د. ئاسۆ حه‌وێزی: ئەو 207 كۆرۆناگرتەیەی لە نەخۆشخانەی ئەهلیدا پاره‌ی زۆریان لێ وه‌رگیراوه،‌ زیادەکە‌یان پێ ده‌دەرێتەوە

د. ئاسۆ حه‌وێزی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومەتی هه‌رێم ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی هەبوونی سكاڵا لەسەر نەخۆشخانە تایبه‌ته‌كان كە پارەی زیادیان وەرگرتووە لە نەخۆشانی كۆرۆنا، وردبینی بۆ تەواوی بڕی تێچووی چارەسەرییەكان كراوە و بۆمان ڕوون بووەتەوە كە له‌كۆی ١٠٩٠ نه‌خۆش كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان چاره‌سه‌ری كۆرۆنایان بۆ كراوه‌، 207 نه‌خۆش بڕێكی زۆر پاره‌یان لێ وه‌رگیراوه‌، كه‌ نزیكه‌ی 710 ملیۆن دینار دەبێت و پاره‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كان.

د. ئاسۆ حەوێزی ئاماژە بەوەش دەدات كە: لە لایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە كار دەكرێت بۆ ئەوەی پارەی زیادە وەرگیراو بگەڕێدرێتەوە بۆ خاوەن مافەكان، زۆرینەی كارەكان بە كۆتا هاتن و دوای تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی لە لایەن لیژنەی تایبەتەوە پەیوەندییان پێوە دەكرێت بۆ ئەوەی بچن مافی خۆیان وەربگرنەوە.
د. حەوێزی جەخت یكردەوە كە هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گوێره‌ی یاسا و رێنماییه‌كان كار نه‌كات سزا ده‌درێت، هەروەك گوتی: ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی نرخمان بۆ چارەسەرییەكان دیار كردوە و نابێت هیچ نەخۆشێكی كۆرۆنا لەو بڕەی دیاری كراوە لێی وەربگیرێت. هاوكات لە بارەی ئەو نەخۆشخانەیەش كە داوای وەرگرتنی پارەی كرد لە بری دانەوەی تەرمی نەخۆشێكی كۆرۆنا كە بۆ چارەسەری لەو نەخۆشەیە خەوێندرابوو ڕایگەیاند: سزای تووند دراو نەخۆشخانەكەی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پێداخرا و هەروەها بڕی سێ ملێۆن دیناریش سزا درا و بەڵێننامەمان لێوەرگرتوە كە بەهیچ شێوەیەك نابێتت كاری لەو شێوە دوبارە بێتەوە و ڕێنمایش دراوەتە سەرجەم نەخۆشخانە تایبه‌ته‌كان كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگری لە دانەوەی تەرم نەكەن لە ژێر ناوی هیچ بیانوویەك.
دەر‌باره‌ی شه‌پۆلی چواره‌می كۆرۆنا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ئێمە بەدیلێكی زۆر بەهێزمان هەیە بۆئەوەی دۆخەكە زۆر بە ئاسانی تێبپەڕێت بەسەرماندا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئاخر كۆبوونەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا جەختمان لەسەر وەرگرتنی ڤاكسین كردەوە، با ئێمە چاومان لەسەر ئەوە نەبێت شەپۆل دێت یاخود نا، بەڵكو پێویستە ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەین و ڤاكسین وەربگرین، ئەگەرهاتو ئێمە بەرگریمان هەبێت و چواردەوری خۆمان بپارێزین، با ببێتە شەپۆلیش، گرفتی گەورە و ترسناكمان بۆ دروست نابێت و دۆخەكە زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕێت.
د. ئاسۆ حەوێزی جەختی كردەوە كە باشترین رێگه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و رێگری له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌رگرتنی ڤاكسین و خۆپارێزییه‌.

ھەواڵی زیاتر