هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان: کار بۆ ڕێكخستنەوە و کەمکردنەوەی نرخی دەرمان دەكرێت

بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی KMCA لە وەزارەتی تەندروستی روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی پەرلەمانتارێک کە باس لە گرانبوونی نرخی دەکات بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30/11/2021، بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە راگەیاندراوێکدا باسی کردووە : “لەپێناو بەرچاوڕوونی و گەیشتنی ڕاستیەكان وەكو خۆی دوور لە چەواشەكاری و ئەو تۆمەتانەی دوێنی لەلایەن پەرلەمانتار (شێركۆ جودت) ئاڕاستەمان كراوە، بە پێویستمان زانی ڕاست و دروستی بابەتی ستیكەر بخەینەڕوو کە هەر لەساڵانی ڕابردووەوە لەلایەن كەرتی تایبەت وەكو چاپكردن و دابەشكردن جێبەجێ كراوە نەوەك لەلایەن حكومەت”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لەكاتێكدا لە پرۆژەی نوێی چاكسازی دەرماندا بڕیار دراوە بخرێتە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت لەڕێگەی گۆڕانكاری لە سیستەمی ستیكەر لە شێوازێكی سادەی چاپكردن بۆ سیستەمی گرێدراو بە تەكنەلۆجیای نوێی سەردەمیانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان لەڕووی جۆر و نرخ و تەواوی جوڵە و دابەشكردنی دەرمان بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە ساختەكاری بە پەیڕەوكردنی سیستەمی دژەساختە و چاودێركردنی سەلامەتی دەرمان لەلایەن لایەنە پەیوەندارەكان و خودی هاووڵاتی”.

ئاماژە بەوەش دراوە: “بەداخەوە ئەم پەرلەمانتارە بێ هیچ پاساوێك هەوڵی بێ ئومێدبوونی هاوڵاتیان و چەواشەكاری دەكات لەكاتێكدا هێشتا هیچ پڕۆسەیەكی نوێ نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردن باس لە گرانبوونی دەرمان دەكات بۆ ڕاكێشانی عاتیفە و شێواندنی ڕای گشتی”.

هەروەها كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ڕای گشتی دڵنیا دەکاتەوە كەوا نەك گرانبوونی دەرمان لە ئارادانیە، بەڵكو پڕۆسەی دابەزاندن و ڕێكخستنەوەی نرخی دەرمان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخ و خەرجی لەسەر هاوڵاتیان دەكرێت، بەمەش دڵنیان لە هەر پڕۆسەیەكی خزمەت و چاكسازیدا كەسانێكی بەرژەوەندخواز زەرەرمەند و ڕێگر دەبن.

دەقی راگەیاندراوەکە:

هاوڵاتیانی خۆشەویست

لەپێناو بەرچاوڕوونی و گەیشتنی ڕاستیەكان وەكو خۆی دوور لە چەواشەكاری و ئەو تۆمەتانەی دوێنی لەلایەن پەرلەمانتار (شێركۆ جودت) ئاڕاستەمان كراوە، بە پێویستمان زانی ڕاست و دروستی بابەتی ستیكەر بخەینەڕوو.

بابەتی ستیكەر هەر لەساڵانی ڕابردووەوە لەلایەن كەرتی تایبەت وەكو چاپكردن و دابەشكردن جێبەجێ كراوە نەوەك لەلایەن حكومەت لەكاتێكدا لە پرۆژەی نوێی چاكسازی دەرماندا بڕیار دراوە بخرێتە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت لەڕێگەی گۆڕانكاری لە سیستەمی ستیكەر لە شێوازێكی سادەی چاپكردن بۆ سیستەمی گرێدراو بە تەكنەلۆجیای نوێی سەردەمیانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان لەڕووی جۆر و نرخ و تەواوی جوڵە و دابەشكردنی دەرمان بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە ساختەكاری بە پەیڕەوكردنی سیستەمی دژەساختە و چاودێركردنی سەلامەتی دەرمان لەلایەن لایەنە پەیوەندارەكان و خودی هاووڵاتی، هاوشێوەی سیستەمی دژەساختەی بەكارهێنراو لە چاپكردنی دراوەكان كە ئەمەش یەكێكە لە هەنگاو و ڕێكارەكانی چاكسازیكردن لە پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان هەوەك پێشووتر لە ڕاپۆرت و ڕاسپاردەی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (4/3/3239) لە 18/11/2019 لە بڕگەكانی 6 و 7ی ڕاسپاردەكراو، وە گەیاندنی بەڵێنەكانی چاكسازیمان لەم بوارەدابووە.

