وەرگرتنی ڤاکسین بە زۆرەملێ: ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی (HPI) بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە ڕادەگەیەنن

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشینی کۆرۆنای نوێ (COVID19) لە جیهان بارودۆخێکی جیاواز دروست بووە. ئەم نەخۆشییە حکوومەتی وڵاتانی تووشی کۆمەڵێک بڕیار کردووە کە مشتومڕی یاسایی و کارگێڕی و هونەری و ئیتیکی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاکە کەسی لەسەربووە. کە وەختی خۆی دیاریترینیان سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین بوو.

ئێستایش ئەو بابەتەی کە مشتومڕی زۆری لەسەرە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنایە بە زۆرەملێ. لە کوردستانیش ئەمە بابەتێکی گەرمە، هەربۆیە پێویستی بە لێکدانەوە و ڕوونکردنەوە هەیە بەتایبەت لە ڕووی یاسای و ئیتیکی تەندروستیەوە.
ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی (HPI) لێرەدا سەرنجی خۆیان لەو بارەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەخەنە ڕوو؛ سەرەتا ئاماژە بەوە دەدەن كە پێویستە بزاندرێت: هەندێک جار بابەتی زۆرەملێ لە ڕووی زانستی تەندروستی گشتییەوە پەسندە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوندی گشتی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە قوربانیدان بە هۆی پەتا درمیەکانەوە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ تاچەند ئەم ڕێکارە زۆرەملێیانە لە لەگەڵ هەڵومەرجی کوردستان گونجاون بەتایبەت لە ڕووی یاسا و ئیتیکی تەندروستیەوە!

زۆرەملێ یاخود ناچارکردن؟
لێرەدا پێویستە کە رێککەوتنێک لەگەڵ خوێنەردا هەبێت کە ئایا پێناسەی زۆرەملێ و سەپاندن و ناچارکردن چیە و جیاوازیەکانی چین؟ لە تەندروستی گشتیدا بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زیاتر وشەی (mandatory) بەکاردێت، کە مانای ئەوە دەگەیەنێت کەسەکان ناچار دەکرێن کە پابەند بن بە وەرگرتنی ڤاکسین، وە لە ئەگەری پابەند نەبوون ڕێکاری کارگێڕی دەگیردرێتە بەر لە دژیان. لە بەرامبەردا وشەی (compulsory) زیاتر بۆ ئە حالەتە بەکاردێت کە بە بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی سزای جەزائی کەسەکە پابەند دەکرێت. لەم وتارەدا مەبەست ناچارکردنە (mandatory)، نەک سەپاندن.

“هەندێک جار بابەتی زۆرەملێ لە ڕووی زانستی تەندروستی گشتییەوە پەسندە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوندی گشتی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە قوربانیدان”


بیروڕای ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی
ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی ئاگاداری ئەو هەنگاوانەیە کە وڵاتان گرتوویانەتە بەر بۆ ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتیانیان ناچاربکەن بە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنای نوێ، هەرچەندە ڕاستەوخۆ دژی ئەو هانگاوانە نەوەستاوە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێکخراوی ناوبراو هانی وڵاتان دەدات کە جەخت بکەنەوە لەسەر بەرزکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان، وە لە ئەگەری بەناچارکردنی بەشێکی هاووڵاتیان بە وەرگرتنی ڤاکسین، ئەوا ڕێکاری ڕێنیشاندەری بۆ وڵاتان دیاریکردووە بەتایبەت ڕەچاوکردنی لایەنی ئیتیکە تەندروستیەکان. وە سەبارەت بە گەشتی هاووڵاتیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، ڕێخکراوی تەندروستی جیهان بە ئاشکرا هەڵوێستی ئاشکراکردووە کە لەگەڵ ئەوەدانیە گەشتکردن تەنیا بۆ ئەو کەسانە بێت کا ڤاکسینینان وەرگرتووە. وە بەشێوەیەیکی ناڕاستەوخۆ دژی بەناچارکردنی گشتگیری هەموو هاووڵاتیانە، وە پێی وایە ئەگەر ناچارکردن دەست پێکرا، چینی فەرمانبەرانی دام و دەزگا تەندروستیەکان لە هەموو چینەکانی تر گونجاو ترن بۆ ئەم مەبەستە.

لە ڕووی یاساییەوە
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کۆتا بڕیاری یاساییبوون یاخود نەیاساییبوونی ناچارکردنی خەڵک بە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە دەست ئەهلی یاسایە، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە گرنگە بە ڕووکەشی لایەنی دەستووری و یاسایی بخەینەڕوو، وە پرسیار لە خۆمان بکەین تاچەند دەستوورو یاسا ڕێگە بەسەپاندنی زۆرەملێ وەرگرتنی ڤاکسین داوە؟ ئەگەر دەکرێت لە بۆ کێ و کەی و لە چ بارودۆخێکدا و تا کەی؟ شایەنی باسە دەستووری عێراقی فێدڕال هیچ ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆی بەم حاڵەتە نەداوە. وە لە خاڵی دووەمی ماددەی ١٩ دا دەڵێت کە هیچ کەسێک ناتوانرێت سزا بدرێت لەدەروەی دەقی یاسایەک. کەواتە لە ڕووی دەستورییەوە ئەم بابەتەی بۆ یاسا جێهێڵراوە. وە لە ماددەی ٥٦ی یاسای تەندروستی گشتی ژمارە ٨٩ی ساڵی ١٩٨١ کە لە کوردستان بەرکارە، باسی پابەندکردنی هاووڵاتیانی بە وەرگرتنی ڤاکسین کردوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا درمییەکان، کە ئاماژەی بەوە کردووە دەکرێت وەرگرتنی ڤاکسین بکرێتە ناچاری، بەڵام سزای کەسانی پابەند نەبووی دیار نەکردووە. بۆیە لێرەدا زیاتر بوار بۆ دەرچواندنی ڕێنمایی بۆ پابەندکردنی هاووڵاتی یان فەرمانبەر کراوەتەوە. کەواتە لە ڕووی یاساییەوە بە ڕاشکاوی ڕێگە بە ناچارکردن دراوە، بەڵام ڕەنگە لێکدانەوەی جیاواز لەسەر شێوازی بەناچارکردن هەبێت و ئەمەش دەکرێت بە ڕینمایی ڕێک بخرێت.

