فیلەر و بۆتۆکس و سوود و زیانی

د. گەشین کەمال: كچی وا هەیە ٢٠ ساڵانە و داوای فیلەر دەکات كە بە هیچ جۆرێک پێویستی پێی نییە.

كچان خواستیان لەسەر بەكارهێنانی بۆتۆكس و فیلەر هەیە، پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ڕێژەیەکی بەرچاو سەردانیان دەكەن، ئەم خواستەش وای كردووە كە كۆمەڵیك كچی تازەپێگەیشتوو داوا لە پزیشكان بكەن كە بۆتۆكس و فیلەریان بۆبكەن، كە لەگەڵ تەمەنیان گونجاو نییە.

پێشكەوتنەكانی بواری جوانكاری ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیادبوون دەكەن و خواستیش لەسەریان زۆرە، دكتۆر گەشین کەمال، پسپۆڕی پزیشکی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست لەبارەی بەکارهێنانی بۆتۆکس و فیلەر و سوود و زیانەکانی چەند ڕوونكردەنەوەیەك دەخاتە ڕوو. هاوكات چەند ئامۆژگارییەكیشی هەیە بۆ ئەوكەسانەی كە ئەو خواستەیان لا دروست بووە.
سەرەتا لە بارەی بۆتۆکس د. گەشین کەمال ڕوونی كردەوە كە ماددەیەكی ژەھراوینی نیرۆتۆكسینە بەكار دەھێنرێت بۆ ئەوەی ماسولكەكان لەكار بخات، ئەم بەكارهێنانەش خراپ نییە كە لە بنەڕەتدا بۆ کەمکردنەوەی چرچی لە رووخساردا بەکار دەهێندرێت بەمەش لەسەر ماسولكەكان كاردەكات دەكات. هەر بۆیە بەكارھێنانی خراپ نییە بگرە سوودی ھەیە، بۆئەوەی چرچی لە ڕوخساردا كەمبكاتەوە ئەمە یەكێك لە ئیشەكانیەتی.
بۆتۆكس ئیشی زۆر دەكات جگە لەوەی كە چرچیش كەمدەكاتەوە لە ڕوخساردا، ئەنزیمێك ھەیە لە ماسولکەکدا ناھێڵێت دەربدرێت و ماسولكەكە جوڵە دروسبكات كە جوڵەی دروست نەكرد ئەو چرچە جوڵاوانە كەمدەكاتەوە.
بۆتۆکس جگەلەوەی بۆ لابردنی چرچی سوودی هەیە بۆ نەهێشتنی ئارەقکردنەوەش سوودی هەیە، هەروەها بۆچارەسەری شەقیقە بەکاردەهێندرێت، یەكێکی دیکە لە کارەکانی بۆ نەهێشتنی ئارەقکردنەوەی دەست و بنی پێ و بن باڵ بەکاردەهێندرێت.
لە بارەی ئەوەی كە ئایا هەموو كەسێك دەتوانێت بۆتۆكس بكات
د. گەشین کەمال گوتی: ئەو كەسانەی نابێت بۆتۆكس بكەن ئەوانەن كە بە ماددەی بۆتۆكس هەستیارن و ئاڵۆشی پێ دەکەن. كەسەكان خۆیان نایزانن ھەندێك جار لە كاتی بۆتۆكسكردنەكەدا ھەستیارییەك دروست دەكات دەموچاویان دەئاوسێت، سوور دەبێتەوە ئەو کاتە دەبێت جۆرەکەی بۆ بگۆڕدرێت یان هەر بۆی بەکار نەهێندرێت.
بۆتۆكس جۆری هەیە یان هەموو یەك جۆرن؟
د. گەشین کەمال: بۆتۆکس جۆری زۆرە هەیە غازییە هەیە ماددەی بۆتۆكس نییە ناوی (دسپۆرتە) یان (ماسپۆرت). بەڵام ھەمویان یەک كار دەکەن.
هەركاتێك ناوی بۆتۆكس دێت یەكیسەر دەشڵێن فیلەر جیاوازییانچییە؟ فیلەر جۆری ترشەڵۆكی (ھایەلەرۆنیکە) کە هایەلەرۆنیک ئەسیدی پێ دەوترێت ئەو (فیڵ) ئەكات واتە قەبارە بەو شوێنە دەدات کۆ بۆیدەکرێت جا بە ڕوخسار یان ژێرچاوبێت، واتە بۆ ئەو شوێنانەی کە خەتی چەسپاوس و جوڵە و چرچی چەسپاوی تێدایە بەكار دەھێنێت، بەڵام بۆتۆكس پێچەوانەی فیلەرە واتا پڕكردنەوە ناكات ئەوەی دەیكات بەس چرچە جوڵاوەكان چاكدەكات و لایان دەبات.
هەر بۆیە ئەو کەسانەی هەستیاریان هەیە نابێت بەکاری بهێنن و یان زیانی لاوەكی هەیە ھەندێك جار ھەیە چاو داكەوتن ڕودەدات بۆ ماوەیەکی كاتی، بەڵام بۆ ماوەی سێ بۆ چوار ھەفتە چاك دەبێتەوە کە ئەوە خراپترین زیانی بۆتۆكسە ئەویش لە ھەموو كاتێكدا ڕوو نادات و زۆر دەگمەنە. ئەو حاڵەتەش کاتێك ڕوودەدات بەھۆی ئەوەی كەسەكە هەستیارە بە بۆتۆكس یان ئەوەتا جورعەیەكی زۆر بەكار بھێندرێت یان كەسەكە ڕێنماییەكانی بۆتۆكس جێبەجێ نەكات کە لەسەرەتادا بۆی دەکرێت نابێت بۆ ماوەی چوار کاتژمێر سەر دابنەوێنێت، چونکە لەوانەیە بۆتۆكسەكە داببەزێت بۆ ناو دەوروبەری چاو و چاو دابكەوێت بۆ ماوەیەكی كاتی نەك بۆ ماوەیەكی بەردەوام.
لەبارەی زیانەكانی فیلەرەوە د. گەشین کەمال گوتی: دەتوانم بلێم فیلەر زیانی ئەوەندە زۆر نییە لە توێژینەوەکاندا باس کراوە کە زۆر دەگمەنە، بەڵام ھەندێك شوێن ھەیە لە دەموچاو لە ڕوخساردا كە ئێمە فیلەریان بۆ دەكەین ئەو شوێنانە پێیاندەوترێت ناوچەی ترسناک واتە ئەو شوێنانە دەبێت زۆر بە وریاییەوە فیلەری بۆ بکرێت.
یەكێك لەو شوێنانە ژێر چاوە کە دەبێت بە وریاییەوە فیلەری بۆ بەکاربهێندرێت، کە هەندێک لە پزیشکەکان بە تەکنیکی خۆیان بەکاریدەهێنن بەڵام باشترە بە کانۆلا بۆیان بەکاربهێندرێت واتە ناوچەی لای چاوەکان نا بەس تەنیشت نێوچەوان بۆ بەشی خوارەوەی لای چاوەوە ئەو ناوچەیەش دەبێت پزیشكەكە ئاگادار بێت زۆر بە ھێواشی و بە تەكنیكێكی سەلامەت فیلەرەكە بكرێت، هەروەها لە دەوروبەری دەمیش دەبێت بە وریاییەوە بکرێت.

