لەو مانگەدا ٢٣٣٠ نەخۆش سەردانی سەنتەری شەكرەی سلێمانییان كردووە

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٢هەزارو330 نەخۆش سەردانی سەنتەری شەكرە و كوێرەگلاندەكانیان كردووە لە شاری سلێمانی و 129 نەخۆشیان ئاوارەكانی عێراق و دەرەوە بوونە و ئەوانی دیكە دانیشتووی سلێمانین و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

ئەو نەخۆشخانەی مانگی ڕابردوو سەردانی سەنتەری شەكرە و كوێرەگلاندەكانیان كردووە 934 نەخۆشیان لە ڕەگەزی نێر بوون و 1396 نەخۆشیان لە ڕەگەزی مێ بوون و 422 نەخۆش تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵانەوە بووە و 1447 نەخۆش تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 64 ساڵاندا بووە و 46 نەخۆش تەمەنیان لە خوار 20 ساڵانەوە بووە.
بەپێی تۆماری ساڵانەی نەخۆش لە ساڵی 2007دا 2811 نەخۆش ناویان تۆمار كراوە كە 1170 نەخۆشیان لێ لە ڕەگەزی نێر بوون و 1641یان لێ لە ڕەگەزی مێ؛ زۆرترین ژمارەی نەخۆش لە ساڵی 2018دا تۆمار كراوە كە ژمارەیان 2979 نەخۆش بووە و لەو ژمارەیە 1302 یان لە ڕەگەزی نێر بوونە و 1677یان لە ڕەگەزی مێ.
لەسەرەتای دروست بوونی سەنتەری شەكرە و كوێرەگلاندەكان تاوەكو كۆتاییی مانگی 11ی پارساڵ 34362 نەخۆش ناویان تۆماركراوە.
لەم مانگەدا كە بە مانگی هۆشیاری لە نەخۆشینی شەكرە دادەنرێت، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەخت دەكاتەوە كە گرنگیەكی تایبەتی بە نەخۆشی شەكرە دەدات هەم لەڕووی چارەسەری و لەهەمانكاتیش بڵاوكردنەوەی بەردەوامی هۆشیاریی تەندروستی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوونی هاووڵاتیان بەم نەخۆشیە درێژخایەنە، سەڕەڕای بوونی سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری تووشبووانی نەخۆشی شەكرە لە زۆربەی شارو دەڤەرەكان لەهەرێمی كوردستان و دابینكردنی كەلوپەل و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەركردن بەڵام تووشبووانی نەخۆشی شەكرە هاوشێوەی جیهان ڕوو لە زیادبوونە بەهۆی ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەکران. لەهەرێمی كوردستان بە گشتی دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبووان تۆماركراون بە ئاوارەو كەسانی بیانیشەوە، هەر بۆیە لەم ڕۆژەدا وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ ئەوەی بە دووربن لە نەخۆشی شەكرەو زیانەكانی، پێویستە ڕەچاوی چەند ڕێکارێکی گرنگ بكەن وەكو خواردنی تەندروست و رێگریكردن لە قەڵەوی و وەرزشكردن و دووركەوتنەوە لە جگەرەو نێرگلەكێشان كە بە هۆكاری گرنگ دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە تایبەت جۆری دووەم.
هاوكات ئاماژە بەوەش دراوە كە لە جیهاندا ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە ڕوو لە زیادبوونە سەرەڕای بوونی هۆشیاری زۆری تەندروستی دەربارەی نەخۆشیەكە و چۆنیەتیی خۆپاراستن لە تووشبوون، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا زیاتر لە ٤٢٠ ملیۆن تووشبووی نەخۆشی شەكرە لە جیهاندا هەیە وە هۆكاری زیادبوونی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی و خۆراكی ناساز و كەموەرزشی دەگەڕێننەوە. پێویستە ئەوەش بزانین كە نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی سەرەكیە بۆ لەدەستدانی بینین و پەككەوتنی كرداری گورچیلەكان و نەخۆشی جەڵتەی دڵ و دەماغ و چەندین نەخۆشیی دیکە كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، سەرەڕای دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەری ئەنسۆلین ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا كە وەكو چارەسەرێكی سەرەكی بۆ هەردوو جۆری نەخۆشی شەكرە دادەنرێت بەڵام هێشتا چارەسەری بنەڕەتی كێشەكەی نەكردووە بەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و رێگریكردن لە تووشبوون ڕۆلی كاریگەرتری دەبێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووان.

ھەواڵی زیاتر