رێژەی تووشبون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە %٨ بۆ %١٣

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: رێژەی توشبوون و مردن هێشتا بەرزە و رێژەی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان 8 بۆ 13% ی ئەو پشکنینانەیە کە لە تاقیگەکانی هەرێم دەکرێن و بەڕێوەبەری پلانیش لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتیاندەكات پەلە بكەن لە وەرگرتنی ڤاكسین.

د. ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گۆڕانی کەشوهەوا و داهاتنەوەی وەرزی سەرما و نەپابەندییەکەی هاووڵاتیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بووەتە هۆی هەڵکشانی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا، هاوكات ئەو نەخۆشانەی لە بەشی چڕەچاودێریدا دەخەوێنرێن زیاترن و ئێستا چڕەچاودێریگەی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ئەو نەخۆشانەی تێدایە کە باری تەندروستییان ناجێگیرە؛ گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داوای خۆپارێزی زیاتر دەكات لە هاووڵاتیان و بە پێویستی دەزانێت كە هاووڵاتیان دەبێت پەلە بکەن بۆ وەرگرتی ڤاكسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توێژینەوەیش سەلماندوویەتی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم نەخۆشییە.
د. ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوەش دا كە وەزارەتی تەندروستی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی كە تا ئاخری ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە بگەیەنێتە سەدا٤٠.
هاوكات لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی كۆرۆنا و هاتنی شەپۆلێكی تری نەخۆشییەكە كە بە شەپۆلی چوارەم دادەنرێت، بە گوێرەی نووسراوێك كە وەزارەتی تەندروستی عێراق گشتاندنی پێكردوە بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش، هۆشداری داوە بە زۆربوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا، هەروەها نەیشیشاردووەتەوە كە ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە كە ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین كەم بووە.
لە لایەن خۆشیەوە د. سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیان بەدەست گەیشتووە و لەو بارەیەشەوە گوتی: بە وردی دۆخەكە چاودێری دەكەین و بەردەوام ئامادەكاری بۆ هەر حاڵەتێكی هاتنی شەپۆلی كۆرۆنا دەكەین، ئیستا وڵاتانی ئەوروپاش هۆشدارییان لەمە داوە و ئامادەکاری بۆ دەکەن.
د. سەرهەنگ جەلال گوتیشی: هەرچەندە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لەوەی خەڵک رابهێنین خۆپارێزی جێبەجێ بکەن و جەختیش دەكەینەوە كە پێویستە ڤاکسین وەربگرن خۆیان بێبەش نەكەن.
كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 10ملیار دیناری بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان كرد و لەو پارەیەش چوارملیار دینار بۆ هاندانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییە.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا 13ـی كانوونی دووەم ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا گەیشتە ٣٦٨٦٩٨ و ٦٦٥١حاڵەتی مردن، وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەند بن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و خۆ لە شوێنی قەرەباڵغ مەدەن و دەمامک لە دەمولووتیان هەڵپێچن و ڤاکسین لەخۆ بدەن و لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ژمارەی ١٢٢ەوە.

ھەواڵی زیاتر