د. هێمن فەخرەدین: هەوکردنی گوێ یاخود گیرانی ڕێڕەوی گوێ دەبێتە هۆی پەستان و زرنگانەوەی گوێ

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

گوێزرنگانەوە بریتییە لە هەستکردن بە زرنگانەوە یان ژاوەژاو لە یەکێک یان لە هەردوو گوێ بەبێ هیچ هۆکارە دەنگێکی دەرەکی؛ کەسانی دەوروبەر هەستی پێ ناکەن.

د. هێمن فەخرەدین حامید پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ ڕوونی دەكاتەوە كە هەوکردنی گوێ یاخود گیرانی ناوکەلی گوێ (ڕێڕەوی گوێ)، پەستان و زرنگانەوە لە گوێدا دەنێتەوە؛ ئەو پزیشكە پسپۆڕە لە بارەی هۆكارەكان و چارەسەرییەكانی زرنگانەوەی گوێوە چەند زانیارییەك دەداتە خوێنەران.
د. هێمن فەخرەدین دەڵێ گوێزرنگانەوە کێشەیەکی باوە و، سەدا 15-20ی خەڵک تووشی دەبێت بەتایبەت لە بەساڵاچواندا.
دەشڵێت:گوێزرنگانەوە ڕەنگە بەردەوام هەستی پێ بکرێت، یاخود ماوەیەک هەبێت و پاشان نەمێنێت.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
1- هەندێک کەس بێزار نابن بە گوێزرنگانەوە، بەڵام ئەو کەسانەی ژیانیان تێک چووە بەهۆی گوێزرنگانەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەن.
2- سەردانی پزیشک بکە هەرکاتێک:

  • تووشی گوێزرنگانەوە بوویت دوای هەوکردنی بەشی سەرەوەی سییەکان و تا هەفتەیەک باش نەبوویتەوە.
  • هەرکات ئاستی بیستن دابەزی یاخود سەرەگێژەیشی لێ پەیدا بوو.
  • هەرکات گوێزرنگانەوە تووشی قەڵەقی و خەمۆکیی کردیت.

هۆکارەکانی تووشبوون بە گوێزرنگانەوە چین؟
د. هێمن فەخرەدین لە بارەی هۆكارەكانی گوێزرنگانەوە گوتی: هەندێک حاڵەتی تەندروستی ڕەنگە هۆکار بن بۆ دروستبوون و خراپبوونی گوێزرنگانەوە، لەوانە:

  • کەمبوونەوەی ئاستی بیستن، بەهۆی شکاندن و لەناوچوونی خانە مووەکانی گوێی ناوەوە، کە بەهۆی بەساڵاچوون و بەردەوام بەرکەوتن لەگەڵ دەنگی بەرز ڕوودەدات، بەمەش ڕاگەیاندنی نادروست بۆ مێشک دەنێرن و گوێزرنگانەوە دروست دەکات؛
  • هەوکردنی گوێ یاخود گیرانی ڕێڕەوی گوێ، پەستان و زرنگانەوە لە گوێدا دروست دەکات، لەگەڵ چەند کێشەیەکی دیکەی ماسولکە و ئێسکی گوێ دەبنە هۆکارن؛
  • برینداربوونی سەر و مل کە زیان بە دەمارەکانی بیستن و مێشک دەگەیەنن.
  • بەکارهێنانی چەند دەرمانێک وەکو NSAID، دژە زیندەییەکان، دەرمانی شێرپەنجە و میزپێکەرەکان، دەرمانی مەلاریا و خەمۆکی.
  • چەندین حاڵەتی دیکە وەکو گرێی مێشک و مل، کێشەی دەمار.
  • کێشەکانی موولوولەی خوێن، وەکو ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، بەرزی پەستانی خوێن و کێشەی موولوولەی خوێن و قەڵەوی.
    *هەندێک نەخۆشی درێژخایەن وەکو نەخۆشییەکانی شەکرە، گرێ (غودە)، سەراسێ (شەقیقە)، کەمخوێنی و، ژانوبا (ڕۆماتیزم).

ئەو شتانەی ئەگەری تووشبوون بە گوێزرنگانەوە زیاد دەکات:
1- بەرکەوتن لەگەڵ دەنگی بەرز بۆ ماوەیەکی زۆر وەکو دەنگی ئامێر، یارییەکان و هێدفۆن
2- تەمەن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کاری ڕیشاڵە دەمارییەکان کەمدەبێتەوە و کێشەی بیستن زیاتر دەبێت.
3- لە پیاواندا زیاتر گوێزرنگانەوە ڕوو دەدات.
4- تەماکۆکێشان و مەیخواردنەوە و جگەرەکێشان.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی تووشبوون بە گوێزرنگانەوە بریتین لە:
ماندوویەتی، بار (سترێس)، خەوزڕان و بیرکردنەوە، خەمۆکی و قەلەقی، سەرئیشە، کێشە لە کارکردن و ژیان.
د. هێمن فەخرەدین لە كۆتاییدا ئاماژە بە ڕێگاکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە گوێزرنگانەوە دەكات كە بریتین لە:

  • بەکارهێنانی گوێپارێزۆک یاخود کپەک لەکاتی دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەدا؛ گوێگرتن لە موزیک و دەنگی بەرز بە هێدفۆن بە بەردەوام، کار دەکاتە سەر ئاستی بیستن.
  • گرنگی بە تەندروستی سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان بدە، ئەویش بە وەرزشکردنی بەردەوام، خواردنی تەندروست و کێشی شیاو.
  • خواردنەوە کافاینەکان و کحولییەکان و نیکۆتین سنوردار بکە.
    هەربۆیە چارەسەرکردنی گوێزرنگانەوە بە گشتی بەندە بە چارەسەرکردنی ئەو هۆکارەی گوێزرنگانەوەکەی دروست کردووە، پزیشک دوای پشکنینی تەواوەتی چارەسەر دادەنێت.
ھەواڵی زیاتر