ئەوانەی فیلەر و بۆتۆكس دەكەن تا چەند سوودی لێ وەردەگرن؟ ماوەی كردنی بۆتۆكس چوار بۆ شەش مانگ دووبارە دەکرێتەوە، بەپێی حاڵەتەكە ھەندێك جار ھەیە زیاتریش دەڕوات بەپێی كەسەكان چەند جار بۆتۆكس بكرێتەوە ئەوەندە جار كەسەكە سوودی لێدەبینێت و زیاتر چرچە جوڵاوەكانی كەمتر دەبێتەوە، بەڵام ماوەی مانەوەی فیلەر بە پێی جۆری كوالێتی فیلەرەكەیە، بەڵام رێنمایی کەسەکان دەکەین کاتێک فیلەر دەکەن جۆری کوالێتی بەرز بەکاربهێنن، چونكە ئێستا لە وڵاتی ئێمە كوالێتی زۆر خراپیش ھەیە، بەڵام لەبەرئەوەی هەرزانە زیاتر خواستی بەکارهێنانی زیاترە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بێئەوەی کەسەکان بیربکەنەوە كە دواتر زیان بە ماسولكەکانی دەگەیەنێت ماكەكانی زۆر خراپترە لە قازانجەكەی.
مانەوەی فیلەر لە شەش مانگەوە دەستپێدەكات تا ساڵێک و دوو مانگ، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە فیلەرەکە چەند باش بێت ئەوەندە دەمێنێتەوە بە پێچەوانەوە ئەو فیلەرانەی كە ماددەی سلیكۆنی تێدایە خراپەكانن، بەڵام زۆریش دەمێنێتەوە كەواتە شەرت نییە ئەگەر زۆر مایەوە كوالێتی بەرز بێت، بەڵام ئێمە ئێستا چەند جۆرێك فیلەر بەكار ئەھێنین كە fda پەسەندی کردوە.
هەستدەكرێت كەسانێكی زۆر سەردانی نۆرینگەكانی جوانكاری دەكەن ئێوەش ئەوە بەدی دەكەن؟
د. گەشین کەمال: بەڵێ ئێستا زۆر بەکاردەهێندرێت، بەڵام دەبێت پزیشک بزانێت فیلەر بۆ کێ بەکاردەهێندرێت بۆ کێ بەکارناهێندرێت، چونکە کەسی وا هەیە تەمەنی ٢٠ ساڵە دێت داوای فیلەر دەکات کە پێویستی پێی نییە بە هیچ جۆرێک، یان داوای شتێکت لێدەکات کە بۆ ئەو نابێت بۆیە بە پێی کەسەکان دەگۆڕێت چی لەگەڵ رووخساریدا دەگونجێت ئەوەی بۆ بکرێت نەک بە ویستی خۆی بێت، بۆیە ئێمە هەمیشە وتومانە ئەبێت جوانكاری جوانكاری بێت ناشرین كاری نەبێت لە حەدی خۆی دەرنەچێت چونكە بە پێچەوانەوە لە حەدی خۆی دەربچێت شتێكی ناشرین دەبێت شتێك دەبێت ڕوخسار تێك دەدات ناسروشتی دەبێت.
لە كۆتاییدا چ ئامۆژگاریتان بۆ ئەو کەسانە هەیە کە بۆتۆکس و فیلەر بەکاردەهێنن؟
د. گەشین کەمال: هەمیشە ئامۆژگاریمان بۆ کەسەکان ئەوەیە کە ئیشێكی ناسروشتی نەكەن، چونكە دوای ئەوە كۆمەڵگا وای لێ دێت بەرەو كۆمەڵگایەكی خراپ دەڕوات، لەبەرئەوەی ئەگەر شتی ناسروشتی بەكار بهێندرێت بە دڵنیاییەوە خەڵك زیاتر سەیری دەكات.

ھەواڵی زیاتر