پەتا بڵاوەکەی ناو منداڵان، ڤایرۆسییە نەک بەکتریایی

ئەژین عەبدوڵڵا

“نیشانەکانی ئەم پەتایە بە نزیکەیی هەمان نیشانەکانی کۆرۆنایە و جیاکرنەوەیان ئاسان نییە، بۆیە پێویستە نەخۆش ئامۆژگاری تەنها لە پزیشک وەربگرێ”

ماوەی چەند هەفتەیەکە پەتایەکی ڤایرۆسی لەناو خەڵکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاو بووەتەوە، خەڵکێکی زۆر پێوەی گیرۆدە بوونە، بە گشتی خەڵک بەشێوەیەکی مامناوەند بۆ توند دەیگرن و هەندێکیشیان بە سووکی تووشی دەبن .

د. شێروان کۆساری، پزیشکی شارەزای گشتی ڕوونی دەكاتەوە كە: بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکرن (وەکو ئەمۆکسیسیلین و ئەزیسڕۆمایسین و تەواوی ئەنتیبایۆتیکەکانی تر) بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکا لەبەر ئەوەی ئەو دەرمانانە بۆ هەوکردنی بەکتریایی بەکاردێن و بۆ هەوکردنی ڤایرۆسی هیچ سوودێکی لێ نابینڕێت .
دەشڵێت: نیشانەکانی ئەم پەتایە بە نزیکەیی هەمان نیشانەکانی کۆرۆنایە و جیاکرنەوەیان ئاسان نییە، بۆیە پێویستە نەخۆش ئامۆژگاری تەنها لە پزیشک وەربگرێ .
د. شێروان کۆساری، ئاماژەی بەوەش دا كە بە بەراورد بە کۆرۆنا، ئەم پەتایە خێراتر بڵاو دەبێتەوە، زۆرجار یەک ئەندامی خێزانێک بە نزیکەیی تەواوی ئەندامەکانی تر تـوش دەکات لە ماوەیەکی زۆر کورت، بە پێویستیشی دەزانێت كە هەمان ڕێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا بۆ ئەم پەتایەش پەیڕەو بکرێ وەکو مانەوە لە ماڵەوە، بەستنی ماسک، دەست شوشتن .
لە لایەن خۆشییەوە د.گەوھەر سەمەد، پسپۆڕی منداڵان جەختدەكاتەوە كە ئێستا زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ئەیانبینن ئەم پەتایەیان گرتووە (کۆکە، پەسیو، تا)، زۆربەی دایک و باوکەکانیش ئەڵێن دکتۆرە دوو ڕۆژ چاک ئەبێت و بۆی ئەگەڕێتەوە.
د.گەوھەر سەمەد،گوتیشی: “ھۆکاری ئەم پەتایە ڤایرۆسە لەلایەکەوە دڵمان خۆشە کە ڤایرۆسە چونکە وەکو بەکتریا مەترسیدار نییە لەلایەکی تریشەوە لێی بێزار ئەبین چونکە چاکبوونی کاتێکی زۆری ئەوێت و زووش سەرھەڵئەداتەوە، بە زۆری بە سێ ڕۆژ بۆ ھەفتەیەک چاک ئەبن ھەندێ جار دووھەفتەی پێ ئەچێت. لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ئەگوازرێتەوە ھەر بۆیە ھەموو خێزانەکە ئەیگرن و زۆر بڵاوە.

نیشانەکان:
کۆکە و ھەڵامەت و تا،بێتاقەتی و دەڵنەبردن (کەمی ئیشتیھای خواردن) و خەوزڕان و کەمخەوی و ھەندێجار ڕشانەوە.
چارەسەر:
ئەگەر بڵێین زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر نییە و خۆیان چاک ئەبنەوە کاتێک ڤایرۆسەکە ماوەی خۆی تەواو ئەکات ئەوا کەستان بڕوامان پێ ناکەن و ئەیبەنە لای دکتۆرێکی تر، نەخۆشی وام دیوە لە ھەفتەکە سێ جار عیلاجی وەرگرتووە لای یاریدەدەری پزیشكی، زۆرجاریش ئێمە وەك دکتۆر گە كەسەكە دێتە لامان یەک لایلۆنی گەورە علاجی پێیە و ناچار ھەر لەعلاجەکانی خۆی یەک دوو دانەی بۆ ھەڵئەبژێرین چونکە ھەموو شتێکی ھەیە مەجالی ئەوە نەماوە من شتی تری بۆ بنووسم.

بۆ چارەسەر منداڵ پێویستی بەمانەی خوارەوە ھەیە:

  1. پشوودانی تەواو: مەینێرە بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە، مەھێڵە خۆی ماندوو بکات و ڕاکە ڕاکەی زۆر بکات، ھەوڵ دە کاتێکی زۆر بخەوێت (ئەم پشوودانە لەھەموو چارەسەرکان باشترە تەنانەت بۆ گەورەکانیش کاتێک ئەم پەتایە ئەگرن).
  2. شلەمەنییەکی زۆر بخوات و بۆ ئەوەی توشی ووشكبوونەوە نەبێت چونکە (وشکبوون)کۆکە زۆرتر ئەکات. منداڵ ئارەزووی نامێنێت بۆیە بۆ خواردن زۆریان لێ مەکەن تەنھا شلەمەنی ئەگەر بتوانێت بەسە.
  3. پاراسیتۆڵ وەربگرێت ئەگەر تای ھەبوو یان منداڵەكە ئەگریاو ناڕەحەت بوو.
  4. ئامێری “تەبخیر” ئەتوانی بیکڕی و لەماڵەوە بەکاری بێنی زۆر بەسوودەو زیانی لاوەکی نییە.
  5. بۆ پەسیو باشترین چارەسەر قەترەی ئاو و خوێ لەگەڵ پەمپی لووت باشترین چارەسەرە ئەتوانی ڕۆژانە چەند جارێک دووبارەی کەیتەوە.
  6. دەرمانی دژەبەکتریا و ئەنتی‌بایوتیک بەبێ پرسی دکتۆر بەکار مەھێنە.
  7. بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکە ئەگەر منداڵەكەت یەک لەم نیشانانەی خوارەوەی ھەبوو:
  • تایەکی بەرز لە سەرووی ٣٨،٥ بوو؛
  • تەمەنی کەمتر بوو لە شەش مانگ؛
  • منداڵەكەت تەنگەنەفەس بوو یان ڕشانەوەی ھەبوو.
ھەواڵی زیاتر