وه‌زیری ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، هیچ حاڵه‌تێكی گومانلێكراوی ڤایرۆسه گۆڕاوه‌كه‌ی ئۆمیكرۆن له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان نه‌كراون و گوتیشی: تا سبه‌ی ده‌بێت سه‌رجه‌م مامۆستایان ڤاكسینیان وه‌رگرتبێت و ئینجا بچنه پۆله‌وه.
سامان به‌رزنجی لە بەرنامەیەکدا باسی له هه‌لومه‌رجی نوێی ته‌ندرووستی له هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی گۆڕاوه‌كانی كۆرۆنا كرد.
له باره‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزیشه‌وه گوتی: ئێستا جیهان له بری داخستن، خۆی گونجاندووه و ڤاكسینی كردووه‌ته جێگره‌وه‌ی داخستن، بۆیه پێویسته هه‌موو كه‌سێك ڤاكسین وه‌ربگرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: به گوێره‌ی به‌یانی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پێویسته له 1ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ره‌وه مامۆستایان پابه‌ند بن به مه‌رجه‌كانی چوونه پۆل و له كۆتایی مانگی كانوونی دووه‌میشدا سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت پابه‌ند بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌رێمی كوردستان بیری له داخستنی هۆڵه‌كانی خوێندن و قوتابخانه‌كان نه‌كردووه‌ته‌وه و ئه‌وه بژارده‌یه‌ك نییه بڕیاری له باره‌وه بدرێت.
سامان به‌رزنجی باسی له‌وه‌شكرد، له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی كۆرۆنا هه‌ندێك رێكاری كلاسیكی په‌یڕه‌و كران، به‌ڵام دواتر ڤاكسین درووستكرا و توانرا رێگه‌ی نوێ به‌كاربهێنرێت بۆ رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڕاوه‌كانی كۆرۆنا.
دووپاتیشیكرده‌وه، پێش گه‌یشتن به لوتكه‌ی هه‌ڵكشانی تایبه‌ت به ده‌لتا، له مانگی ئابی رابردوودا كیتی تایبه‌ت به پشكنینی ده‌لتا له لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر كرا، ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕاوه نوێیه‌ش كیتی تایبه‌تی هه‌بێت هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین.
سامان به‌رزنجی گوتیشی: تا ئێستا ئێمه 3 شه‌پۆلی كۆرۆنامان هه‌یه، ئێستا پێشبینی شه‌پۆلی چواره‌می كۆرۆنا ده‌كه‌ین، بۆ هه‌موو شه‌پۆله‌كان پێشبینییه‌كانمان به‌دیهاتوون، چوار تا پێنج هه‌فته‌ی دیكه ره‌نگه تووشی هه‌ڵكشانی كۆرۆنا بین، ته‌نیا پرۆسه‌ی ڤاكسین ده‌توانێت مه‌ترسی ئه‌و هه‌ڵكشانه كه‌مبكاته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژه‌می سێیه‌می به‌هێزكردن دابه‌ش بكه‌ن، به تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستییان پێیه‌تی و ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 60 ساڵه.
وه‌زیری ته‌ندرووستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێشتا كه‌سانێك هه‌ن، دژی پێكوتهن، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌ر تووشی په‌تاكه‌ش بووبن، به ئاسانی تێ‌یان په‌ڕاندووه.
وه‌زیری ته‌ندرووستی ئه‌وه‌شی گوت: 180 سه‌نته‌ر بۆ دابه‌شكردنی ڤاكسین هه‌ن و 45 تیمی گه‌ڕۆك هه‌ن و تا كۆتایی ئه‌مساڵ كار ده‌كه‌ن و تا ئه‌مڕۆ %29ی هاووڵاتیانی سه‌رووی 18 ساڵی ژه‌می یه‌كه‌میان وه‌رگرتووه. %22ی هاووڵاتیانی سه‌رووی 12 ساڵی ژه‌می یه‌كه‌می وه‌رگرتووه. بۆ ژه‌می دووه‌م سه‌رووی 18 ساڵی %20 و سه‌رووی 12 ساڵی %15 ژه‌می دووه‌میان وه‌رگرتووه.
سامان به‌رزنجی ئاشكراشیكرد، 2 ملیۆن و 536 هه‌زار و 199 ڤاكسین گه‌یشتووه و ملیۆنێك و 593 هه‌زار و 41 ژه‌م به‌كارهاتووه، واته %67ی به‌رده‌ست به‌كارهاتووه. 942 هه‌زار و 110 ژه‌می یه‌كه‌م و ئه‌وی دیكه‌ی ژه‌می دووه‌می به‌كارهاتووه.
وه‌زیری ته‌ندرووستی ئاشكراشیكرد، تا ئێستا هه‌موو مامۆستایان پێكوته‌یان وه‌رنه‌گرتووه و تا ئێستا 72 هه‌زار ژه‌می ڤاكسین له لایه‌ن مامۆستایانه‌وه وه‌رگیراوه، ئه‌مه له كاتێكدایه له بواری په‌روه‌رده مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران ژماره‌یان له 150 هه‌زار نزیك ده‌بێته‌وه.