شكنینی پێشوەختە بەكار دەهێندرێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی شێرپەنجە پێش ئەوەی نەخۆش هیچ نیشانەیەكی تووشبوونی پێوە دیار بێت، د. هاژە عەبدوڵا محێدين پسپۆڕی نەخۆشييەكانی شێرپەنجە لێرەدا چەند ئامۆژگارييەكی گرنگ بۆ خانمان دەخاتە ڕوو.
ئامانج لە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك چییە؟
دەكرێت لە چەند خاڵێكدا بیانخەینە ڕوو:
• كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە نەخۆشییەكە تێیاندا گەشەی كردووە.
- كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی نەخۆشییەكەوە كۆچی دوایی دەكەن.
- دیاركردنی ئەو كەسانەی كە مەترسی تووشبوونیان زۆرە، بە جۆرێكی دیاریكراو لەشێرپەنجە و پێویستیان بە پشكنینی پێشوەختەی زیاتر هەیە بە هۆی بوونی بازدانێكی بۆماوەیی یاخوود بەهۆی نەخۆشی ترەوەبێت.
ڕێكارەكانی پشكنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی مەمك چین؟
• مامۆگرافی باشترین ئامێرە كە لە ئێستەدا بەردەستە لەلای پزیشكان، كە لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتانی تەندروستدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم پشكنینە ڕێژەی مردن بە هۆی شێرپەنجەی مەمک كەمی كردووە و حاڵەتی سەرەتاییش دەستنیشان دەكات، لە هەمانكاتدا بەداخەوە وەك هەر پشكنینێكی تر ئەم ئامێرە مەترسی خۆی هەیە و لەوانەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ لە لای ئەوكەسانەی كە بە هەڵە نیشانەی گومانی تێدا دەردەكەوێت، كە ئەمەش پێی دەوترێت ئەنجامی ئەرێنی هەڵە هەروەها بە پێچەوانەوە لەسەدا 10 – 15 پشكنینەكانی مامۆگرافی نەخۆشی نیشان نادەن لەگەڵ ئەوەی شێرپەنجەكەبوونی هەیە، ئەمەش پێی دەوترێت ئەنجامی نەرێنی هەڵە.
• سۆنەر و وێنەی لەرەی موگناتیسی: بە شێوەیەكی گشتی وەک پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بەكارنایەت تەنها بۆ ئەو خانمانە بەسوودە كە مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجە مەمک زۆرە، شانەی مەمكیان چڕە. هەربۆیە بەكارهێنانی سۆنەر وەک پشكنینی پێشوەختە لەنێو زانایاندا مشتومڕی لەسەرە، چونكە ئەنجامی پشكنینی ئەرێنی هەڵەی زیاترە، ئەمەش بەو مانايە دێت كە ئەم پشكنینە لە هەندێك كاتدا بە هەڵە گرێی پاک وەک شێرپەنجە نیشان دەدات.
كەی پشكنینی پێشوەختە بكرێت بە تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لە كۆمەڵەی مەترسی توشبووندان؟
ڕێنمایی تایبەتمان هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك لە ڕێژەی ئاساییدایە و هیچ پێشینەیەكی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك نییە، بەڵام لە نێو خێزانەكانیاندا مێژووی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك هەیە، یاخوود خانمەكە هەڵگری جینێكی بازدراو نییە كە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەكات وەک جینی BRCA یان چارەسەری تیشكی بۆ سنگی پێش تەمەنی ٣٠ساڵی بۆ نەكراوە:
1- ئەو خانمانمانەی لە نێوان تەمەنی 40-44 ساڵاندان، دەست بكەن بە سكرین پشكنینی پێشوەختە یان مامۆگرافی هەمووساڵێک.
2- ئەوخانمانەی تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 54 ساڵیدایە پێویستە پشكنینی مامۆگرافی بكەن هەمووساڵێك.
3-خانمان لە سەرووی تەمەنی 55 ساڵانەوە مەرجە دوو ساڵ جارێك یان ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی بكەن، ئەم پشكنینە پێویستە بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی كە خانمەكە تەندروستیی جێگیر دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە 10 ساڵی تر بژیێت، هەموو خانمێک ئاشكرایە كە دوای ئەنجامدانی مامۆگرافی پشكنینەكە دەكرێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت.
پشكنینی كلینكی مەمک و پشكنینی پێشوەختە بۆ كێ پەسەندكراو نییە؟
ئەو خانمانەی لە تێگرای مەترسی تووشبووندان، پشكنینی پێوەختە كاتێك مەترسی توشبوون بە شێرچەنجەی مەمك بەرزە، بە پشت بەستن بە چەندین هۆكار، هەر بۆیە لە تەمەنی 30 ساڵانەوە دەبێت ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی و وێنەی لەرە لەری موگناتیسی مەمك MRI ئەنجامبدەن، ئەمەش ئەو خانمانە دەگرێتەوە:
*ڕێژەی توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك لە نێوان 20بۆ 25 لەسەدە، لە لایەن پزیشكەوە كە بە پشتبەستن بە مێژووی خێزانی دیاری دەكرێت، بۆ نمونە ئەو كەسانەی هەڵگری بازدانە لە جینەكانیان BRCA كەسی ثلەیەكی وەك (دایك، باوك، خوشك، برا یان منداڵی).
*هەركەسێك چارەسەر بە تیشكی وەرگرتبێت بۆ سنكی كە تەمەنی لە نێوان 10 بۆ 30 ساڵاندا بێت.
*هەركەسێك كۆنیانەی نەخۆشی لیفراومێن، كاودینی هەبێت یان كەسی پلەیەكی یەكێك لەم كۆنیشانەی نەخۆشییەیان هەبێت.