زۆر بەداخەوە بۆ ئاستی بیركردنەوە و قسەكردنی ئەم بەڕێزە بە بەكارهێنانی ووشەی (فەزح و گەندەڵ و خۆپەرست و بەرژەوەندی تاكی خۆیان) بۆ هەموو ئەو كارمەند و بەڕێزانەی كەوا ڕۆژانە لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان كاری كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی دەرمان دەكەن، ناوهێنانیان بە لیست و هێرشی ناڕەوا و تەشهیركردن بەبێ هیچ بنەما و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەك زڕاندنی كەسایەتیان دەكات و دوور لە ئەتەكێتی پەرلەمانی و پەیڕەویی و یاسایی تاوانباریان دەكات كە دەكرا لەڕێگای پەرلەمان پرسیار و بەدواداچوون بكات نەوەك بكەوێتە هەڵەی چەندین بەرژوەندخواز لەكاتێكدا ئەم پڕۆسەیە هەوڵی گەندەڵی ئەم جۆرە كەسانە ڕادەگرێت.

بەداخەوە بێ هیچ پاساوێك هەوڵی بێ ئومێدبوونی هاوڵاتیان و چەواشەكاری دەكات لەكاتێكدا هێشتا هیچ پڕۆسەیەكی نوێ نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردن باس لە گرانبوونی دەرمان دەكات بۆ ڕاكێشانی عاتیفە و شێواندنی ڕای گشتی.

بۆ ئەم مەبەستە ڕای گشتی دڵنیا دەكەینەوە كەوا نەك گران بوونی دەرمان لە ئارادانیە بەڵكو پڕۆسەی دابەزاندن و ڕێكخستنەوەی نرخی دەرمان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخ و خەرجی لەسەر هاوڵاتیان دەكرێت، بەمەش دڵنیان لە هەر پڕۆسەیەكی خزمەت و چاكسازیدا كەسانێكی بەرژەوەندخواز زەرەرمەند و ڕێگر دەبن.

ئەم بەڕێزە چەند دۆكیومێنتێكی فەرمی وەكو بەڵَگە پێشان دەدات، لە كاتێكدا ئەم دۆكیومێنتانە ڕێكار و ڕێڕەوی یاسایی و كارگێری پڕۆسەكەیە بە ئاشكرا و هیچ شاراوەی تێدانیە كە زۆر بەشەفافیانە لە ڕۆژنامەكان بەشێوەی ڕاگەیاندنی ئاشكرا ئەنجامدراوە تەنانەت لەبەردەم كۆمپانیاكانی پێشكەشكراو پڕۆسەی تەندەر كرانەوەی بۆكراوە و هیچ ناڕوونیەكی تێدا نیە تا وەكو تاوان و خیانەت و خۆپەرستی و جەریمە و یاری باسی بكات، بەپێچەوانەوە ڕەچاوی تەواوی ڕێكاری یاسایی و لایەنی پسپۆڕی و هونەری و ستانداردی نێودەوڵەتی كراوە هاوشێوەی كاری پێشینە لەسەر ئاساتی جیهان بەسود وەرگرتن لە تەكنەلۆجیای نوێی چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردن دوور لە ساختە و بزربوون و بەربڵاوی هەرەمەكی كە لەپێشوودا جۆرێكی زۆر ئاسایی بە بەربڵاوی و نافەرمی بەدەست دەكەوت لەڕێگای نایاسایی و لەدەزگاكانی ڕاگەیاندنیش پێشان دەدرا.

لێرەوە وێڕای ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەم تۆمەتانە دەمانەوێت ڕایبگەینین كەوا چەندین لێژنەی پسپۆڕی بەدواداچوونی ئەم پڕۆسەیەی كردووە و بەردەوام دەبێت لە لێكۆڵینەوە لە هەر تۆمەتێك، نەوەك ئەم بەڕێزە لە بێ ئاگایی و بێ ویژدانانە تەشهیر و تۆمەتی ناڕەوا بداتە پاڵ فەرمانبەران، هەربۆیە ڕێكاری یاسایی و سكاڵا دەخەینە بەردەم دادگا و سە‌رۆكایەتی پەرلەمانی بەڕێز بۆ لێپرسینەوە لەو هەڵوێست و تۆمەت و تەشهیرانەی ئەم پەرلەمانتارە بە چەندین پزیشك و كارمەند و فەرمانبەری كردووە وە چۆن دەكرێت پێگەی پیرۆزی پەرلەمانتاری بەكاربێت بۆ ئەم شیوازەی ئیهانەكردنی بەكۆمەڵی ئەم بەڕێزانە.

بۆ هاوڵاتیان و سەرجەم لایەنە پەیوەندارەكانیش ڕوون دەكەینەوە كەوا بە ئەمانەتەوە هیچ بەژەوەندیەك نیە لەم پڕۆسەیە جگە لە چاكسازی و سەلامەتی دەرمان نەبێت وە دڵنیاتان دەكەینەوە كەوا نرخ دانان لەلایەن لێژنەی تابەتمەندی حكومەتەوە دەكرێت، نەك گرانبوونی نرخی دەرمان نابێت بەڵكو لە ئایندەیەكی نزیكدا داشكان و دابەزاندنی نرخ ڕادەگەینین.

بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی KMCA
وەزارەتی تەندروستی
30 تشرینی دووەم 2021