بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم: گرفتەکانی نەخۆشخانەی ژیان لە دەڤەری ڕاپەرین چارەسەردەکرێت

د.دیار ابراهیم: دەستكرا بە پڕۆژەی بەمەرکەزیکردنی سیستەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ژیان

پاش ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە بڕی 400 ملیۆن دیناری بۆ تەندروستی ڕاپەرین تەرخان کرد، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین دەستیكرد بە دانانی سیستەمی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی ژیان.

پێنج شەممەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لەبەر زیادبوونی ژمارەی نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای خەرجی و تەرخانکراوی مانگانە، ڕەزامەندی لەسەر خەرجکرنی بڕی 400 ملیۆن دیناری دا وەک خەرجی بەپەلە بۆ کەرتی تەندروستی دەڤەری ڕاپەرین بە مەبەستی دانان و فراوانکردنی سیستەم و تۆڕی ئۆکسجین و گازی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی ژیان، هەروەها دابینکرنی پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشانی کۆڕۆنا لەسنوری دەڤەری ڕاپەرین.
هاوكات د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پەسەندكردنی داواکارییەکەیان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئۆکسجینی مەرکەزی و خەزانێکی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی ژیان لە ڕانیە، هەروەها ئاماژەشی بەوەش کرد کە لە ئێستادا بڕی ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆمان دابینکراوە و دەستكراوە بە دروستکردنی سیستمی ئۆکسجینی مەرکەزی و خەزانی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی ژیان.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە شەپۆلێكی تووندی كۆرۆنا ڕووی لە دەڤەری ڕاپەڕینكردوە و بەهۆی ئەوەی كە لە نەخۆشخانەی ژیان تایبەت بە نەخۆشانی كۆرۆنا سیستەمی مەركەزی ئۆسكجین نەبوو، گرفتی كەمی ئۆكسجین لەدەڤەرەكە دروستبوو.
د.دیار ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشدا خەرجییەكان بەگوێرەی پێویستی تەندروستی دەڤەرەكەیە و لەو 400 ملێۆن دینارە بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ مەبەستی دانانی سیستەم و تۆڕی ئۆکسجین و گازی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەی ژیان خەرج دەکرێت و بڕی 150 ملیۆن دیناریش بە مەبەستی دابینکرنی پێداویستی پزیشکی بۆ دەڤەرەکە خەرج دەکرێت.