د.جەعفەر عومەر: بۆ باشترکردنی باری دەروونیمان، دەبێ ئەرکی رۆژانەی خۆمان بە جوانی جێبەجێ بکەین

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

‎زۆر چالاکی هەیە کە ڕۆتینن و دووبارەن لە ژیانماندا و پاڵنەری سەرەکی مانەوەی مرۆڤن! وەک خەو، خواردن، پاکوخاوێنی، سەرجێیی و هتد. مرۆڤ ئەم کارانە، دووبارە دەکاتەوە و ناتوانێ خۆی لێ ببوێرێت، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە ژیانی.

د.جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی ڕوونی دەكاتەوە كە تێکچوونی یەکێک لەم کارانە هۆکارە بۆ تێکچوونی دەرووندروستی.
د. جەعفەر عومەر ئاماژە بەوە دەدات كە خەوی کەم و تێرخەونەبوون، کەمی بەشێك لە ماددە و ڤیتامینە پێویستەکان، پیسی لاشە و چڵکنی، هەموویان دەبنە هۆی دروستکردنی هەستی بێزاری و ناڕەحەتی لە لای تاک، بەشێوەیەک لەوانەیە توشی شڵەژانی دەروونی بکەن. لەبەرئەوە دەبێت بە وردی ئەو چالاکییانە ڕێکبخەینەوە، هەتا باری دەروونیمان باشتر و جێگیرتر بێت.
د.جەعفەر عومەر لێرەدا چەند ڕێنماییەک دەخاتە ڕوو بەو ئومێدەیە لە لایەن خەڵكەوە بە هەند وەربگیرێت:

  • خەوتن و هەستان لە کاتی خۆیدا؛ باشترین کاتی خەوتن شەوانە، هەوڵ بدات خەوەکانی بکاتە کاتی تاریکیییەوە، هەروەها بە ڕۆژدا بە کەمی بخەوێت. بەیانیان لە کاتی خۆیدا هەستێت و تەمبەڵی نەکات.
  • خەوی پێویست؛ دەبێت کاتی پێویست بخەوێت، مرۆڤی پێگەیشتوو نابێت لە ٧ سەعات کەمتر بخەوێت، کاتەکەشی بەگوێرەی تەمەنەکان دەگۆڕێت.
  • خواردنی تەندروست و پاک و چاک؛ هەوڵدان بۆ خواردنە تەندروستەکان و ئەو خواردنانەی کە بەشێوەیەکی دروست ئامادە دەکرێن، بەتایبەت گۆشت، شیر، هێلکە، ماسی، میوەکان، کە ماددە سوود بەخشەکانی تێدایە بۆ دەرووندروستی مرۆڤ.
  • خواردنی هەمەچەشن؛ پێویستە مرۆڤ هەموو جۆرە خواردنەکان بخوات هەتا سەرجەم ماددە خۆراکییەکان بەدەستبهێنێت. لەبەرئەوە نابێت واز لە خواردنێکی تایبەت بهێنێت.
  • گرنگیدان بە پاکوخاوێنی جەستە: خۆشۆردن و پاکوخاوێنی جەستە و جلوبەرگەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام و بەرنامەی تایبەتی هەبێت بۆ ئەم لایەنە.
  • پاراستنی ددانەکان؛ ددانەکان جگە لە فەرمانی هەرسکردن و یارمەتیدانی خواردن، ئەرکێکی تریان بەخشینی جوانییە بە مرۆڤ، لەبەرئەوە پێویستە ددانەکان هەمیشە پاک و جوان دەربکەون هەتا تاک بە دەرووندروستی بمێنێتەوە.
  • تێرکردنی دروستی ئارەزووی سێکسی؛ خاڵیکردنەوەی ئارەزووی سێکسی جگە لەوەی کە تێرکردنی لایەنێکی گرنگی ژیانە، لە هەمانکاتدا بەشێکی گرنگی ژیانی مرۆڤ پێکدەهێنێت، هەر لە بوونی ئارەزووی سێکسییەوە هەتا دەگاتە تێرکردن و چێژوەرگرتن! لەم ڕوانگەوە بۆ کەسانی سەڵت و خێزاندار شێوازی تایبەتی هەیە بۆ خاڵیکردنەوە و دەبێت خۆیان لە لادانەکان بپارێزن، چونکە لادان لەم لایەنەدا کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر دەرووندروستی تاک دادەنێت.
    د.جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بە پێویستی دەزانێت كە تاک بەرنامە و پلانی تایبەتی هەبێت بۆ ئەو چالاکییانە و بە گرنگییەوە سەیریان بکات و هەوڵ بدات شێوازی ژیانی تەندروست بێت.
ھەواڵی زیاتر