یه‌ك كیلۆگرام بزمار و بورغوو له‌ گه‌ده‌ی پیاوێك ده‌رهێنرا

رۆژنامه‌ی “گاردیان”ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك پزیشك له‌ لیتوانیا له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك سه‌ركه‌وتووبوون، كه‌ توانییان زیاتر له‌ كیلۆگرامێك بزمار و بورغوو له‌ گه‌ده‌ی پیاوێك ده‌ربهێنن، كه‌ دوای وازهێنانی له‌ خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان ئه‌و پیاوه‌ خووی به‌ خواردنی ئه‌و پارچه‌ ئاسنانه‌ گرتووه‌.

ئه‌و پیاوه‌، كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌، پێشتر ئالووده‌ی خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان بووه‌، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا به‌په‌له‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری “كلایپێدا”ی كه‌نار ده‌ریا‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژانێكی توند له‌ گه‌ده‌ی هه‌بووه‌.

سه‌ره‌تا پشكنین بۆ ئه‌و پیاوه‌ كراوه‌ و له‌ رێگه‌ی تیشكی سینییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ چه‌ندین پارچه‌ ئاسن له‌ گه‌ده‌یدا هه‌بووه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌و پارچه‌ ئاسنانه‌ 10 سانتیمه‌تر بووه‌.

دكتۆر ساروناس ديليديناس، پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، نه‌شته‌رگه‌ر‌ییه‌كه‌ 3 كاتژمێری خایاندووه‌، سه‌رجه‌م پارچه‌ ئاسنه‌كان له‌ گه‌ده‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌رهێنراوه‌.

ئه‌لجيرداس سليبافيسياس، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاشكرای كرد، به‌ درێژایی مێژووی پیشه‌ییمان نه‌شته‌رگه‌ری هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌مان نه‌بینیوه، ‌ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی وا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی “كلایپێدا”‌ بكرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پیاوه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ی وازی له‌ خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان هێناوه‌، خووی به‌ خواردنی بزمار و بورغوو گرتووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌، ئێستا ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كه‌ دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ جێگیره‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماوه‌ته‌وه‌.