لە ڕووی ئیتیکەوە
هەندێ بنەمای ئیتیکی گرنگ هەن لە تەندروستی گشتییەوە کە دەبێت لە بەرچاوبگیردرێن لە کاتی بە ناچارکردنی هەر ڕەفتارێک لەسەر هاووڵاتیان وەکو ناچارکردن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی وکۆرۆنا، کە بریتین لە دڵنیا بوون لە سەلامەتی ڤاکسین لەلایەن دەزگا تەندروستیە باوەڕپێکراوەکان، و دڵنیابوون لە کاریگەری کارکردنی ڤاکسینەکە. وە دڵنیابوون لە بەردەستبوونی ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی گونجاوو ئاسان بۆ ئە کەسانەی ناچاریان بەسەردا جێبە جێ دەکرێت، وە هەبوونی شەفافیەتی تەواو لە پرۆسەکەدا. هەربۆیە دەبێت لە ڕووی زانستیەوە تەواو دڵنیابوون هەبێت کە ئەنجامی وەرگرتنی پێکووتەکە ئامانجی تەندروستی گشتی دەپێکێت لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و وسوودی زیاترە لە زیانە تەندروستی و دەرهاوێشتە نەرێنیەکانی لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی تاک. سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوڤاکسینانەی تاوەکو ئێستا بەردەستن لە کوردستان، هەموویان لەلایەن دەزگا تەندروستیە جیهانیە باوەڕپیکراوەکان دەرکەوتوون کە سەلامەتن و کاریگەرن و پەسند کراون.

گونجانی بە ناچاریکردن لە کوردستاندا
ڕاستە لەڕووی یاساییەوە دەکرێت ڤاکسین‌وەرگرتن بکرێتە ناچاری بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان، تەنیا ڕەنگە شێوازی ناچاکردنەکە مشتومڕی یاسایی و کارگێڕیی لەسەر بێت، بەڵام هەر ڕێکارێکی تەندروستی، کە زۆر تا کەم کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر لایەنە ئیتیکە تەندروستی و ئازادی و سەربەخۆیی تاکە کەس، دەبێت تەنیا لە ناچاریدا بگیردرێتە بەر و بە دوا هەنگاو دابنرێت، وە لە چەترێکی گەورە و ستراتیجیدا بیر لە سوودو قازانجەکانی بکرێتەوە.
هەر بۆیە ئینسیتیوتی پلاتفۆڕمی خزمەتگوزاری تەندروستی (HPI) پێی وایە کە بەڕەچاوکردنی بنەما ئیتیکیەکانی تەندروستی دەکرێت پڕۆسەی ناچاری لەسەر چینێکی وەک فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستیدا ئەنجام بدرێت. بەڵام لە کاتێک لە ڕووی ئیتیکی و کارگێڕی و لۆجیستی و پراکتیکیەوە ئاستەمە پرۆسەی ناچارکردن بۆ هەموو هاووڵاتیان ئەنجام بدرێت، بۆیە لە پێش یاخود لە پاڵ بیرۆکەی ناچارکردن دەکرێت هەنگاوی زیاتربگردرێتە بەر بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی هاووڵاتیان و دروستکردنی متمانە، وەکو ئەنجامدانی هەڵمەتی بەردەوام و بە شێوازو بیرۆکەی نوێ و ڕێکاری کاریگەر بۆ پڕزانیاری کردنی هاووڵاتیان لەم پرسە.
دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی سیستەماتیک و بەڕبڵاوو بەردەوام بۆبڵاوکردنەوەی زانیاری دروست و متمانە پێکراو ئەمەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەنگە زەبەلاحەکەی زانیاری نادروست و بیری پیلانگێری لەسەر سۆشیاڵ میدیا کە لەسەر کۆرۆنا و پێکووتەکەی هەیە. وە ئەنجامدانی ڕووپێوی لە هەندێک شارو شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان زۆر گرنگە بۆ دەرکەوتنی هۆکارەکانی وەرنەگرتنی ڤاکسین لە لایەن خەڵک، وە دواتر هۆکارەکان پۆلێن بکرێن و کار لەسەر یەک بەیەکەیان بکرێت بە بیرۆکەی نوێ و سەردەمیانە.
ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی (HPI)لە لایەن كۆمەڵێك پزیشكی شارەزا و خاوەن‌ئەزموون لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە و ئامانجیانە كە خزمەتگوزارییەکی باشتری تەندروستی لە ڕێگەی بەڕێوەبردن بە ڕێکاری زانستی پێشكەشی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن.