە بووبێت بە كارەبا بەمەش دیسانەوە كارەساتی گیانی ڕوو دەدات، هەر بۆیە لەو حاڵەتانەدا پێویستە بڕۆنە نهۆمی دووەم یانیش سەربان بۆیە دەتوانیت بە شێوەیەكی ڕێكوپێك هەڵسوكەوت بكەیت بۆ ئەوەی سەلامەت بیت لە هەر ئەگەرێكی نەخوازاو.

ھەواڵی زیاتر