بۆچی منداڵ لە قوتابخانە ئاستی دادەبەزێت؟

ئەژین عەبدوڵڵا

گرنگە هۆکارەکانی بزانی

دابەزینی ئاستی ئەکادیمی و توانای زانستیی منداڵەکەت لە قوتابخانە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە و پێویستە دایک و باوک و مامۆستا هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بەدواداچونی بۆ بکەن، چونکە لەوانەیە هۆکاری زۆر گرنگ و هەندێ جار مەترسیداری هەبێت لەوانەش:

یەکەم.
بوونی کێشەی تەندروستی: ئەگەری هەیە منداڵ دووچاری دابەزین و کەوتن لە وانەکانی بکاتەوە، بۆ نمونە کەمخوێنی و کێشەکانی خەوتن و کەمخۆری بەتایبەتی نەخواردنی نانی بەیانیان بەبەردەوامی و نەخۆشیەکانی ڕژێنی دەرەقی،هەروەها بونی کێشەی بینین و کێشەی بیستن.
دووەم..
لەوانەیە منداڵەکەت کێشەیەکی دەروونی هەبێت وەکو بوونی فشاری زۆر لەسەر منداڵ یان نەخۆشینی دەروونی وەکو خەمۆکی و قەلەقی زۆر و هتد.
سێیەم.
کێشەی خێزانی: کێشەی کۆمەڵایەتی وەکو ناکۆکی نێوان دایک و باوک یان جیابوونەوەیان لەیەکتر و مردنی کەسانی ئازیز و هەژاری و هتد.
چوارەم..
کێشەکانی قوتابخانە: بوونی کێشە و ناخۆشی لەگەڵ کەسانی تر وەکو قوتابی یان شوفێرەکەی یان هەر کەسێک کە هەراسان بکرێت یان دەستدرێژی بکرێتە سەر، هەندێجاریش نەگونجان لەگەڵ مامۆستاکەی لەوانەیە هۆکار بێت.
پێنجەم..
بەلاڕێداچوون و هاوڕێی خراپ و ئالوودەبوون بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا.
چارەسەر: باشترین ڕێگاچارە ئەوەیە زوو هەستی پێ بکرێت و هەردەم لە منداڵەکەت نزیک بیت و کێشەکانی لەگەڵ باس بکرێت و هەروەها باسکردن و تاوتوێکردنی هەر گرفتێک لەگەڵ مامۆستاکانی و لەکاتی نەگەیشتنەئەنجام سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە حاڵەتەکەی و چارەسەری پێویست.

ھەواڵی زیاتر