د. داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناو و شەکرە ڕوونی دەكاتەوە كە نیشانەی هەموو جۆرەکانی شەکرە نزیکن لەیەکەوە، کەسەکە هەست بە هیلاکی و زوو برسیەتی و مەڵاقوشکی (دەموشکداگەڕان) و زۆر میزکردن و تەڵخداگەڕانی بینین و، درەنگ سارێژبونەوەی برین دەکات.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەر شەکرە چارەسەر نەکرێ دوور نیە ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەکانی جەستە و زەبحە و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک، هەروەها گیرانی خوێنبەرەکانی قاچ ئەبێتە هۆی برینی شەکرە و گانگرین، بەهۆی فڕێدانی پڕۆتینی زیادە لەڕێگەی گورچیلەوە شەکرە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە و هەوکردنی میزەڕۆ.
د. داهات حەوێزی دەربارەی ماكەكانی نەخۆشی شەكرەشەوە گوتی: ماکەکانی تری شەکرە بریتین لە تێکچونی تۆڕی چاو و کزبونی بینین و سڕبوون و تەزینی دەست و قاچەکان و پێی شەکرە و وشکبونی پێست و کەڕووی قاچ. ئەو کەسانەی بۆ ساڵانێکە شەکرەیان هەیە و شەکرەکەیان کۆنتروڵ نیە تووشی خەمۆکی و لەبیرچونەوە ئەبن.
جگە لەوەش ئەگەر بێت و شەکرەی دووگیانی کۆنترۆڵ نەبێت دوورنییە ببێتە هۆی زوو لەدایک بوونی مناڵ، کێش زیادبوونی مناڵ، زیادبوونی ئاوی دەوری مناڵ، مردنی مناڵ لە سکی دایک.
هەربۆە ئامۆژگاریمان ئەوەیە كە هیچ یەکێک لەم ماکانەی شەکرە دروست نابن ئەگەر شەکرەکە کۆنتڕۆڵ بێت.
لە بارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی پشكنینی دروست بۆ نەخۆشی شەكرە، د. داهات حەوێزی گوتی: بۆ دەستنیشان کردنی شەکرە پێویستە نیشانەکان هەبن لەگەڵ دوو پشكنینی شەکرە کە بەرزبێت.
پشكنینی شەکرە بەبێ نان خواردن تا 100 ئاساییە، 1٠٠-١٢٠ پێش شەکرەیە، لە ١٢٠ زیاتر بێت شەکرەیە. 2 سەعات دوای نان خواردن تا 140 ئاساییە، 140-٢٠٠ پێش شەکرەیە، لە ٢٠٠ زیاتر بێت بە شەکرە هەژمار ئەکرێت.
پشكنینی سێ مانگی شەکرە (پشكنینی تراکمی، شەکری خەزنکراو) لە ٦.٥٪ زیاتر بێت بە شەکرە ئەژمارئەکرێت. لە حاڵەتی شەکرەی سکپڕی زیاتر پشت بە پشكنینی شەکراوەکە دەبەسترێ، لەکاتی سکپڕی شەکرەی پێش نان خواردن نابێت لە 9٥ زیاتر بێت، دوای نان خواردن لە ١٣٠ زیاتر بێت ئاسایی نیيە.