د. ئومێد قەرەداغی:سیتی کۆرۆنەری ڕێگایەکی سەردەمیانەی زۆر ئاسانە کە تەنها لە ڕێگای کانوێلایەکەوە و بە ئامێری سیتی سکان ئەنجام دەدرێت

لە ڕۆژگاری ئێستەدا نەخۆشییەکانی دڵ و بەتایبەتی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ هۆکارێکی هەرە سەرەکیی مردنە لە جیهاندا، ئەوەش بەهۆی کەمی جوڵە و جگەرەکێشان و پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرەو بەرزی چەوری خوێن و قەڵەوی و زۆر خۆری مرۆڤی ئەم سەردەمەوەیە بە جۆرێک کە ئێستا لە گەنجی تازە پێگەیشتووشدا ئاستی چەڵتە و زەبحەی دڵ (سنگەکوژێ) بەڕادەیەکی بەرچاو زیادبووە.

تەکنەلۆجیای نوێ و توێژینەوە زانستییەكان بەردەوام بەدوای هۆکاری نوێوەیە کە بە شێوەیەکی ئاسانتر بتوانێت بەر لەوەی مرۆڤ دوچاری چەڵتەی دڵ و مردنی کوتوپر ببێتەوە نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات بەتایبەتی کە نەخۆشییەکانی دڵ چارەسەرکردنیان ئاسان و بەردەستە بەڵام پشتگوێخستن و دەستنیشان نەکردنیشیان کوشندەو ترسناکە.
د. ئومێد فایەق قەرەداغی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن، لێرەدا باس لە یەكێك لە نوێگەرییە پێشكەوتووەكانی ئەو بوارەدەكات كە بریتییە لە سیتی کۆرۆنەری كە ڕێگایەکی سەردەمیانەی زۆر ئاسانە کە تەنها لە ڕێگای کانوێلایەکەوە و بە ئامێری سیتی سکان ئەنجام دەدرێت بەهۆیەوە دەتوانرێت نەخۆشی گیرانی بۆرییەکانی دڵ و بوونی گرێ و کون و کەموکوری لە دڵدا بە ئاسانی دەستنیشان بکرێت
د. ئومێد قەرەداغی باس لەو كەسانەدەكات كە کێن پێویستیان بەئەم پشکنینە هەیە بۆ دڵیان:
١. ئەگەر سنگت ئازاری هەیە لەکاتی هیلاکیدا و تەمەنت لەخوار ٤٠ ساڵەوەیە لە پیاواندا و لەخوار ٤٥ ساڵیی لە ژناندا.
٢. ئەگەر سنگئێشەکەت پەیوەندی نییە بە هیلاکییەوە و تەمەنت ٥٥ساڵان بەرەو خوارە لە پیاواندا و خوار ٦٥ ساڵە لە ژناندا.
٣. ئەگەر سنگت دەئێشێت و جگەرەکێشیت، یان چەوریت بەرزە، یان بەرزەپەستانی خوێنت هەیە، یان شەکرەت هەیە، یان لە خێزانەکەتدا کپداگەڕان یاخود جەڵتەی دڵ و مردنی کوتوپر هەیە، یان قەڵەویت، یان کارەکەت جووڵەی کەمە و هەر دانیشتوویت.
د. ئومێد قەرەداغی جەخت دەكاتەوە ئەو كەسانەی كە ئەو نیشانانە بەدی دەكەن دەتوانن بەرلەوەی تووشی کپداگەڕانی دڵ و دەردی کتوپڕ ببن بەم پشکنینە لە تەندروستی خوێنبەرەکانی دڵیان دڵنیا ببنەوە.

ھەواڵی زیاتر