ئەوانەی گرفتیان هەیە لەخەو و توشی كەمخەودەبن یانیش زۆرجاریش تووشی خەمۆكی زستانە دەبن و ناتوانن باش بخەون، د. کامهران رسوڵ ژاژڵهیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک ڕێنوێنیان دەكات بەوەی كە دەتوانن لە ڕێگەی کۆمەڵێک خواردنەوە كە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئەوەی زوو بنوون، بۆیە پێشنیار دەكات كە دەتوانن بۆ ڕێککردنەوەی نووستن و چارەسەری کەمخەوویی پشت بەم جۆرە خۆراكانە ببەستن.
د. کامهران رسوڵ ژاژڵهیی، ڕوونیشدەكاتەوە كە تێکچوونی خەو و خەو زڕان یەکێکە له کێشهیهکی تهندروستییە هەرە بڵاوەکانی ئەم سەردەمه کە چەندین دەرئەنجامی خراپی هەیه و زۆر گرنگه هۆکارهکانی دهست نیشان بکرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێ خواردنەوە هەیه ئەگەر شەوان بخورێنەوە یارمەتی خێرا نووستن و چارەسەی خەو زڕاندن ئەدەن :
1- شیری گەرم : چونکە پێكهاتەی تریبتۆڤانی تێدایە کە یارمەتی زیاتر ڕژاندنی هۆرمۆنی سێڕۆتین ئەدات و یەکێکە لە هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی و لە ناو لەش دا دەگۆڕێت بۆ هۆرمۆنی میلاتۆنین، هەروەها شیری گەرم یارمەتی هێوور بوونەوە و کەمکردنەوەی قەلەقی ئەدات .
٢- شەربەتی گێلاس: ماددەی تریبتۆڤانی تێدایە ، گێلاسی ترش یان توند باشترە چونکە شەشئەوەندە زیاتر هۆرمۆنی میلاتۆنین دروست دەکات ، بێجگە له سووده تەندروستیەکانی تری گێلاس .
٣ – چای گوڵەبەیبوون : ٤ کەوچکی چێشت له گوڵەیبوونی سەوز یان سێ کەوچکی چێشت لە گوڵەبەیبوونی وشکراو بکەرە ناو یەک کووپ ئاوی گەرم بۆ ماوەی پێنچ خولەک و دوای پاڵاوتن بیخۆرەوە .
٤ – چای نەعنا : نهعنای سهوز بخهره ناو یهک کووپ ئاوی گهرم و پاش شەش خولهک بیخۆرهوه.
٥ – ئاوی گوێزی هێندی: چونکە دەوڵەمەندە بە مەگنسێووم ، هەروەها پۆتاسێوم .
٦ – شەربەتی مۆز: مۆز دەوڵەمەنده بە مەگنسیۆم و پۆتاسێۆم هەروەها ماددەی تریپتۆفان و سێڕۆتۆنین ، بۆ سوودی زیاتر دەکرێ لەگەڵ شیر تێکەڵاو بکرێت و وەک شیر مۆز بخورێتەوە.